کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلەقاژەی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران

01:02 - 29 بانەمەڕ 2719

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە سەرچاوەی ئاژاوە و پشتیوانی ئەسڵی تێرۆریزمی نێودەوڵەتییە، بەهۆی دەوری دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکاوە کەوتۆتە پەلەقاژە و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە دەیانهەوێ ئەمجارەش بە چەواشەکردنی بیروڕای گشتیی جیهانیی، خۆیان نەجات بدەن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکاری بڕیاری هەناردەکردنی سۆڕشی ئیسلامیی دا و لەو کاتەوە بۆتە هۆی ژانەسەر بۆ خەڵکی ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان. پشتیوانیی کردن لە تێڕۆریزم و تێرۆریستپەروەری ئامانجی ئەسڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەو ڕێگەیەدا تێچوویەکی زۆری داوە. بەدوای هاتنەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و دەسپێکردنەوەی دەوری دووهەمی گەمارۆکان، ئەمریکا سپای پاسدارانی خستە لیستی تێرۆرەوە. کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتادا بە دروشمی ئینقلابی و هەڕەشە لە ئەمریکا ویستان خۆیان بەهێز پێشان بدەن و وابنوێنن کە ئەو بڕیارانەی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە نابێ، بەڵام دوای ئەوەی کە بڕیارەکانی ئەمریکا کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە و گوشارە ئابووری و سیاسییەکان زیادیان کرد، ئەو جار کاربەدەستانی ڕێژیم کەوتنە پەلەقاژە بۆ نەجاتی ڕێژیمە سەرەڕۆ دیکتاتۆرەکەیان. یەکەمین سەفەری دیپڵۆماسی و چەواشەکارانەی کاربەدەستانی ڕیژیم، سەفەری محەممەد جەوادی زەریف بوو بۆ بەر دەرگای کۆشکی سپی و لەوێ ئازادانە لەگەڵ مێدیای ئەو وڵاتە چاوپێکەوتنی کرد و ڕایگەیاند کە بە دەسەڵاتی تەواوەوە هاتۆتە ئەمریکا و ئامادەی وتووێژە، بەڵام هیچکام لە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەمریکا گوێیان بە داواکارییەکەی نەدا و دەستبەتاڵ گەڕایەوە. زەریف دوای ئەوەی کە بەدڵشکاوی لە ئەمریکا گەڕایەوە، سەردانی چەند وڵاتی دیکەی کرد و ئاخیرین دیداری وڵاتی چین بوو تا بتوانێ لە ناکۆکی نێوان چین و ئەمریکا کەلک وەرگرێ و ڕێژیمەکەی لەو قەیرانە ڕزگار بکا. هەر لە هەمان کاتدا کەماڵ خەڕازی سەردانی فەڕانسەی کرد. لە حەوتووی ڕابردوودا زەریف ڕایگەیاند کە هیچ وتووێژێک لەگەڵ ئەمریکا ناکەن، بەڵام سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند کە دەکرێ لە عێراق یا قەتەر لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکەین. تەقاندنەوەی کەشتییە نەوتکێشەکانی ئیمارات و هێرش بۆ سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی عەڕەبستان لە لایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بەشیکی دیکەی سیاسەتی ئەو ڕێژیمەن بۆ خۆدەرباز کردن لەو قەیرانەی کە تێیکەوتوون. ئەگەر لە سەرەتای بڕیار و گەمارۆکانی ئەمریکا، کاربەدەستانی ڕێژیم دروشمیان دەدا و بۆ فریودانی خەڵک دەیانگوت گەمارۆکان هیچ کاریگەرییەکیان نابێ و نەوتی ئێران بە کەس پێشی پێناگیرێ یا ئەگەر نەوتی ئێمە نەڕوا نەوتی خەڵکانی دیکەش ناڕوا، ئەوە ئەمڕۆ لە هەموو دەرگایەک دەدەن و لە هەموو ڕیگەیەک کەلک وەردەگرن تا بتوانن ڕێژیمەکەیان لەو زەلکاوە ڕزگار بکەن کە خۆیان پێکیان هێناوە.