کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران ٧٨ میلیۆن کەس یارانە وەردەگرن

01:10 - 29 بانەمەڕ 2719

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە کۆی ٨٥ میلیۆن کەس ٧٨ میلیۆن ئێرانی یارانە وەردەگرن. لە سەردەمی شەری ئێران و عێراقدا بەهۆی شەڕ و بێکاری و ماڵوێرانی، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی کۆپۆن هێندێک خواردەمەنی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرد، بەڵام دوای کۆتایی شەڕیش برسیەتی و بێکاری نەک هەر کۆتایی نەهات بەڵکوو زیاتر پەرەی سەند. لە سەردەمی دەوڵەتی مەحموودی ئەحمەدینژاددا کۆپۆن نێوەکەی گۆڕا بۆ یارانە و بڕیار بوو ئەو یارانەیە بۆ خەڵکی فەقیر و دەسکورت بێ، بەڵام نەک هەر خەڵکی نەدار بەڵکوو ٩١ لە سەدی خەڵک لە لیستی یارانە دان و ساڵانە ٤٢ هەزار میلیارد تمەن لە بوودجەی وڵات وەک یارانە بە خەڵک دەدرێ. یارانە ئەو پارە کەمەیە کە ناکاتە کەمتر لە یەک لەسەدی قووتی ژیانی خەڵک، بەڵام خەڵکی ئێران لەڕووی ناچاری و نەبوونیەوە مانگانە چاوەڕیی ئەو پارە کەمە دەکەن کە هیچ کەلێنێکی ژیانیان پڕ ناکاتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە وڵاتی ئێران دەوڵەمەند بە کانگەی ژێر زەوی و زۆر داهاتی دیکە و خەڵکی ئێران دەتوانن باشترین ژیانیان هەبێ، بەڵام بەهۆی سیاسەتی گەندەڵکارانە و هێژموونیخوازی ئەو ڕێژیمەوە خەڵکی ئێران نەک هەر ژیانێکی نۆرماڵ تێپەڕ ناکەن بەڵکوو خەڵکێکی زۆر لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.