کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی هەناردەکانی ئێران بۆ بازاڕەکانی ئورووپا

21:17 - 29 بانەمەڕ 2719

کۆمیسیۆنی ئورووپا ڕاپۆرتێکی لە هەناردەکردنەکانی وڵاتانی جیهان بۆ بازاڕەکانی ئورووپایی لەم سێ مانگەدا بڵاو کردەوە. لەدرێژەی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی و بەستنەوەی ڕێگای فرۆشی نەوت و بەرهەمە پۆڵایی و ئاسنییەکانی ئێران و زۆربوونەوەی گوشارەکان، هەناردەکردنی بەرهەمەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا و فرۆشی بەرهەمەکانی کۆماری ئیسلامی لەم چەندمانگەی ڕابردوودا زۆر کەم بووەتەوە و بووەتە هۆکاری هەڵایسان و درووستبوونی زۆربەی قەیرانەکان لە کۆماری ئیسلامیدا. بەپێی ئەو ئامار و ڕاپۆرتانەی کە لە کۆمیسیۆنی ئورووپا و یەکیەتیی‌ئورووپاوە بڵاوبۆتەەو، بەشی کۆماری ئیسلامی لە بازرگانی کردن لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی لە ئاستێکی بەرچاودا کەم بۆتەوە. شایانی باسە کە ئەم ڕاپۆرتە باس لە یەک لەسەر هەزاریی بەشی ئێران لەم هەناردەکردنانەدا دەکا و نیشان دەدات کە گەمارۆکان چەندەیان کاریگەری لەسەر ئابووری کۆماری ئیسلامی داناوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە لە لاپەڕەی فەرمیی ناوەندی ئاماریی یەکیەتیی ئورووپادا بڵاو بۆتەوە، هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ٢٨ وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا لە سێ مانگەی ڕابردوودا لە ١ میلیارد و ٧٣٠ ملیۆن یۆرۆ بە ئاستی تەنیا ٢١٧ ملیۆن یۆرۆ گەیشتووە و هاوردەکردنەکانی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتانە لە ٢ میلیارد و ٣٧٦ میلیۆن یۆرۆوە بە ٤٢ میلیۆن یۆرۆ گەیشتووە. ساڵی ڕابردوو ئاماری هەناردەکردنەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ یەکیەتیی ئورووپا پلەی نیو لەسەر سەدی بووە بەڵام بەم بارودۆخەوە پلەی هەناردەکردنەکانی کۆماری ئیسلامی بە دابەزینێکی زۆرەوە بە (یەک هەزارەم)ی پلەی هەناردە گەیشتووە. جێگای ئاماژەیە کە یەکیەتیی‌ئورووپا لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١ تریلیۆن یۆرۆ مامەڵەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەبووە بەڵام بازرگانی لەگەڵ ئێران زۆر کەم بووە. زیاترین بەرهەمە هەناردەییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی ئورووپایی نەوت و بەرهەمە پۆڵاییەکان بووە کە زیاتر بۆ وڵاتانی فەڕانسە، ئیتالیا، یونان و لەهێستان بووە کەبەهۆی زیاترکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران و نەکڕینی وڵاتانی ئورووپایی لە کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی دابەزینی پلەی هەناردەکردنەکان. شایانی باسە کە بەپێچەوانەوە ئاماری هەناردە و بازرگانییەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە گەڵ ئەمریکا زۆر زیاتر بووە و ڕادەی ئەم هەناردەکردنانە لە ٣ پلە لەسەر سەد بەرز بۆتەوە و لە ٤٨٤ میلیارد یۆرۆ زیاتر بووە. ئامارەکان نیشاندەری زۆربوونەوە و گەورەتر بوونەوەی کەلێنەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و یەکیەتیی ئورووپان.