کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسی تێرۆری هاونیشتمانییانی ئەمریکایی بە پیلانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

21:25 - 29 بانەمەڕ 2719

دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەترسی کوشتن و ڕفاندنی هاونیشتمانیانی ئەمریکایی زیادی کردووە. بەپێی یەکێک لە ڕاپۆرتەکان، "مایکل مەککول" یەکێک لە بە ناوبانگترین نوێنەرانی کۆماریخوازی ئەمریکایی و نوێنەری ئەیالەتی تێگزاس، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "یو ئێس توودەی" گوتی، واشینگتۆن زانیاری لە دەستدایە کە قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودسی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نامەیەکدا داوای لە حیزبوڵڵای لوبنان کردووە کە سەرباز و هاونیشتمانیانی ئەمریکایی بڕفێنن یا تێرۆریان بکەن و لەو پێوەندییەدا کۆماری ئیسلامی خەریکی پیلانگێڕییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی خەریکی خۆ ئامادە کردن و ڕەوانە کردنی هێزی سەربازییە. "مایکل مەککول" لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەیدا ڕایگەیاند، کۆشکی سپی زانیاری لە دەستدایە کە قاسم سلێمانی لەگەڵ هێز و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە عێراق و لوبنان دیداریکردووە و خەریکی پیلانگێڕانن و ئامریکاش ئامادەی شەڕە لە گەڵ میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە. هەر لەو پێوەندییەدا دەوڵەتی فەڕانسە هۆشداریی دایە حیزبوڵڵای لوبنان کە خۆی لە شەڕی نیوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵنەقورتێنێ.