کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکیی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ، کاردانەوەکان لەو بارەوە

16:16 - 30 بانەمەڕ 2719

شەوی ڕابردوو هێرشێکی مووشەکیی کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا و ئەو هێرشە کاردانەوەی کاربەدەستانی ئەمریکایی بە دوای خۆیدا هێنا. شەوی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، هێرشێکی مووشەکیی کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و مووشەکەکە زیاتر لە یەک کیلۆمیتر لە دووری باڵوێزخانە کەوتۆتە سەر زەوی و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوە. لە یەکەمین کاردانەوەدا دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە تویتێکدا نووسی: "هیچ کات هەڕەشە لە ئەمریکا مەکە" کە دیارە مەبەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لەوبارەوە ئاماژەی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بەرپرسی هەر هێرشێکە بۆ سەر هێزەکانمان لە ڕێگەی هێزە دەسکردەکانییەوە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتوە، لەگەڵ ئەوەی کە هیچ زیانێک بەر ئەمریکییەکان نەکەوتوە، بەڵام ئەو کردەوەیە بە جیددی وەردەگرن و هەر هێرشێک لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران بکرێتە سەر هێز و ناوەندەکانی ئەمریکا ئەوان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا لێبڕاوانە دژکردەوە لەخۆیان نیشان دەدەن. شایانی باسە کە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا بەپێی زانیارییەک کە وەدەست ئەمریکاییەکان کەوتبوو، ئیحتیمالی هێرشی هێزەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر ئەمریکاییەکان لێدرابوو هەر بۆیە کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی و هەموو کارمەندەکانی خۆیان لە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمریکایی لە عێراق کشاندەوە. هەر لەو پێوەندییەدا دەوڵەتەکانی بەحرەین ، بریتانیا و هولەند بەهۆی هەڕەشەی تێرۆریستییەوە هاونیشتمانانی خۆیان لە عێراق کشاندەوە. سپای پاسدارانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ئەوەی کە کەوتە لیستی تێرۆری ئەمریکاوە و دواتر هەناردەکردنی نەوتی ئێران ڕاگیرا، هەڕەشەی لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد و ئەمریکا لە وەڵامدا ڕایگەیاند کە هەر هێرشیک لە هەر شوێنێک کە لە لایەن میلیشیا و گرووپە تێرۆریستەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەمریکا بە توندی وەڵامی ئێران دەداتەوە.