کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوشتنی زیاتر لە ٧٠ کەس لە کوردستان لە دوو مانگی ڕابردوودا

22:29 - 30 بانەمەڕ 2719

لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم 70 کەس لە کوردستان خۆیان کوشتووە کە ناو و نیشانی پتر لە 48 کەس لەوان بەمیدیایی کراوە. لە نێو ئەو 48 کەسەدا کە زۆربەیان ژنن، کەمترینیان 15 ساڵ و بە تەمەنترینیان 53 ساڵ بووە. هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کێشەی خێزانی و نەحاوانەوە لە بنەماڵە هۆکاری سەرەکیی خۆکوژییەکانن لە کوردستاندا، بەڵام لەو ماوەیەدا هۆکاری ئابووریم واتە هەژاری و بێئەنوایی و داماوی لە دابینکردنی بژیوی خێزانیش هۆکارێکی دی بۆ خۆکوشتنەکان، بەتایبەت لە نێو پیاواندا بووە. خۆکوشتنی زیاتر لە 70 کەس لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی رابردووشدا لانیکەم 170 کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان دابوو‌، هەوڵەکانیان سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه. لەو 170 کەسە 62 کەسیان پیاو و 108 کەسیان ژن بوون و که‌م ته‌مه‌نترینیان کوڕێکی 12 ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان پیاوێکی ته‌مه‌ن 63 ساڵ بووه‌. هەروەها ئاماری پەنابردن بۆ خۆکوژی لەو ماوە زەمەنییەدا زیاتر لە دوو هیندەی قوربانییانی ئەو دیاردەیە بووە کە یان خۆکوژییەکانیان سەرکوتوو نەبوون یان کەسوکاریان بەوەخت توانیویانە بە هانایانەوە بچن و لە مردن ڕزگاریان بکەن.