کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران بێجگە لە شەڕ، نیگەرانی دۆخی خراپی ئابووریین

22:34 - 30 بانەمەڕ 2719

گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئابووریی ئێرانی گەیاندۆتە جێگەیەک کە بەشی زۆری حەشیمەتی ٨٠ میلیۆنی ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەیان لە دەرمان و خۆراکەوە بگرە تا پیداویستییەکانی دیکەی ژیان، تووشی گرفتی گەورە بوون و ئەرزشی پارەی ئێرانی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا گەیشتۆتە نزمترین ئاستی خۆی. ڕۆژنامەی ئاسۆشیتێدپرێس ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: خەڵکی ئێران ئەوەندەی کە نیگەرانی دۆخی خراپی ئابووریی ئێرانن، ئەوەندە نیگەرانی هەڵایسانی شەڕی نیوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا نین". ئەو ڕۆژنامەیە بیروڕای کۆمەڵێک لە خەڵکی تارانی پێتەختی ئێرانی لەو بارەوە وەرگرتوە و لەگەڵ چین و توێژی جۆراوجۆر قسەی کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا خەڵک باس لە دۆخی خراپی ئابووری، برسیەتی، بێکاری و نەبوونی دەکەن. باس لە ڕیژەی بێکاری دەکرێ کە گەیشتۆتە لە سەدا دوازدە و گەنجانی بێکار و بێ هیوا لە ژیان و داهاتوو. زۆربەی لاوانی ئێران هاتوونە سەر ئەو باوەڕە کە وڵاتی ئێران بەجێ بێڵن و ڕێگەی هەندەران بگرنەبەر هەتا بتوانن ژیانێکی ئارام و داهاتوویەکی گەش بۆخۆیان دابین بکەن و بێجگە لەوە هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ ژیان شک نابەن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ماوەی چل ساڵە وەک دۆڵپا سواری شان وملی خەڵک بووە و بێجگە لە شەڕ، برسیەتی و دەربەدەری هیچ ڕێگایەکی بۆ ژیانی خەڵک نەهێشتۆتەوە، ڕۆژبەڕۆژ خەڵکی ئێران زیاتر تووشی نەهامەتی دەکا. ئازادی و کار داواکاریی چل ساڵەی گەلانی ئێرانە و لەو ڕیگەیەدا باجی زۆریان داوە، بەڵام ئێستا بێجگە لە کار و ئازادیی، بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی ئاخوندەکانی تاران، برسیەتی و نەبوونی زیاتر بەرۆکی ژیانی خەڵک دەگرێ و بۆخۆدەرباز کردن لەو قەیران و نەهامەتییە بێجگە لە بەجێهێستنی زێدی باب و باپیرانیان هیچ ڕیگەیەک بۆ بەردەوامی ژیان شک نابەن کە ئەوەش ئەوپەڕی نائومێدییە لە ژیان لە ژێر سێبەری ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیدا کە بێجگە لە شەر و ماڵوێرانی و سەرکوت و دەربەدەری هیچی بۆ گەلانی ئێران بە دیاری نەهێناوە.