کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێک لە عەڕەبستان کۆبوونەوە

22:36 - 30 بانەمەڕ 2719

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ١٣٩٨ی هەتاوی، ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپێک و ڕووسیە لە ڕیازی پێتەختی عەڕەبستانی سەعوودی کۆبوونەوە. ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپێک باسیان لە جێگرەوەی نەوتی ئێران، لیبی و ڤەنزۆئێلا کرد و دوو بژاردەیان بۆ پڕکردنەوەی کەمیی نەوتی ئەو سێ وڵاتە دیاریکرد و قەرارە لە داهاتوودا قسەی لەسەر بکەن. پێش چوونەدەری یەکلایەنەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژانە ٣ میلیۆن و نۆسەد هەزار بەرمیل نەوتی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهانیی نەوت دەکرد، بەڵام دوای هاتنەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە ئەو ڕێژەیە بوو ٢ میلیۆن و حەوسەد هەزار بەرمیل و دوای دەوری دووهەمی گەمارۆکان و تازە نەکردنەوەی مۆڵەتی هەشت وڵاتی کڕیاری نەوتی ئێران، ڕیژەی فرۆشی نەوتی کۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا واتە بۆ یەک لە سەر پێنج دابەزیوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش کۆتایی وادەی هەناردەکردنی نەوتەکەی و گەمارۆ توندەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرمزی دەکرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر نەوتی ئێران نەڕوا، ئیزن نادەن نەوتی وڵاتانی دیکەش بڕوا، بەڵام دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر نەیتوانی گەرووی هۆرمز ببەستێ، بەڵکوو دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیش بێجگە لە هەڕەشەیەکی ناسیاسیانە هیچی لێ شین نەبۆوە و هەناردەکردنی نەوتەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی. لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆ نەوتییەکاندا، کەماڵ خەڕازی وەزیری پێشووتری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی نێونەتەوەیی فەڕانسە ڕایگەیاند کە هەر لە ئێستاوە گەمارۆکان کاریگەریی زۆریان لەسەر ئابووریی ئێران داناوە و لە داهاتوودا دژوارتریش دەبن.