کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی دوو کۆڵبەری دیکەی کورد لە ناوچەی پیرانشار

22:42 - 30 بانەمەڕ 2719

بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دوو کۆڵبەری کورد لە شاری پیرانشار بریندار بوون. بەپێی هەواڵەکان کە بڵاو بوونەتەوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی بانەمەڕ دوو کۆڵبەری کوردی دانیشتوی شاری پیرانشار بەهۆی دەسڕێژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بریندار بوون. "ناسر موحسێنی پوور" و موحسێن موحسێنی پور" کە باوک و کوڕن، لەدرێژەی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی "سێڵوێ"ی پیرانشاردا تەقەیان لێ کراوە و بریندار بوونە کە دواتر بۆ نەخۆشخانەی شاری چۆمان لە هەرێمی کوردستان نێردراون و بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری هەولێر ڕەوانە کراون. بەپێی هەواڵەکان، دوو گولل‌ە ی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی وەبەر لاقی ناسر موحسێنی پوور کەوتووە و کوڕەکەشی گولەیەک لە لاقی دراوە. دۆخی جەستەیی ئەم دوو کۆڵبەرە باش نییە و لە نەخۆشخانەی ئێمێرجێنسی هەولێردا لەژێر چاوەدێری پزیشکی دان. هەروەها بەهۆی تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بەناوی "محەممەد ڕەسووڵ عەزیزی " لە ڕۆژی شەممە ٢٨ی بانەمەڕ گیانی لەدەستدا.