کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران پەرە بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەدا

21:09 - 31 بانەمەڕ 2719

ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی بەرجام، پەرەپێدانی یۆرانیۆمی دەستپێکردەوە. لە تازەترین هەواڵدا مێدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ چوار بەرابەر زیاد کرد. بۆ پێشگرتن لە دەستوێراگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی، وڵاتە زلهێزەکان ڕیککەوتنی بەرجامیان لەگەڵ ئێران ئیمزا کرد، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک و ئاژاوە نانەوە لە وڵاتانی ناوچەکەدا، بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە بێتەدەر. دوای ئەوەی کە ئورووپاییەکان پابەندی خۆیان بە ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاند، لە هەوڵی ئەوە دابوون کە ڕێکارێک پەسەند بکەن تا بتوانن کاری بانکی و بازرگانی لەگەڵ ئێران درێژە بدەن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتوە کە ئەوەش بێجگە لە گەمارۆکانی ئەمریکا، پەیماننامەی "پالێرمۆ" ، پشتیوانی ئێران لە حیزبوڵلا و تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک لەو هۆکارانەن کە ئورووپاییەکان باوەڕیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە و نایانهەوی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا فیدای مامەڵەیەکی کەمی بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمێکی سەرەڕۆ و ئاژاوەگێری وەک کۆماری ئیسلامی بکەن. ماوەیەک بەر لە ئێستا حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران ماوەی ٦٠ ڕۆژی بۆ ئورووپاییەکان دیاریکرد تا بەڵینەکانی خۆیان جێبەجی بکەن و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی بەڵینەکانیان، ئەوە کۆماری ئیسلامی لە بەشێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە دەچێتە دەرەوە. لەمڕۆژانەدا بڕیاریان دا کە پیتاندنی یۆرانیۆم دەست پێبکەنەوە ئەوەش لە حاڵیکدایە کە ئورووپاییەکان هۆشدارییان دایە کۆماری ئیسلامی کە پێشێلکردنی هەر خاڵێکی ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێککەونەکە هەڵبوەشێتەوە و قەیرانێکی دیکە بە قەیرانە کەڵەکەبوەکانی ئێرانەوە زیادبێ و لە ژێر دەسەڵاتی شوومی ئەو ڕێژیمەدا خەڵکی ئێران تووشی برسیەتی و نەهامەتی زیاتر بن.