کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی ڕاپرسییەک، لە سەتا ٥١ی خەڵکی ئەمریکا، دەڵێن شەڕی ئێران و ئەمریکا بەڕێوەیە

16:37 - 1 جۆزەردان 2719

بەپێی ڕاپرسییەک کە دوو ناوەندی "ڕۆیتێرز و ئیپسووس" لە ئەمریکا ئەنجامیانداوە، لە سەدا ٥١ی خەڵکی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەن کە شەڕی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بەڕێوەیە. بەهۆی ئەم دۆخە ئاڵۆزەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەتی لە ناوچەی کەنداو لە ئارادایە، لە لایەن ناوەندی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز و دامەزراوەی ئیپسووس ڕاپرسییەک لەسەر ئەم مژارە لە نێو خەڵکی ئەمریکا ئەنجامدراوە کە لەو ڕاپرسسیەدا لە سەدا ٥١ ی بەشدارانی راپرسییەکە پێیانوایە کە لە نیوان دوو دەوڵەتی ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا شەڕ ڕوو دەدا. هەر لە هەمانکاتدا لە ڕاپرسییەکی دیکەی ئەو دوو ناوەندەدا لە سەدا ٥٣ی خەڵکی ئەمریکا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەترسییەکی جیدی و خێرا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەزانن کە ئەوە بە بەراورد لەگەڵ چەند مانگی ڕابردوودا لە سەدا ٦ زیادیکردووە. لە مانگی ژۆئێن دا لەسەدا ٤٧ی ئەمریکاییەکان کۆماری ئیسلامییان بە مەترسی بۆ سەر ئەمریکا دەزانی، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە لە سەدا ٦ زیادیکردووە. لە ئەنجامی ڕاپرسیەکەدا هاتوە، لە سەدا ٧٩ی بەشداران پێیانوایە کە لە کاتی هەر هێرشێکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەمریکاییەکان، ئەمریکا دەبێ دژکردەوەی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام بدا. هەر لە پێوەندی لەگەڵ ڕوودانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکادا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نامەیەکدا کە بۆ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانی ناردووە، باسی لەوە کردووە کە ئێستا ئیحتیمالی ڕوودانی شەڕ لە هەموو کاتێک زیاترە. دوولایەنی ناکۆک واتە ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی نایانهەوێ بەرپرسایەتی ڕوودانی شەر وەئەستۆی خۆیان بگرن. ئەمریکا بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی سەرۆک کۆماریی نایهەوێ بیروڕای گشتیی ئەمریکا بوورووژێنێ و زۆرتر باس لە دژکردەوە لە بەرابەر هێرشی کۆماری ئیسلامیدا دەکا، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خۆی سەرچاوەی پێکهێنانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە و دەزانی کە توانای بەرەنگاربوونەوی لەشکری پۆشتە و پەرداخ و تێکنۆلۆژی شەڕی ئەمریکای نییە، دەستەو داوێنی وڵاتان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بووە و دەیهەوێ خۆی بێتاوان پێشان بدا و لەو قەیرانە مەترسیدارە ڕزگاری بێ. لە لایەکی دیکەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێجگە لە برسیەتی و بێکاری و نەبوونی لە وڵاتدا، مەترسی سەرهەڵدان و خۆپێشاندانی خەڵکی هەیە و دەزانێ بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە خەڵک ترسیان لە دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کەمتر دەبێتەوە، هەر بۆیە بۆ بێدەنگ کردنی خەڵک لە مێدیکانیاندا هەمیشە باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا نیازی شەڕی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نییە و ئەو گوشارە زۆرتر ئابوورییە و بۆ تەسلیم بوونی ئێرانە بە ویست و داخوازەکانی ئەمریکا. ئەو قسانەی کاربەدەستانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە شەر لە بەر دەگای ماڵیانە و هەر جۆرە هەڵەیەکی ئەو ڕێژیمە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا و پێش هەموو کەس ئەم ئاگرە دەبێتە دۆزەخی ئاخوندەکان کە ماوەی چل ساڵە بوونەتە بەڵای سەری گەلانی ئێران.