کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرشۆڕییەکەی ڕێژیم لە شەڕی «سەوجە»دا

17:24 - 1 جۆزەردان 2719

نەتەوەی کورد لە ڕەوتی گەشەکردنی کۆمەڵایەتیی خۆیدا و بە گوێرەی هەلومەرج، هەمیشە هەوڵی بۆ دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی داوە و فیداکاری و لەخۆبوردوویی و گیانبازی و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی ئەو نەتەوەیە باشترین بەڵگەن بۆ ئەو قسەیە. مێژووی خوێناویی ئەو گەل و نیشتمانە ئەوەمان پێ دەڵێ کە تا نەتەوەی کورد هەیە دەنگ و هاواری بۆ خەبات و گەیشتن بە مافەکانی کپ ناکرێ. چونکی نەتەوەیەکی خۆڕاگڕە و، ئامادەشە نرخی ئازادیی خۆی بدا. لەو بارەوە بست بە بستی ئەم کوردستانە، لە پێدەشت، لەو شاخ و كێوانە، لەو شیو و ودۆڵانە، لە شار و دێ، لە مووچە و مەزرا، لە هەموو جێیەکی، جێگە پەنجە و دڵۆپی خوێنی ڕۆڵەکانی پێوە دیارە و بەرگرییان لە بوون و شەڕەف و کەڕامەتی گەلەکەیان کردوە. بۆ یاد و بیرەوری و ڕێزگرتن لە فیداکاریی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە ئەمجارەیان لە «هەگبەی شاخ وشۆڕش» سەرێک لە ناوچەی پیرانشار و شنۆ هەڵدێنین. مێژووی پڕلە سەروەریی داستانەکانی هێزی قەندیل و کێلەشین لێوانلێوە لە حەماسە و قارەمانەتی و فیداکاری، کە نەک لەو چەند دێڕەدا بەڵکوو دەکرێ دەیان کتێبی لەسەر بنووسرێ. وە ئەگەر باس لە هەر خۆڕاگرییەکی ئەو دوو هێزە بکرێتەوە هەرکام پەرتووکێکی سەدان لاپەڕەیی لەخۆی دەگرێ. لەو ساڵانەی هێرشی جینایەتکارانەی دژە کوردیی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتن و قەڵاچۆکردنی شار و گوندەکانی کوردستان لەوپەڕی خۆیدا بوو هێزی کۆنەپەرستی، لرفەی ڕق و قینیان بە خوێنی کورد دادەمرکا، هێزی قارەمانی قەندیل و شنۆ لە ڕاسان دژی ئەو زوڵم و زۆرییە بێبەری نەبوون؛ وەک هەموو هێزەکانی دیکەی حیزبی دێموکرات وەستانەوە و تەنانەت بەشی شێریان پێ بڕا. بیرەوەریی حەماسەکانی ئەو ناوچەیە وەک شەڕەکانی نێو شاری شنۆ و پیرانشار، گەڵی قاسملوو، نەغەدە، پیر ناسر، نەڵۆس، چەپەراوێ، پووشاوێ، شاوانێ، حەڵبێ، شێلم جاڕان، قەبەری حوسێن جادەی سەردەشت_پیرانشار، لاجان و بەری مێرگان و دەیان و سەدان عەمەلیاتی دیکەی ئەو دوو هێزە قارەمانە بووە کە ئێستاش ڕۆڵەکانی ئەو دەڤەرە بۆ نەوەی نوێی وەک دەرسێکی پڕلە سەروەریی نەتەوەکەیان بۆ لاوانی تازە پێگەیشتووی دەگێڕنەوە. گێڕانەوەی داستانە پڕلە سەروەرییەکانی پێشمەرگە تەنیا لایەکی ئەو میژووەیە، چونکی ئەگەر وردتر بڕوانینە حەماسە و فیداکاریی ڕۆڵەکانی کورد، بەبێ بەشداریی خەڵکی خەباتکاری کوردستان مانایەک نادا، چونکی ئەوان لە زۆر بارەوە بەشی شێریان پێ بڕاوە؛ هەم کوڕەکانیان پێشکەش بە حیزبەکە و نەتەوەکەیان کردوە هەم لە بواری یارمەتی و حەشاردان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی پێشمەرگە دریغییان نەکردوە و بە سەر و ماڵەوە بەشدار بوون. بەخشینی ورە بە پێشمەرگە لەو سۆنگەوە بووە کە بەسەدان کەس و جاری وا بینراوە بە هەزار کەسیش هێرشیان بۆ قارەمانانی دێموکرات کردوە؛ بەڵام بەچۆکدا هاتوون. یەکێک لەو بەرخۆدان و بەربەرەکانییانە کە لاپەڕەکانی مێژووی ڕاوەستانی پێشمەرگە لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستانی پێ ڕازاوەتەوە، حەماسەی ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوییە کە وەک ئەستێرەیەکی ڕووناک بە ئاسمانی بەرخۆدانی کوردەوارییەوە دیارە. ئێوارێی ١٨ی خەرمانانی ساڵی١٣٧٢ی هەتاوی نیزیک بە ١٠٠ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کێلەشینەوە بەرەو قووڵایی ناوچەی شنۆی دڵسۆز و خۆڕاگر شۆڕ بوونەوە. ناوی شەو، شوێنی مانەوە، مەودای پێشمەرگە و وردەکارییەکانی دیکەی هێزێکی پارتیزان بەهەموو هاوڕێیان گوترا، مانگەشەوی ئەوشەوە نەک دڵی پێشمەرگە بەڵکوو دڵی ئاشقانیشی لە نێو سینگیاندا وەجووڵە دەخست. سریوە لە هیچ بوونەوەرێک نەدەهات، هەموو گیانلەبەرەکان لە خەودا بوون، تەنیا ئەوانەی گەورەترین سەرمایەی ژیانیان بۆ نەتەوەکەیان دەبەخشی لە حاڵی جووڵەدا بوون تا موژدەیەکی سەرکەوتن بە گەلەکەیان بدەن. پێشمەرگە پارتیزانەکانی دەڤەری شنۆ و پیرانشار بەرەو جەرگەی دوژمن دەخوشین. بریقەبریقی چرای مۆڵگەکانی سەر ڕێی پێشمەرگە ڕووناکایی دەخستە سەر زەوی و چەکی پێشمەرگە کە بە پێچەوانەی مۆڵگەکانی دوژمن بەشاندا کراوە، پاش چەند سەعات ڕێگا بڕین جار جار بۆ پشوودانێکی چەند دەقیقەیی ڕادەوەستان، سەعاتی ١ی نیوەشەو پێشمەرگە بە نێو باخەکانی پڕ لە مـیوەی جۆراوجۆری شنۆدا هەنگاوی دەنا، هەر پێشمەرگە و خەیاڵ هەڵی گرتبوو کە لە ڕۆژانی داهاتوو لە کوێ سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکەن. جارجاریش دەستیان بۆ دار میوەیەک درێژ دەکرد کە ئەگەر بەدەستیانەوە بێ گەرووی پێ تەڕ بکەن. سەعات ٤ی بەیانی خەڵکی گوندی «سەوجە»ی شنۆ باوەشی گەرمیان بۆ ڕۆڵەکانیان کردبۆەوە. هەر تیمەی لە ماڵێکیدا جێگیر ببوون. بەشێك ڕەخت و تفەنگیان لەبن سەری دانابوو و هێندێکیش لە کادرەکان بە دەنگ و باس و وتووێژی خەڵك و پێشمەرگە لەمەڕ ناوچە و هێزی داگیرکەر وەزعییەتی خەڵکەوە تا ڕووناکیی بەیانی درێژەی کێشا. پێشمەرگە خەریکی پشوودان بوو غافڵ لەوەی کە سیخوڕی ترسەنۆک هەواڵی هاتنی هێزی پێشمەرگەی بۆ گوند بۆ دوژمن بردوە. دوژمن بە هێزێکی زۆرەوە لە کاتژمێری ٩ی بەیانی ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧٢ هێرشی کردە سەر ڕۆڵەکانی گەل و شەڕێکی قورس لە نێو ئاوایی و باغەکانی دەورووبەری، دەستی پێکرد. هێزی هەمیشە ترسەنۆکی ڕێژیم ئەگەرچی چەندین بەرامبەری هێزی پێشمەرگە دەبوو، بەڵام هەموو جارێ لە پەلامارەکانیدا شکستی دەخوارد و، پاش هەر شکستێک بە ئاوری تۆپ و خۆمپارە و کاتیۆشا ناوچەکەی دادەگرت و تەڕ و ویشکی پێکەوە دەسووتاند. ڕۆڵەکانی دێموکرات بە ئیمان و بیروباوەڕی بەرزیان لە شەڕێکی ١٠ سەعاتەدا توانییان زەبرێکی کاریگەر لە دوژمن بوەشێنن. پاش شەڕێکی قارەمانانە کەلاکی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هێزی دوژمن لە شەڕگەدا کەوتبوو. خەباتگێڕانی دێموکرات ئەو ڕۆژە بە لێوەشاوەیی خۆیان توانییان زەبرێکی گاریگەر لە هێزی دوژمن بدەن و سەرشۆڕییەکی دیکە بە نسیبی هێزی کۆماری ئیسلامی بکەن. قوربانیی ئەم سەرکەوتنەش خوێنی شەهید ئەبووبەکری دەرەوی بوو کە هەتا هەتایە لە مێژووی نەتەوەکەیدا ناو و یادی دەمێنێتەوە.