کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی «ئەی رەقیب» بێ بەدیل ماوەتەوە؟)

17:27 - 1 جۆزەردان 2719

بەستێنی بوونی «ئەی ڕەقیب» بە ماڕشی نەتەوەیی، لە کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا (بۆچی «ئەی رەقیب» بێ بەدیل ماوەتەوە؟) (٤-٤) سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» هەتا هاتوە ژمارەی هۆگرانی زیاتر بووە و جێگە و پێگەیەکی باشتری لە نێو نەتەوەکەیدا بۆ خۆی وەدەست هێناوە. قبووڵکران و وەرگیرانی وەک ماڕشی نەتەوەیی لە لایەن دوو حکوومەتی کوردی لە دوو سەردەمی جیاوازدا، ئیعتیبار و پرستێژێکی تایبەتی پێداوە. ئەگەر بمانەوێ وردتر بچینە سەر هۆیەکانی مانەوە و وەرگیرانی وەک سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی، دەبێ هەم هەڵوێستە لە سەر لایەنە مێژووییەکەی بکەین، هەم وەک خۆی (وەک سروودێک) بابەتیانە، تایبەتمەندییەکانی هەڵبسەنگێنین. بەر لە هەر شتێک دەبێ ئەم ڕاستییەمان لە بیر بێ کە ئەو دۆخەی ئەم دەقەی تێدا لە دایک بووە،کە بندەستیی نەتەوەی کورد و داگیرکراویی کوردستان و بێبەشی نەتەوەی کورد لە سەربەستی و دەوڵەت و کیانی خۆی بووە، بە داخەوە هەتا ئیستاش باشووری کوردستانی لێ دەرچێ (ئەویش تا ڕادەیەک) لە هەمووی هەر وەک پێشووە. ئێستاش داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانی گەیشتنی کورد بە سەربەخۆیی و مافە نەتەوەییەکانی لە پیلانگێڕی و لەشکرکێشی دان و بە هەموو توانایانەوە خەریکن کورد لەم دۆخەی ئێستا و لە ڕۆژڕەشی و بندەستیدا بێڵنەوە. لە ڕاستیدا هەتا ئێستاش لە ڕووی پەیام و نێوەرۆکەوە ئەم سروودە» زمانی قسەکردنی کوردە لە شەڕی مان و نەماندا و بوونی بەقەد بوونی هەوا پێویستە بۆ هەر میللەتێک کە دووچاری چەوساندنەوە بێ.»( نەوا مکورجی،٢٠١٥) مەبەست لە هەڵوێستە کردن لە ڕووی مێژووییەوە لەسەر ئەم سروودە ئەوەیە کە زیاتر لە ٧٠ ساڵە، «ئەی ڕەقیب» بووە بە زمانحاڵی شۆڕشگێڕان و تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی کوردستان لە مەیدانە جیاوازەکانی بەرگری و بەرخۆداندا. دوایین نامە و دوایین نەعرەتەی ڕۆڵە بەندکراوەکانی ئەم نەتەوەیە لەو کاتەیدا کە بردوویانن بۆ بن پەتی سێدارە، یا دروشمیان لە کاتی بەرپەرچدانەوەی پەلاماری داگیرکەران و هێرشبردن بۆ سەریان، دێرەکانی ئەم سروودە بووە. «سرودی ئەی ڕەقیب كۆكراوەی داخوازی و ئیرادەی مێژوویی و ئێستای گەلەكەمانە سەبارەت بە جەختكردنەوەی لەسەر مافی بریاردانی چارەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانیی كوردستان... سەدان تێكۆشەر لە وتنی ئەم سروودە لە قوربانیدان سڵیان نەكردۆتەوە و ڕووبەرووی ڕێژێمە دیكتاتۆرییەكان بونەتەوە، و پێشوازییان لە مەرگ كردوە.» (کاوە مەحموود، ٢٠١٧) ئەوەندەش کە دەگەڕێێتەوە سەر خودی دەقەکە، لەگەڵ ئەوەی وەک دەقێک بۆ سروود یا ماڕشی نەتەوەیی و نیشتمانی بێ کەموکووڕی نییە، بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندییشی تێدایە کە هەر دەقێکی دەستنیشانکراو بۆ ماڕش پێویستە تێیدا بێ. ئاماژە بۆ فیداکاری و قوربانیدانی نەتەوە لە ڕابردوو لە پێناوی مانەوەی خۆیدا، دەربڕینی ئامادەیی لاوانی کورد بۆ بەرگری لە نەتەوە و نیشتمانی خۆیان، نیشاندانی ورە و ئیرادەی ڕۆڵەکانی نەتەوە بۆ شەکاوە ڕاگرتنی ئاڵاکەیان، لەو بابەت و چەمکانەن کە لە دەقی ئەم سروودەدا هەن. ئەم چەمک و مەبەستانە بۆ نەتەوەیەک کە لە قۆناغی خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری دایە، پێویستن، تەنانەت ئەو کاتەش کە کورد لە بندەستی و خاک داگیرکراوی ڕزگاری دەبێ، نیشاندانی ئیرادەیەکی بەهێز بە دوژمنان و نەیاران کە چاوی دیتنی سەربەستی و بەختیاریی کوردیان نییە، هەر پێویستە. وەک بە کردەوە دەبینین بە هۆی ئەم تایبەتمەندییانەوە ئەم سروودە لە هەموو پاڕچەکانی کوردستان وەک سروودی نەتەوەیی وەرگیراوە. «سروودی ئەی ڕەقیب تەنها موڵکی کوردستانی باشوور نییە، بەڵکو موڵکی هەموو کوردێکە و بە پیرۆزی دەزانێ. زۆرینەی براکانمان لە باکوور هاوڕانین لەگەڵ ئەو ئاڵایەی ئێستا لە باشوور ئەشەکێتەوە، بەڵام ئەی ڕەقیب پیرۆزە لایان.»(ئامانج عەلی،٢٠١٢) ئەی ڕەقیب وەک دەق و وەک سروودی نەتەوەیی یا نیشتمانی بەرەوڕووی کۆمەڵە ڕەخنەیەکیش بۆتەوە. دیارە ئەگەر سەرجەمی دەقە کرابا بە سروود و هێندێک بەیتی لێ لانەدرابا، ئەو کات وتنی سروودەکە ماوەیەکی زیاتری دەخایاند. دیارە ماڕش یا سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی نابێ درێژ بێ و دەبێ لە ماوەیەکی دیاریکراو تێ نەپەڕێ. ڕەخنەیەکی دیکە ئەم دێڕە لە دەقەکەیە کە دەڵێ : «ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین.» د.کەماڵ مەزهەر مێژوونووسی دیاری کورد پێی وایە مێدیەکان دەوری دووهەمیان هەبووە لە دروستبوونی نەتەوەی کورد. گەلانی وەک لولو و گۆتی و سۆباری گەلانی ناوچەکە بوون و لەهیچ شوێنێکی دیکەوە بۆی نەهاتبوون، ئەمانە ڕۆڵی سەرەکییان لە دروستبوونی نەتەوەی کورددا بینیوە. «(کەماڵ مەزهەر،٢٠١٦) هەروەها ئەم ڕەخنەیەش هەیە کە میدیا و کەیخوسرەو دەکەونە ئەو قۆناغە لە مێژوو کە قۆناغی ئوستوورەیی پێ دەگوترێ و ناکرێ بۆ نێوەرۆکی مارشی نەتەوەیی پشتی پێ ببەستین. ئوستوورە مێژویەکی زۆر کۆنە و بە خەیاڵ دەچییە سەرەتاکانی ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی، بەڵام باستان (دێرین) خەیاڵی نییە و مێژووی گەل و وڵاتێکە کە زانایان و شارەزایان بە لێکۆڵینەوە ساغیان کردۆتەوە.» (هەورامان سالار ڕۆژهەڵاتی،٢٠١٢) هەر لە ڕووی نێوەرۆکەوە ئەم ڕەخنەیە لە دەقی سروودی ئەی ڕەقیب هەیە کە باس لە کورد دەکا نەک سەرجەم دانیشتووانی کوردستان کە چەندین کەمایەتیی نەتەوەیی دیکەشی لەسەر دەژین. هەر لەم ڕوویەشەوە، هەڵبژاردنی سیفەتی «نیشتمانی» بۆ ئەم سروودە بە نادروست دەزانن و پێیان وایە ئەمە سروودی میللییە نەک نیشتمانی. ئەمەش بە جێی خۆی کە لە سروودی نەتەوەییدا، کورد وەک «قەوم» ناوی دەبرێ کە دیارە کورد نەتەوەیە نەک قەوم و زۆر قورسە کە نەتەوەیەک لە سروودە نەتەوەییەکەیدا، خۆی بە قەوم پێناسە بکا. لەم ساڵانەی دواییدا، ئەی ڕەقیب بەرەوڕووی جۆرێک دژایەتی و رەتکردنەوەش بۆتەوە. بوونی دوو دەستەواژەی «نایشکێنێ دانەری تۆپی زەمان» و «دینمانە ئایینمان، نیشتمان» بە گوێرەی ڕاڤەی هێندێک لایەن، ئەمانە لەگەڵ پیرۆزییەکانی دین لە ناتەبایی دان. دیارە دەستەواژەی یەکەم «دانە»یە نەک «دانەر» و ئەگەر تۆپی زەمان وەک چەرخی زەمان (چەرخی گەردوون) لێک بدەینەوە، ئاشکرایە چەرخ دانە(دندانە)ی هەیە. خۆ ئەگەر تۆپی زەمان، وەک تۆپ (تۆپی شەڕ) تێ بگەین، ئەو کات دانە، مەبەست ئەو گوللانەیە کە پێی دەهاویژرێن. بۆیە گومانی دژایەتیی دین بە هاسانی دەکرێ لەم دەستە واژەیە بڕەوێنرێتەوە. هەر چی دەستەواژەی دووهەمیشە، هیچ گومانی تێدا نییە بۆ بێڕیزی بە دین و ئایین نەهاتوە. بە پێچەوانەوە شاعیر مەبەستی ئەوە بووە کەنیشتمانپەرستی و بەرگری لە نیشتمان بە ڕادەی ئایین بە لای لاوی کوردەوە پیرۆزە. ئەمەش بە جێگای خۆی کە «ئایین» هەم لە زمانی فارسی و هەم لە زمانی کوردی بە واتای ڕێوشوێن و مراسمیش دێت. (جەماڵ نەبەز، ٢٠١٦) بێگومان لە ڕووی مۆزیکەکەشیەوە، «ئەی ڕەقیب» لە ڕەخنەی شارەزایان بە دوور نەبووە. ئەمە نموونەیەکە لەو ڕەخنانە: «ئەم سروودە لەڕووی فۆڕمەوە فۆڕمی (A-B) هەیە. واتە کۆپلەی یەکەم کە بە (A) ناوزەدی دەکەین: ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کوردزمان نایشکێنێ دانەری تۆپی زەمان پاشان کۆپلەی دووەم کە بە (B) ناوزەدی دەکەین: کەس نەڵێ کورد مردوە کورد زیندوە زیندوە و قەت نانەوێ ئاڵاکەمان ئەم فۆڕمە چەند جارێک لەگەڵ هەموو کۆپلەکانی دیکەدا دووبارە دەبێتەوە. وەک “قەومی کورد هەستایە سەرپێ وەک دلێر هتد” کە هەر دووبارەبۆوەی (یە. پاشان دووبارەکردنەوەی «کەس نەڵێ کورد مردوە هتد» دووبارەکردنەوەی (B)یە. خودی ئەم فۆڕمە فۆڕمێکی کۆنی گۆرانی یان سروودە لە مێژووی مۆزیکدا، هاوکات فۆڕمێکی لاوازیشە. ئەگەر مۆزیکدانەرێکی ڕاستەقینە مۆزیکێک یان گۆرانییەک یان سروودێک لەم فۆڕمەدا بنووسێ؛ هیچ نەبێت بە زیادکردنی هاڕمۆنی و کەمێک درێژەدان و ئاڵۆزکردن یان بونیاتنان (دیڤیلۆپمێنت) لە کۆپلە جیاوازەکانی فۆڕمەکەیدا بێت یان بە مۆدولەیشنی کاتیی یان مۆدولەیشنی تەواو قەرەبووی لاوازیی فۆڕمەکەی دەکاتەوە و بەرگێکی هونەریی پۆشتەتری بۆ لەبەر دەکا. ئەوەمان لەیاد نەچێ، کۆپلەکانی شیعرەکە کورتن، ئەمە ڕێخۆشکەرە بۆ چەندین دووبارەکردنەوەی فۆڕمەکە زیاد لە چەند جارێک (کە تا ڕادەیەک دەبێتە هۆی وەڕسبوون لەوەی کە هەمیشە چاوەڕێی گۆڕانکارییەک دەبی بەڵام هەر هەمان فۆڕم دووبارە دەکرێتەوە). بەڵام ئەم دووبارەکردنەوە وەڕسکەرە وایکردوە کە سروودی ئەی ڕەقیب سروودێکی ئاسان بێت بۆ دۆزینەوەی میلۆدییەکەی. (نەوا مکورجی،٢٠١٥) لەگەڵ ئەم جۆرە ڕەخنانەشدا سروودی «ئەی ڕەقیب» هەتا هاتوە زیاتر لە دڵ و هەست و بیری تاکەکانی کوردستاندا جێی خۆی کردۆتەوە. «ئەی ڕەقیب» ئەو چەترەیە کە توانیوێتی هەموان لە ژێر سێبەری خۆیدا کۆ بکاتەوە. ئەم ڕاستییەش نابێ ئێمەی کورد بە تایبەتی شارەزایان و دامەزراوە پێوەندیدارەکان لەوە غافڵ بکا کە پێویستە بە گوێرەی نیازی سەردەم و بۆ ئەوەی هەر چی زیاتر ئەم سروودە ببێتە زمانحاڵی هەموو تاکەکان، پێویستە نوێ بکرێتەوە. بەم پێیە ئەم قسەیە لە جێی خۆی دایە کە «دەستهەڵگرتن لە (ئەی ڕەقیب)دەستهەڵگرتنە لە نیشتمانێکی ڕووحیی فراوان و مەزن، کە هیچی لە نیشتمانی سەر کاغەز و جوگرافیا کەمتر نییە. ئەگەر دەستهەڵگرتن لە شارێک یان دێیەکی کوردستان هەتیوبوونی ئەو شار و دێیە، یان هەتیوبوونی پارچەیەک بێ لە خاکی وڵات، دەستهەڵگرتن لە سروودی ئەی ڕەقیب دەستهەڵگرتنە لە نیشتمانێکی رووحی کە لە دەروونی هەموو کوردێک دایە، کە لە خانەکانی مێژوودا جێگای خۆی هەیە و بۆشاییەکی گەورە جێ دەهێڵێ.».»(جەبار جەماڵ غەریب، دڵدار، ٢٠١٧) ئەنجام 1_ نەتەوەی کورد، وەک هەر نەتەوەیەکی دیکەی جیهان، لەگەڵ ئەوەدا بووە، کە تایبەتێتی نەتەوەیی و ئەدەبی و سیاسی، ...تاد خۆی هەبێ و ئەم ئارەزووەشی لە چەند هەوڵێکی بەرەوە سەربەخۆبوونیدا دەردەکەوێ. 2_ سروودی «ئەی ڕەقیب»، تا ئەندازەیەکی باش ئەرکی خۆی وەک سروودیکی نەتەوەیی ڕاپەڕاندوە، بەتایبەتی لە کۆکردنەوەی بەشێکی زۆری تاکی کورد لە دەوری خۆیدا. 3_ ئەی ڕەقیب وەک دەقێکی شێعری، بۆ سروودی نەتەوەیەک نەنووسراوە، بەڵام باسکردن لە قوربانیدان و خەبات و شانازییەکانی نەتەوەی کورد، ئەوی وەک دەقێکی ناواز و بێ بەدیل هێشتۆتەوە. ئەگەر هەوڵێک هەبێ بۆ نوێکردنەوە و گونجاندنی سروودەکە لەگەڵ سەردەم_نوێکردنەوە لە ڕووی میوزیک و پێشکەشکردنی هونەرییانە، هەروەها گۆڕینی چەند برگە و دەستەواژەیەک،کە نەبێتە هۆی شێوانی، ئەم سروودە جێگە و پێگەی خۆی لە داهاتووشدا دەپارێزێ. 4_ لە ڕێگای قوتابخانەکان (سیستەمی پەروەردە و فێرکردن)ڕاگەیەنەکان، و ڕێگا و شێوازی ئەمڕۆیی جۆراوجۆر، پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ ڕاکێشانی سەرنج و خۆشەویستیی تاکەکانی کۆمەڵ بۆ لای سروودە نەتەوەییەکەیان.