کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند سەرنجێک لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا

17:31 - 1 جۆزەردان 2719

بۆ باس و ناساندنی هەر وڵاتێک لە سەرەتادا دەبێ لە دوو ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا قسە و لێکدانەوەی بۆ بکەی. سیاسەتی نێوخۆیی هەر وڵاتێک پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە جۆری حکوومەتداری، یاساکانی نێو حکوومەت و پێوەندیی خەڵک و حکوومەت لە سنووری نێو ئەو وڵاتەوە هەیە، کە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا وەک یەکەیەکی خاوەن سەروەریی یاسایی دانی پێنراوە و کەرامەتی حکوومەتدارییەکەی لەبەرچاو دەگیرێ. سیاسەتی دەرەکیش ئەو لایەنە لە کاروباری دەوڵەت دەگرێتەوە کە بەرنامە و ئەجێندای حوکمەت لە دەرەوەی سنوورەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی و دەوڵەتانی تر لە بەرژەوەندیی دوو لایەنەدا ڕێک دەخا و، لە ڕێگای سەرکۆمار، وەزیری دەرەوە و دەزگای دیپلۆماسییەوە بەڕێوە دەچێ . وێژمانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئیران هەر پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لەسەر چوار کۆڵەکەی (جیهان_نیشتیمانی، ئۆممەت گەرایی، دژەکرداری و شۆڕشگێڕی) دامەزرا و، هەر سەردەمە یەکێک لەم خاڵە بنچینەیانە بۆتە خۆراکی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران . لە سەردەمی ڕەفسەنجانیدا، کە تازە کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ئێران و عێراق ڕزگاری ببوو و وڵات ببوە کاولستان، ڕێژیم پێویستیی بە گوتاری (ئابووری میحوەرانە) هەبوو بۆ نۆژەنکردنەوە و وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی، بۆیە ئەم گوتارە هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٧٦ وەک وێژمانی دیپلۆماسی ئێران هەر مایەوە. لە قۆناغی شەڕ و دوای شەڕی 8 ساڵە لەگەڵ عێڕاق و، هەروەها تەڕاتێنی تێرۆریستیی سپای تێرۆریستیی پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کە ڕووداوەکەی مێکونووس و تەریککەوتنەوەی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی لێ کەوتەوە، لەو سەروبەندەدا پێویست بە گوتارێک بوو کە ئەو تەریکییە لەسەر ئێران دوور بخاتەوە، بۆیە ژووری ستراتێژیکی ڕێژیمی ئێران هات و، وێژمانی پەرەپێدانی سیاسەتی ڕێفۆرمخوازانەی لە ساڵەکانی ٨٤-٧٦ لە ڕێگای خاتەمییەوە ڕوو بە دنیای دەرەوە خستە ڕوو و؛ توانی ڕۆحێکی تر بە دەم کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بکاتەوە . هەرچەند پاش کۆتایی هاتنی دەوری دووهەمی خاتەمی لەساڵی ١٣٨٤ی هەتاویدا بە خوێندنەوەیەک کە شۆڕای باڵای تەناهیی ئێران لە دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا کردی، بەهۆی پاسدار مەحموود ئەحمەدی نژاد گوتاری بناژۆخوازیی عەداڵەت تەوەرانە لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ خاڵی بنچینەیی سەرەتای ئینقلاب تاکوو ساڵی ١٣٩٢ بەڕێوە برد. ئەم گوتارە لە ئاستی جیهانیدا ئێرانی بەرەو دوور کەوتنەوە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان برد و قورسترین گەمارۆ ئابووری، نیزامی و سیاسییەکانی بۆ ئێران بەدیاری هێنا و لەم سۆنگەیەوە؛ هەژاری، هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری و زۆر دیاردەی قێزەونی دیکە بوون بە ئەمری واقیع لەسەر ژیانی خەڵکی ئێران. بۆیە بۆ دەربازبوون لەو قوڕوەسەریەی ئەحمەدینژاد و سیاسەتی بناژۆخوازانەی سپای تێرۆریستیی پاسداران بە خەڵات بۆ ئێرانیان هێنابوو، ئەمجارەیان پێویست بە هاتنە ئارای گوتارێک بوو کە ئێران بەرەو ئاشت بوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرێ. ئەم ڕۆڵەش لە ساڵی 1392ی هەتاوییەوە بە سەرکۆمار ڕووحانی و وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، جەواد زەریف دراوە. هەڵبەت دیسان بەهۆی دەستێوەردانی سپای تێرۆریستیی پاسداران (وەک دەوڵەتی نێو دەوڵەتی ئێران) لە سیاسەتی دەرەوەدا دۆخێک هاتۆتە ئاراوە کە ئێرانی هەتا کێواری شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بردوە. گوتارەکانی دەرەوی ئەمریکا ئەگەر بمانهەوێ لەسەر ئینتمای ئیدئۆلۆژیی سەرۆککۆمارەکانی ئەمریکا و مەکتەبە هزریە کاریگەرییەکان بە سەر ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا باس بکەین، دەتوانین بڵێین لە خوێندنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە ڕێگای وەزیری دەرەوە بەڕێوە دەچێ، سێ قوتابخانەی فکریی بەرچاو هەن کە بریتین لە: هێمێلتۆنیزم، جەکسۆنیزم و ویلسۆنیزم. مەکتەبی هێمێلتۆنیزم ؛بە پێداگری لەسەر بایەخە ئەمریکاییەکان (ئازادی و ماف) لە جیاتی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە، بە دوای بڵاوکردنەوە و پەرەپێدان بەم بایەخانەیە، لە ڕێگای دروستکردنی جۆرێک لە جیهانگیری، نەک لە ڕێگای شەڕ و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان. هەر بۆیە هێمێلتۆنیزم پێش ئەوەی بەرژەوەندیخوازی ئابووری تەوەر بێ، بەهاخوازە و لە ئەسڵدا شەڕ و دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکە ڕەت دەکاتەوە. قوتابخانەی جەکسۆنیزم؛ لەسەر بنەمای ئاراستەی واقیع گەرایانە و بە ئەسڵ زانینی سیاسەتی (هێز) جێگیرە و بە پێچەوانەی مەکتەبی هێمێلتۆنیزم لە سیاسەتی دەرەوەدا، لەسەر ستراتێژیی ئەمنیەت تەوەر بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەمریکا کار دەکا، ئەساسی قوتابخانەی جەکسۆنیزم لەسەر سێ کۆڵەکەیە؛ یەکەم،دەستێوەردانی ئەمریکا بۆ چاودێری، پاراستن و پەرەپێدانی بەرژەوەندیی ئەمریکا لە هەموو ناوچەکان. دووهەم، پێداگری لەسەر پاراستن و بڵاوکردنەوەی پێگەی ئەمریکا وەک زلهێزێکی گەورە و سێهەم، دژکردەوە و وڵامی خێرا لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و مەترسییەک له بەردەم بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا. قوتابخانەی ویلسۆنیزم؛ ئەم قوتابخانەیەش ئەسڵ و ژێرخانی بنچینەیی و فکری، کرداری و گەشە و بڵاوکردنەوەی دەسەڵاتی سەربازی، ئابووری و بایەخەکانی ئەمریکا لە ڕێگای دەستێوەردان و شەڕ و ... لەخۆ دەگرێ. لە لێکدانەوەیەکی دروستتری ئەم مەکتەبەدا دەتوانین بڵێین دەستێوەردان لە جیهاندا بۆ زاڵ کردنی بایەخەکانی ئەمریکایە. (یانی ئەگەر دەستێوەردانی ئەمریکا لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا لەگەڵ بەرژەوەندییە کاتییەکانی ئەمریکاش نەگونجاو بێ، بەڵام دەستێوەردانی نیزامی بتوانێ لە جێکەوتوویی بایەخی ئەمریکایی یارمەتیدەر بێ، تەنانەت ئەگەر هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکیش لەو ناوچەیەدا نەبێ، ئەوە دەستێوەردان هەر دەبێ بکرێ.