کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو کاتانەی دەمامکەکان لا دەدرێن

17:33 - 1 جۆزەردان 2719

لەگەڵ هاتنەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام و ڕاگەیاندنی لایەنی ئورووپا بۆ مانەوەیان لە بەرجامدا و ڕاگرتنی، کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا زۆرترین قازانج لەو کەلێنەی نێوان ئەمریکا و ئورووپا وەرگرێ. ئێران لەڕووی ژیئۆپۆلۆتیک و ستراتێژیی بانەوە چاوی ئورووپای لەسەرە، بە تایبەت کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەم وڵاتە گرینگییەکی دیکەشی بەو جێگەوپێگەی ئێران لە خوێندنەوەکانی ئورووپا دابوو. هەر لەم ڕووەوە "بەرجام" و ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە خوێندنەوەی وڵاتانی ئورووپادا بە گەورەترین دەسکەوتی دیپلۆماتیک دادەنرا و هەر ئەوەش بوو کە دوای کشانەوەی ئەمریکا هەوڵیان دا بە هەموو هێز و تواناوە ئەم ڕێککەوتنە ڕابگرن. ئێرانیش ئەوەی باش دەزانی، بۆیە لەگەڵ جەختکردنەوەی لەسەر پێبەندمانی بە بەرجام، تێدەکۆشا ئورووپا بکاتە قەڵغانێک و هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەمریکای پێ لە خۆ دوور بخاتەوە. بەڵام نە ئورووپا هیچی بۆ چووە سەر و نە ئێران توانی لەوەدا سەر بکەوێ و هەر کام لەوانە هۆکاری خۆی هەبوو. لەپێشدا ئەوەی کە پێداگریی ئورووپا لەسەر درێژەدان بە مامەڵەی بانکی و بازرگانی لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی مانەوەی بەرجامدا دیوی بڕیارە سیاسییەکەی یەکیەتیی ئورووپا بوو، بەڵام لایەنی بڕیاردەر و یەکلاکەرەوەی ئەم بابەتە نەک دەوڵەتەکان؛ بەڵکوو گەورە بانک و کۆمپانیا زەبەلاحە ئابوورییەکانی ئورووپا بوون کە بەرژەوەندییەکانیان هاوتەریب لەگەڵ ئەم بڕیارە سیاسییە نەبوون. بەستراوەیی ئابووری و تەنانەت ئەمنیەتیی ئورووپا بە ئەمریکا بە ڕادەیەکە کە وڵاتانی ئورووپایی هەر لە سەرەتاشەوە دەیزانی کە ناتوانن بەرهەڵستی بڕیاری ئەمریکا ببنەوە، بەڵام لە لایەک پێیان وانەبوو تڕامپ تا ئەو ڕادەیە لەسەر ئەم سیاسەتەی سوور و شێلگیر بێ، دووهەم هەتا بڵێی پێویستیی ژیانەکییان بە مانەوەی بەرجام هەبوو و ئێستاش هەیە. بەرجام نەک هەر لە ڕووی ئابووری، بگرە لە ڕووی سیاسی و ئەمنیەتیشەوە قازانجی زۆری بۆ ئورووپا هەیە. یەکەم لەو سۆنگەیە کە ئەم ڕێککەوتنە جڵەوی بەئەتۆمی بوونی ئێرانی _ بەدەر لە مەترسیی بەرنامە مووشەکییەکانی _ ئەستاندبوو. دووهەم ئورووپا دەزانێ لە ئەگەری بەردەوامیی تەنگەژە و ئاڵۆزییەکان کە ئەگەر بە لای شەڕ و پێکدادان لە ناوچەدا بشکێتەوە، پێش هەموو شتێک ئەوە ئورووپایە کە یەکەم شت دەکەوێتە بەردەم شەپۆلێکی دی لە شاڵاوی کۆچبەران. بۆیە لەبەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکادا خۆڕاگرییان دەکرد بۆوەی چەندی دەکرێ کار لە گرێژنە دەرنەچێ، ئەگینا ڕوون و ئاشکرایە کە هەڵبژاردنی ئورووپا لە دواجاردا هەر ئەمریکایە، نەک ئێران. لە لایەکی دیکەشەوە ئێران سەرەتا نەیدەویست ڕەفتاری سیاسیی ئورووپا وەک هەیە بیخوێنێتەوە. ئورووپاییەکان بەپێی زۆر فەکتی مێژووییش ڕەفتاری سیاسیی ئاڵۆزتر و پێچەڵاوپووچتریان لەچاوی ئەمریکاییەکان هەیە. ئەمریکا بەپێی خەسڵەتی دەروونیی خۆیان لە ئابووری و سیاسەتدا چی بوێ و بەدوای چیدا بگەڕێ بەئاشکرا و بێ پێچ و پەنا دەیڵێ. وە توانای زۆر و مەزنی ئابووری و نیزامییەکەیان لە دنیادا ئەوانی لەو ڕوونبێژییەدا بێمنەت کردووە. بەڵام ڕەفتاری سیاسیی ئورووپاییەکان ئاڵۆزترە و زۆر جاریش تێگەیشتنەکان لە لێڵی و ناڕوونیدا دێڵێتەوە. ئەوە بوو کاتێک کۆماری ئیسلامی هەموو مەبەستەکانی ئورووپای خوێندەوە، دەمامکەکان لەسەر ڕوخساری خۆیشی لاچوون؛ وابوو کە ئەمجارەیان هەڕەشەکانی ئێران دەستیان پێکرد. هەڕەشەکانی ئێران جۆراوجۆر بوون، بۆ نموونە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندکە لە ئەگەری گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکادا هەموو ئەفغانییەکانی نیشتەجێ لە ئێران لە وڵات دەردەکەن، بەوەش شەپۆلێکی دی لە کۆچ بەرەو ئورووپا وەڕێ دەکەوێ و بەوەش وڵاتانی ئورووپا تووشی تێچووی قورس دەکەن. یان ڕایانگەیاند ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لیبی ڕا هەتا ئەفغانستان هەمووی پڕ کێشە و قەیرانی شەڕ و هەژاری و برسێتییە و ئەگەر ئێران لە بەرجام بکشێتەوە، ئەمنیەتی ئورووپا بە تەواوی دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەوان بۆ نموونە باس لەوە دەکەن کە ئەو ئەفغانییانەی لە ئێران داڵدە دراون لە ساڵدا لە نێوان 3 هەتا 5 میلیارد یۆرۆ پارە لە ئێران دەبەنە دەرێ و بۆ کەسوکاریان لە ئەفغانستانیان دەنێرنەوە. هەروەها نیزیک بە 460 هەزار قوتابیی ئەفغان لە ئێران دەخوێنن کە تێچووی هەر کام لەوان لە ساڵدا نیزیک 600 یۆرۆیە، بۆیە ناچارین جوابیان بکەین و لەو ئەگەرەشدا بەشێکی زۆر لەوان شاڵاو بۆ وڵاتانی ئورووپا دێنن. وە سەیر ئەوە کە هەر ئەم ئەفغانییانەی ئێران هەڕەشەی دەرکردنیان دەکا ماوەی شەش ساڵە لە سووریە و لەژێر ناوی "فاتمیوون"دا شەڕی نیابەتی بۆ ڕێژیم دەکەن بۆوەی مانەوەی خۆیان لە ئێراندا مسۆگەر کردبێ. ئەم هەڕەشانە لە زمان حەسەن ڕووحانی، سەرکۆماریشەوە کران. ئەو ڕووی لە ئورووپا کردووە و دەڵێ ناکرێ "بەرجام"ێك هەبێ و ئێمە جەورەکەی بکێشین، بۆیە ئێوە دەبێ بێنە پێشێ و بۆ بەرگرتن لە شاڵاوی مادەی هۆشبەر و کۆچبەر بۆ ئورووپا هاوکاریی ئێران بکەن. هاوکارییەکەش ڕوونە کە بەردەوامیی دژایەتیی ئەمریکا و درێژەی بیزنس و بازرگانییەکان لەگەڵ ئێرانە. ڕووحانی پێشتریش گوتبووی کە گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران توانای ئەو وڵاتە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاغ! و ترانزیتی مادەی هۆشبەر بۆ ئورووپای دابەزاندووە. ئەو هەڕەشەی ئەوەی کردبوو پێویستە ئورووپا سەیرێکی جوغرافیای ئێران بکا، چونکی ئەگەر ئێران حەز بکا و بیهەوێ هەر هەموو ئورووپا لە بن داروپەردووی مادەی هۆشبەر و کۆچبەر و تێرۆریزمدا ورد و خاش دەبێ. ئەم هەڕەشانەی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا بۆ ئەوەیە کاتێک دەبینێ بە تەنیا دەروەستی ئەمریکا نایە و خەریکە بەچۆکدا دێ، وڵاتانی ئورووپا بێنێتە سەر خەت تا لە ڕێگەی ئەوانەوە گوشار بخرێتە سەر ئەمریکا و بەمجۆرە ئیمتیازێکی وەرگرتبێ. هەڕەشەکانی ئێران بەوەندەش نابڕێنەوە. داخستنی گەرووی هورموز، داخستنی "باب المندب"، پەلامار بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەم وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە پشتیوانیی میلیشیاکانی سەر بە خۆی، هاتنە دەرێ لە رێککەوتنیNPT، دەستپێکردنەوە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم، بڕەودان بە هاوکاریی سەربازی و سیاسی و تێکنۆلۆژی لەگەڵ کۆرەی باکوور، هێرشی مووشەکی، پەسەندنەکردنی لایحەکانی پالێرمۆ و CFT، و FATF، هەناردەی چەکوچۆڵ و تێرۆریزم و مادەی هۆشبەر و کۆچبەر بەشێک لەو هەڕەشانەن کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام لەسەر زار و زمانی کاربەدەستانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامی بوون. ئەو هەڕەشانەی ڕێژیم بەدەر لەوەی لە ئەگەری جێبەجێ کردن و بردنە سەرێی هەر کام لەوان کێشە و قەیرانی دیکە لەبەردەم ڕێژیمدا دروست دەکا، بێ ئەوەی لە هیچ کوێ فریای ڕێژیم بکەوێ؛ بەڵام یارمەتیی ئورووپا دەدا زووتر بچێتە پشت ئورووپا. دوا بەدوای ئەوە بوو کە برایان هووک، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە هەموو بوارێکەوە لەسەر ئورووپا حسێب دەکا، تەنانەت لە ڕووی پاڵپشتی و هاوپەیمانیی سەربازیش! قووڵایی ستراتێژیی ئەمریکا و ئورووپا لێرەدا پێک دەگەن کە هەر دوو لا بەرژەوەندیی زۆریان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دایە و جیا لە نالێکی بۆچوونیان لەسەر پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە زۆر بابەتی دیکەدا هاوڕا و هاوهەڵوێستن. لە پرسی ئەمنیەتیی وزەوە بگرە هەتا دەگاتە بابەتگەلی وەک پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پاڵپشتیی ئێران لە تێرۆریزمی دەوڵەتی. بابەتی مووشکە بالستیکەکانی ڕێژیمیش لەجێی خۆی کە لە ئێستادا دەتوانن بەشێک لە ئورووپا بنگێون. پاراستنی ئەم بەرژەوەندییانەش لە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیەتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دایە، جوغرافیا و ناوچەیەک لەم جیهانەدا کە هەمووان دەزانن ئێران هۆکار و لایەنی سەرەکیی هەموو قەیران و شڵەژانییەکانێتی. وەک چۆن جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بریتانیا چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا هاوڕایە کە ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە، بۆیە بەوردی چالاکییەکانی ئەم ڕێژیمەی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە و وەک هەمیشەش نیزیک و شانبەشانی ئەمریکا هەنگاو دەنێن! ئەوەی تڕامپ لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە ئێرانی کرد و ئەو بژێرانەی ئێستاش بۆ هەر دوو لایەن کراوەن بەدەر لەوەی شەڕەکە ڕوو دەدا یان جامە ژارەکە دەخورێتەوە، چەند دەسکەوت و چەند ڕاستییەکی تێدان: دەرکەوت کە پێچەوانەی چوار دەیە دروشمی "ئەمریکا ناتوانێ هیچ غەڵەتێک بکا"، ئەمریکا توانی ئێران تووشی ئیفلاسی سیاسی و ئابووری بکا. دەریخست کە ئەم ڕێژیمە توانا سەربازییەکەشی ئەوە نییە کە بتوانێ لە کێشە و هاوکێشەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بکەونە فریای. هەروەها ئەوەی لەو نێوەدا بۆ وڵاتانی زلهێز نە گرینگە و نە دەخوێندرێتەوە ویستی سەرەکی و بنەڕەتیی خەڵکی ئێرانە کە نەمانی ئەم ڕێژیمە و دەستەبەری ماف و ئازادییەکانیانە. بۆیەش خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی چیدی نابێ لە چاوەڕوانیی "گۆدۆ"دا بمێننەوە و، تەنیا بۆ خۆیانن کە دەبێ و دەتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە یەکلا کەنەوە و لەو نێوەشدا گوشارە نێودەوڵەتییەکان تەنیا دەتوانن ڕۆڵی هاندەرانە و خێرابەخشینیان بەو ویست و بڕیارە هەبێ.