کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆدێلی گرامشیانەی نەتەوەسازی

17:45 - 1 جۆزەردان 2719

ئانتۆنیۆ گرامشی، بیرمەندی سەدەی بیستەمی ئیتالیا، لە خانەی «مارکسیزمی ئورووپایی» و «مارکسیزمی پێداچوونەوەخواز»دا جێ دەگرێ، بەم مانایە کە پێداچوونەوە بە ڕەگەزەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسیدا دەکا و دایدەڕێژێتەوە. لە درێژەی ڕەوتی پێداچوونەوەخوازیدا بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت خۆیان بە پارادایمی سەرخان و ژێرخانی مارکسیستییەوە سنووردار ناکەن، بەڵکوو بیر و سەرنجیان لەسەر بیاڤی کولتووریی مۆدێرنیتە چڕ دەکەنەوە و لە گۆشەنیگای کولتوورییەوە ڕەخنە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەگرن. واتا بیاڤی کولتووری، نەتەنیا بە درێژکراوە و سەرخانی میکانیکیی ژێرخانی ئابووری نازانن، بەڵکوو وەک بیاڤێکی گرینگ، کە وەک هەموو بیاڤەکانی دیکە، سەربەخۆییەکی ڕێژەیی هەیە دەکەنە پێگە و ئاسۆی ڕوانینیان. دواتریش بەتایبەت لە دەیەی شێستی سەدەی بیستەمدا، مارکسیزمی پێداچوونەوەخواز چینی نێونجی کۆمەڵگە بە چینی گۆڕانخواز لە قەڵەم دەدا و لێرەدا لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی، کە تەنیا چینی کرێکاری، بە چینی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخواز دەزانی، مەودا دەگرێ و لێی جیا دەبێتەوە. ئانتۆنیۆ گرامشی هەم لەگەڵ مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی سنووربەندی دەکا و هەم لەگەڵ لێنێنیزم؛ ئەگەر لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسیدا ژێرخانی ماددی بنەڕەتە و هەموو ڕەهەند و بیاڤەکانی دیکەی ژیان، لە فیکر و کولتوور و ئایدۆلۆژی و سیاسەت و تا دەگاتە دوایی، سەرخان و درێژکراوەی ئەو ژێرخانە ماددیەن، لەلای گرامشی گرینگی بە ڕەهەندی فیکری و ئایدۆلۆژی دەدرێ و ئەم ڕەهەندە، بە هیوای ئەوەی کە دێتێرمینیزمی ئابووری، شەڕ و کێشمەکێشی چینایەتی، بەکورتی گووران و گۆڕانی خۆبەخۆی ژێرخانی ماددی، بە شێوەیەکی میکانیکی بیگۆڕێ و بەرەوپێشی ببا، پەراوێز ناخا و کەم نرخی ناکا؛ بەڵکوو کلیکی لەسەر دەکا و بۆ گواستنەوە لە سیستمی سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزم، بە گرینگی دەزانێ و ڕۆڵی دەستپێک و بنەمایی پێ دەبەخشێ. لێنین بە سەرنجدان بە کۆمەڵگەی ڕووسیە، چاوەڕێی گووران و گۆڕانی خۆبەخۆی سەرمایەداری نابێ و لە ڕێگەی شۆڕشەوە دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە دەگرێ، کە لەم ڕێگەوە هەم ئابووریی سەرمایەداری بە شێوەیەکی دەسەڵاتگەرانە و بەرنامەبۆداڕێژراو، بۆ ئابووریی سوسیالیستی بگۆڕێ و هەم کولتوور و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداری گۆڕانی چەشنی تێدا پێک بێنێ؛ (بە دەربڕینێکی دیکە لێنین ویستی لە ڕێگەی دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسییەوە، لە قۆناغی بەر لە سەرمایەداریی پیشەسازییەوە بۆ قۆناغی سوسیالیزم باز بدا، کە ئەزموونی مێژوویی دەریخست کە سەرکەوتوو نەبوو؛) بەڵام گرامشی، وک بنەما و قۆناغی یەکەمی دامەزرانی سیستمی سوسیالیستی، لەجیاتی ئەوەی ڕووی لە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی بێ، ڕووی لە کۆمەڵگەی مەدەنییە و لەوێڕا بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی هەڵدەکشێ. لێرەدا گرامشی بە چەشنێک هاوکێشەی سەرخان و ژێرخان لەنێوان ڕەهەندی سیاسی و ڕەهەندی کولتووری و ئایدۆلۆژیکدا دادەڕێژێتەوە و بۆ تێپەڕین لە سیستمی سەرمایەداری، گرینگی بە ڕەهەندی کولتووری و ئایدۆلۆژیک دەدا و دوای ژێرسازی و بەستێنسازی لەم بوارەدا، دەچێتە سەر و دەچێتە نێو بواری سیاسییەوە. گرامشی لە چەمکەکانی «هێژمۆنی»، «ڕووناکبیران» و «کۆمەڵگەی مەدەنی»، کەڵک وەردەگرێ و لەژێر تیشکی ئەم چەمکانە، پێی وایە کە لە ڕێگەی کاری ڕووناکبیری، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە، پێویستە باڵادەستیی فیکری چەپ و سۆسیالیستی لە بیاڤی کۆمەڵگەی مەدەنیدا دابین بکرێ و دوای ئامادەکاری و بەستێنسازی و هێژمۆنی لەم بیاڤەدا، هەوڵ بدرێ دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگیرێ. بەم پێیە لەپێشدا ژێرسازی کولتووری و کۆمەڵایەتی بە بنەما دەگیرێ و لەسەر ئەم بنەمایە، هەوڵی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی دەدرێ. بەپێچەوانەی لێنین کە لە کۆمەڵگەی سیاسییەوە دەست پێ دەکا و لەوێڕا و لەم دەستپێکەوە، دەچێتە قۆناغی دەستکاریکردنی کولتوور و ئابووریی سەرمایەداری، گرامشی لەپێشدا هەوڵ دەدا کۆمەڵگەی مەدەنی دەستەبەر بکا و بیکاتە شوێن و پێگەی فیکری و کولتووری بۆ سوسیالیزم، دواتر هەڵدەکشێ بۆ کۆمەڵگەی سیاسی؛ لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بۆ کۆمەڵگەی سیاسی و لەوێشڕا بۆ دەستکاریکردنی بنەڕەتیی ئابووریی سەرمایەداری. ئەگەر ئێمە سێ بواری ئابووری و کولتووری و سیاسیمان هەبێ، مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی لە بواری ئابوورییەوە دەست پێدەکا و دەیکاتە دەستپێک و بنەمای گۆڕانی بوارەکانی دیکە؛ لێنێنیزم بەدەستەوە گرتنی بواری سیاسی دەکاتە دەستپێک و لەوێڕا بۆ گۆڕینی بوارەکانی کولتووری و ئابووری دادەبەزێ؛ بەڵام گرامشی لە نێوەڕاستەوە، لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، لە بواری کولتوورییەوە بۆ «سەرخانی سیاسی» و «ژێرخانی ئابووری»، هەڵدەکشێ و دادەبەزێ. بە دربڕینێکی دیکە ئەگەر لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسیدا بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری پشت بە گووران و گۆڕانی خۆبەخۆی ژێرخانی ماددی دەبەسترێ، ئەوە لێنین چاوەڕێی ئەو گۆڕانە خۆبەخۆیە نابێ و لە ڕێگەی شۆڕشی سیاسییەوە دەیەوێ سیستمی سەرمایەداری بگۆڕێ، بەڵام گرامشی لە ڕێگەی کاری فیکری و کولتوورییەوە، لە ڕێگەی گۆڕانی کۆمەڵگەتەوەرەوە، دەیەوێ هەنگاو بۆ گۆڕینی بوارە سیاسی و ئابووررییەکانی کۆمەڵگە باوێژێ. گرامشی بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزم، زیاتر لە لێنین گرینگی بە گوورانی ناوەکیی سەرمایەداری و لەباربوونی زەمینەی ئابووریش دەدا. ئەوە ڕاستە کە گرامشی بەستێنسازیی کولتووری و کۆمەڵایەتی دەکاتە قۆناغی دەستپێکی دامەزرانی سیستمی سۆسیالیستی، بەڵام لەگەڵ مەنتق و دەزگای فیکریی گرامشی نایەتەوە کە بواری ئابووری نادیدە بگرێ، کە دوای بەستێنسازیی مەدەنی و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، بە شێوەیەکی دەسەڵاتگەرانە و دیسیپلینکراو لە سەرەوەڕا بیگۆڕێ؛ چونکە لە جێدا زەمینەسازیی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مەدەنی، بەبێ لانیکەمی زەمینەی ئابووری مومکین نییە. لەژێر تیشکی ئەم خوێندنەوەیەی بۆ ئەندێشەی گرامشی کرا، دەچینە نێو بابەتی وتارەکە. لە دێڕەکانی سەرەوەدا خوێندنەوەیەکی گرامشیانە بۆ تێپەڕین لە سیستمی سەرمایەداری و دامەزرانی سیستمی سۆسیالیستی پێشکەش کرا؛ لەم وتارەدا هەمان خوێندنەوە بۆ چۆنیەتیی دروستکردنی نەتەوە بە کار دێنین؛ واتە میکانیزمی گرامشیانەی دامەزرانی سیستمی سۆسیالیستی، لە بواری نەتەوەسازیدا بە کار دێنین و بەم پێیە مەودایەکی ماناداریش لە تێز و میکانیزمی لێنینیانەی نەتەوەسازی دەگرین. لەجیاتی ئەوەی بۆ نەتەوەسازی، لە دەستپێکدا و بەبێ بنەماسازیی کولتووری و جڤاکیی پێویست، ڕوومان لە گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی بێ، ڕوو دەکەینە کۆمەڵگەی مەدەنی؛ لەجیاتی ئەوەی لە دەسەڵاتی سیاسییەوە بۆ نێو کۆمەڵگەی مەدەنی دابەزین، لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەڵدەکشێین. ئەمەش چەشنێک ناسیۆنالیزمی کولتووری و مەدەنییە، کارکردنە بۆ بڵاوکردنەوە و باڵادەست کردنی هزر و بیری نەتەوەیی لە هەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا و، دوای ئەوەش گەڕانە بۆ پێدانی فۆڕمێکی سیاسی بەم بیرە پەرەسەندوو و بیچمگرتوو و گووراوەی نێو کۆمەڵگەی مەدەنی. لێرەدا بۆ ڕوونتر کردنەوەی باسەکە، ئاوڕێک لە مێژووی ناسیۆنالیزمی کورد دەدەینەوە و عەمەلکردی بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد لەم بوارەدا شی دەکەینەوە. کوردەکان لەژێر کاریگەریی لێنێنیزمدا، بۆ دروستکردنی نەتەوە، لە بیاڤی سیاسییەوە دەستیان پێ کردوە و هەوڵیان داوە لە ڕێگەی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسییەوە نەتەوە دروست بکەن؛ وەک چۆن لێنین بۆ دروستکردنی سیستمی سوسیالیستی لە بیاڤی سیاسییەوە دەستی پێکرد و لەوێوە بۆ بوارەکانی کولتووری و ئابووری دابەزی، لەسەر هەمان مۆدێل، کوردیش بۆ دروستکردنی نەتەوە ویستوویەتی سەرەتا دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرێ و دواتر بۆ ئامادەکردنی ڕەهەندە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوە دابەزێ. بزاڤی ناسیۆنالیستی کورد ئەوەندەی ڕووی لە پەلاماردانی دەوڵەتی (زاڵ) و گرتنەدەستی دەسەڵات بووە، ئەوەندە ڕووی لە نێوخۆی کۆمەڵگەی کوردی و فەرهەنگسازیی نەتەوەیی و دروستکردنی وشیاریی نەتەوەیی و بنەماسازیی نەتەوەیی نەبووە. واتا ویستوویەتی لە ڕێگەی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی (دەوڵەت)ەوە بۆ نێو کۆمەڵگە دابەزێ، نەک لە ڕێگەی بەستێنسازیی کۆمەڵایەتی و کولتووری و نەتەوەییەوە بۆ دروستکردنی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسیی نەتەوەیی سەرکەوێ. مۆدێلی نەتەوەسازیی کوردی، مۆدێلێکی لێنینییە کە ڕووی لە دەسەڵاتە؛ ویستوویەتی لە ڕەهەندی سیاسییەوە بێتە نێو ڕەهەندە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوە؛ ویستوویەتی لە ڕەهەندی سیاسییەوە دەست پێ بکا و دواتر بپڕژێتە سەر ڕەهەندە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوە و کاریان لەسەر بکا؛ بەبێ ئەوەی بنەما کولتووری و کۆمەڵایەتیەکان ئامادە بن، شۆڕشی سیاسی کردوە و ویستوویەتی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ. ئەگەر چاو لە مێژووی بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد بکەین، ڕێک لەبەر هۆکاری نائامادەیی کولتووری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، سەرکەوتوو نەبووە. هۆکاری سەرەکیی ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد، لەبار نەبوونی زەمینەی کولتووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی گشتیی کۆمەڵگە بۆ بنیاتنانی دەسەڵاتێکی سیاسی ـ نەتەوەیی لەو سەردەمەدا بوو. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە گەشەی نەکردبوو و لە قۆناغی عەشیرەیی و فیۆدالیدا بوو، هەر ئەمەش وایکرد لە کاتی پێویستدا بەشێکی زۆر لە عەشیرەکان بەهۆی بەرژەوەندیی عەشیرەیی و نامۆبوون بە عەقڵییەت و کولتووری نەتەوەیی، لەو دەسەڵاتە سیاسییە پشتیوانی نەکەن و پشتی بەردەن. دەرەنجامەکە ئەوەیە ئەگەر بنەما کولتووری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانی بزاڤێکی سیاسی لەبار و ئامادە نەبوون، ئەم بزاڤە قەتیس دەمێنێ و سەر ناکەوێ. لێرە دایە کە گرینگیی ئەولەوییەتدان بە ڕەهەندە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، کە ڕۆڵی بنەما بۆ سەرخانی سیاسی دەبینن، دەردەکەوێ. لە ڕەوتی خەباتی کورددا ئەم دوو ڕەهەندە جێگۆڕکێیان پێ کراوە؛ ڕەهەند و سەرخانی سیاسی خراوەتە پێشەوە و ئەولەوییەتی پێ دراوە و، ڕەهەندی کولتووری و کۆمەڵایەتی، یان دوا خراوە یان گرینگیی پێویستی پێ نەدراوە. کورد لە ڕەوتی نەتەوەسازیدا، لەجیاتی ئەوەی کە لە بنەماسازی و بەستێنسازیی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە بۆ بیاڤی سیاسی سەرکەوێ، لە بواری سیاسییەوە دەستی پێ کردوە و ویستوویەتی لەوێڕا بۆ بواری کولتووری و کۆمەڵایەتی دابەزێ. ئەمەش وایکردوە کە کورد بە تێکڕایی لە خەباتدا بەشدار نەبن و لە ڕەوتی خەباتی کورددا شاهیدی کەمایەتییەکی چالاک و زۆرینەیەکی ناچالاک بین. مێژووی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان ئەوە دەسەلمێنێ کە هەتا بنەما کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوە ئامادە نەبن، زەحمەتە بتوانرێ دەسەڵاتی سیاسیی نەتەوەیی بینا بکرێ و بپارێزرێ. هەتا کورد لە ئاستێکی بەرفراوانی جڤاکی و گشتیدا بۆ مافەکانی نەکەوێتە سەر پێ، مافەکانی دابین نابن. ئەمەش بێگومان بە شۆڕشێکی زەینی و ئامادەسازییەکی عەقڵی و کۆمەڵایەتیدا تێپەڕ دەبێ. بەبێ ئەم شۆڕش و ئامادەسازییە کولتووری و کۆمەڵایەتییە، شۆرشی سیاسی بڕ ناکا و دەکەوێ. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارا دایە و پێویستە یارمەتیدەری بین، مۆدێلێکی پێچەوانەی مۆدێلی لێنینیی ناسیۆنالیزم و نەتەوەسازییە؛ مۆدێلێکی کۆمەڵگەتەوەر و پڕۆسەییە؛ واتە ئەم مۆدێلە بەپێچەوانەی فۆڕمالیزمی سیاسیی لێنینی، نەتەوەسازی زیاتر وەک پڕۆسە دەبینێ و ئە پڕۆسەیەش تەنیا لە ڕەهەندی سیاسیدا قەتیس ناکا، بەڵکوو فراوانتر و فرەڕەهەندتر دەڕوانێتە ئەم پڕۆسەیە. مۆدێلێکە لەجیاتی ئەوەی لە دەستپێکدا چاوی لە گرتنە دەستی دەسەڵات بێ، هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێش و خەریکی داڕشتن و فۆڕمبەخشینی بنەما کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەسازییە؛ نایەوێ بەسەر ئەو بنەمایانەدا باز بدا، بەڵکوو ئەولەوییەتیان پێ دەدا و کاریان لەسەر دەکا و دەیانکاتە بناغەیەک بۆ دەسەڵاتێکی سیاسی لە داهاتوودا. ئەم مۆدێلە، مۆدێلێکی گرامشیانەی دروستکردنی نەتەوەیە؛ بەستێنسازی و نەتەوەسازییەکی زەینی و کولتووری و کۆمەڵایەتییە؛ نەتەوەسازییەکە کە لە دروستکردنی بنەما زەینی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەوە دەستی پێ کردوە و بە بەشداری کردنی زۆرینەی کۆمەڵگە، دواجار لە فۆڕمی سیاسیشدا «کامڵ» دەبێ و بە ئاکام دەگا.