کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی چی بە دەستەوە ماوە؟

17:50 - 1 جۆزەردان 2719

١٨ی بانەمەڕ ساڵێک بەسەر کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کە بەرهەمی ٣ ساڵ کار و کۆبوونەوەی هەیئەتە جیاوازەکان و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ٥+١ بوو و لە پووشپەری ١٣٩٤ ئیمزا کرابوو تێپەڕی. دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ لە واشینگتۆنەوە هەڕەشەکانی لە دژی ئێران خستە بواری جێبەجێکردن و یەک لە دوای یەک تەحریمی وەک سزادانی ئێران بە گوێنەدان بە داخوازەکانی لەسەر بەشە جۆراوجۆرەکانی ئابووریی ئێراندا سەپاند. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کۆماری ئیسلامیش بە بەردەوامی هەڕەشەی تۆڵەستاندنەوەی دەکرد. دوای تێپەڕینی یەک ساڵ، ئەمریکا سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند و سزای بەسەر ئەو ناوەندە سەربازی، ئەمنیەتی و ئابوورییەی کۆماری ئیسلامیشدا سەپاند. هەروەها بە مەبەستی وشککردنی داهاتی نەوتی ئێران، هەڕەشەی سزادانی هەموو ئەو وڵات و کۆمپانیانەی کرد لە ئەگەری درێژەدان بە مامەڵەی کڕینی نەوت لە ئێران. لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی کە سەرەتا وای نیشان دەدا کە سزا و تەحریمەکانی ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر ئێران نابێ، کەوتەخۆ و بە پێهەڵاگوتن بە تواناییەکانی سپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرموزی کرد بە مەبەستی پێشگرتن لە بەڕێکردنی نەوتی وڵاتانی خەلیج. هەڕەشەیەک کە کەس بە جیددیی نەگرت و نەیتوانی بیکا بە فشارێک لەسەر ئەمریکا. جگە لەوانەش گلەییکردن لە ئورووپا و هاواربردنە بەر پۆتین و کەوتنەخۆ لە سەفەرە دیپلۆماسییەکانی وەزیری دەرەوەش دادی نەدا و ئەوجارەش نە ڕووسیە و نە ئورووپا نەک نەچوونە پشتی، بەڵکوو بەگوێی ئێرانیان دادا کە پێویستیە وادە و بەڵێنی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەکانی لەیاد بێ! هەموو ئەم شتانە لە هەلومەرجێکدا هاتنە بەر باس کە ئەمریکا گەلەپاپۆڕە زەبەلاحە فرۆکەهەڵگرەکانی خۆی بەرەو کەنداو وەڕێ خستبوو و بە ئاشکرا بە ئێرانی گوت ئەگەر هەڵەیەک بکەی لەگەڵ ئەو هێزە بەرەوڕوو دەبیتەوە. بەمجۆرە لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا هەتا ئێستاش باس لەوە دەکا کە بە نیازی شەڕ نییە و دەیەوێ کۆماری ئیسلامی بکێشێتە سەر مێزی وتووێژ، بەڵام درێژەکێشانی ئەو دۆخە لەوانەیە ئەو دوو لایەنە پەلکێشی شەڕ بکا. کۆماری ئیسلامی کە لە هەموو دەرکەیەکی دا هەتا یار و پشتیوانێک بۆ خۆی ببینێتەوە ئیستا لە بەرامبەر بەرژەوەندیخوازیی ئەو وڵاتانەی وەک ڕووسیە کە بە هەوانتە ملی بۆ ڕاکێشابوون و بە دۆستی خۆی دەزانین لە لایەک و، زیادبوونی فشارەکانی ئەمریکا لەولاوە بێدەرەتان و بەتەنیا ماوەتەوە. هەروەها باش دەزانێ لە گەمەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا وێنزۆئێلا و کورەی باکوور و سووریە ناتوانن هیچ یارمەتییەکی بدەن و ئیستا خۆیان ماونەتەوە و گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی شیعەی دروستکراوی خۆیان لە وڵاتانی دەورووبەر، جا چ لە یەمەن بێ یا لە لوبنان، سوورییە و عێراق یا پاکستان و ئەفغانستان. بەڵام تۆ بڵێی شەڕی ئەمریکا کە لە قەراغ سنوورە ئاوییەکانی ئێران لە کەنداوی فارس بە وردی چاوەدێری جمووجۆڵەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن بەم گرووپانە بکرێ و ڕێبەرانی نیزامیش پاڵی لێ بدەنەوە و سەیری ئەو یارییە ئاگرینە بکەن؟ ئەوەی جێی سەرنجە، لەگەڵ پێداگریی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە مەبەستیان لەو کارانەیان لەلایەک زیادکردنی فشارەکانە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هەتا مل بۆ وتووێژ ڕابکێشن و کۆکردنەوەی هێزەکانیشیان بۆ بەرگری لە کردەوەی خراپەکارانەی ئێرانە و هەتا ئیستا چەند جارێک ئاغای تڕامپ و وەزیرەکانی ڕایانگەیاندوە کە مەبەستیان هێرشکردنە سەر ئێران نییە، ڕێبەرانی نیزامیش هەر ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەمریکا شەڕ لەگەڵ ئێران ناکا و تەنیا دەیەوێ فشارەکان لەسەر ئەوان زیاد بکا. دیارە ئەگەر ئەم قسەی هەردوولا وەک یەک دەچن کە ئەمریکا هێرش ناکاتە سەر ئێران، بەڵام بە دڵنیاییەوە مەبەستەکانیان لەم دەربڕینە هاوشێوە جیاوازە. دەوڵەتی ئەمریکا کە بە ئاشکرا و بە کۆکردنەوەی ئەو هێزە زەبەلاحە کە تەنیا دەتوانێ بۆ شەڕێکی یەکلاکەرەوە پێویست بێ هەلومەرجێکی ئامادە بۆ شەڕی خوڵقاندوە کە پێویستیی بە ئامادەکردنی بیروڕای گشتییە لەنێو خەڵکی ئەمریکا و کەمکردنەوەی حەساسییەتی دژبەرەکانی لە نێوخۆی وڵات و هەروەها ئارام ڕاگرتنی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و کاتی دەوێ بۆ هاوڕاکردنی وڵاتانی دیکە لەگەڵ سیاسەتەکانی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا. بەڵام ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی کە دەستیان لە دنیا بڕاوە، لە دووپات کردنەوەی ئەم قسەیە کە ئەمریکا شەڕیان لەگەڵ ناکا مەبەستی جیاوازیان هەیە. ئەوان باش دەزانن کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا و پاش هاتنە سەرکاری دۆناڵد تڕامپ لە ئەمریکا پێ بە پێی سیاسەتە هێرشبەرانەکانی ئەمریکا مەجبوور بوون لە زۆر لە سەنگەرەکانی پێشوویان کە وەک ئێمپراتۆرییەک شانازییان پێوە دەکرد بکشێنەوە. لێدانی پەیتا پەیتای هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە لە لایەن ئیسرائیلەوە و لە نێوچوونی دەیان پێگەی سەربازی و هەزاران کوژراو و بریندار لە هێزەکانی سپای پاسداران، کشانەوەی بە زۆرەملی هێزەکانی حووسی لە یەمەن و دەسبەرداربوون لە بەشێک لە سیاسەتەکانیان لە عێراق کە وەک کارتی فشار بەکاریان دەهێنا، بەشێکی بچووک لەو شکستانەن کە بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە. شکست گەلێک کە لە چاوی هێزەکانی سپای پاسداران بە دوور نییە و دەزانن کە ئەم شکست و پاشەکشانە چ کاریگەرییەکی خراپی لە سەر توانا و ورە و باوەڕ بە شەڕی ئەوان داناوە. قۆستنەوەی تویتێکی تڕامپ کە دەنووسێ "نایەوێ شەڕ لەگەڵ ئێران بکا" تەنانەت لەلایەن عەلی خامنەییەوە و دووپات کردنەوەی ئەو قسە نە تەنیا نیشانەی بەهێزیی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو ئەو ڕاستییە دەردەخا کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە باشی هەست بە نەبوونی توانایی بەرەنگاربوونەوەیەکی نیزامی دەکەن و بەم جۆرە دەیانەوێ دڵخۆشیی هێزەکانیان بدەنەوە کە مەترسن شەڕ ڕوو نادا! لە دوایین گۆڕانکارییەکانی ئەم کێشە سیاسییە و بە دوای تەقینەوەی مووشەکێکی کاتیۆشا لە نزیک سەفارەتی ئەمریکا لە بەغدا و پەیامی تویتێری تڕامپ کە دەڵێ "ئەگەر ئێران بە دوای شەڕەوەیە ئەمە بەڕەسمی کۆتایی ئێران دەبێ. جارێکی دیکە هەرگیز هەرەشە لە ئەمریکا مەکەن"، هەڵوێستی جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بریتانیا کە ماوەیەکە هەڵوێستەکانیان لە بۆچوونی ئەمریکاییەکان نزیک بۆتەوە جێگەی سەرنج بوو کە دەڵێ، بە ئێرانییەکان دەڵێم کە ئەمریکا بە تەمای شەڕ نییە بەڵام ئەوانیش ئیرادەی ئەمریکا لە مەحەک نەدەن. ئەمەش ئەوە دەردەخا کە سەرەڕای باسکردن لە وتووێژ ڕوودانی شەڕ بە دوور نابیندرێ. بەڵام پەیامی تویتریی جەواد زەریف لە هەمووان سەرنج ڕاکێشترە و وەک ئەوە دەچێ کە نەزانێ لە درێژەی مێژووی ئێراندا بە هۆی ناکارامەیی دەسەڵاتدارانی ئێران چ بەڵاهایەک بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا هاتوە و چۆن نەزانی و خۆ بە زلزانی دەسەڵاتداران لە زۆربەی دەورە مێژووییەکاندا و بە هۆی شەڕ و تێکشکانی لشکرەزەبەلاحەکانی ئێران، وڵاتەکەیانی بچووک و بچووکتر کردۆتەوە هەتا ئەو جێگەی کە بووەتە پشیلەیەک کە ئیستا بە باسکردن لە فێدرالیزم یا دابینکردنی مافی نەتەوەکان لە سەر و کلککردنی دەترسن. ئاغای زەریف ئەوەی لە بیر چۆتەوە کە نە تەنیا ئەسکەندەر و چەنگیز بەڵکوو عەرەب و ئەفغان و هەر کەسێک کە ڕۆژێک چاوی تەماحی لە سەریان بووە بە حاسانی بەشێک لەو خاکەی داگیر کردوە و بەشی خۆی لێ پچریوە. ئەو دەبێ لە بیری بێ کە ئیمام خومەینی کاتێ کە عێراق لەشکریانی ئیمامی زەمانیان تێک شکاند چۆن بۆ خۆدەربازکردن جامی ژەهری نۆش کرد، ئەدی ئەودەمی ئەم هەموو غیرەتە لە کوێ بوو؟ هەرچەند ئەو کە باس لە ئێرانی دەکا و داوا دەکا کە هەڕەشە لە هیچ ئێرانییەک مەکەن دەزانێ کە هەڕەشەکان ڕوویان لە خەڵکی ئێران نییە، بەڵکوو لە کۆمەڵێک دەسەڵاتداری مافیایی و دوور لە خەڵکە کە ماوەی چل ساڵە ئەوەی لە دەستیان هاتوە بۆ لە نێوبردنی ئەرزشە ئینسانییەکانی ئەو خەڵکە کردوویانە. هەر بۆیە ئێستا ئەو خەڵکەی کە ئەوان باسی دەکەن نە بیر لە شەڕ دەکەنەوە نە لە وتووێژ. ئەوان بیر لە گۆڕانێک دەکەنەوە کە ئەو هەموو زۆردارییە چل ساڵەیان لەسەر کەم بکاتەوە. ئەگەر وتووێژ ڕێگەیەک بێ بۆ سازانێکی دیکەی نێودەوڵەتی کە نە تەنیا بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بپارێزێ بەڵکوو یارمەتی بە کورتکردنەوەی دەسەڵاتی ملهوڕانەی ئەو تاقمە لە دەسەڵاتدارانی ئیستای ئێران بدا و بە هۆی لاوازکردنی دەسەڵاتەوە داواکارییە بنەڕەتییەکانی تێکڕای دانیشتووانی ئەو وڵاتە دابین بکرێ، بێگومان لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە پێشوازیی لێ دەکرێ. وە ئەگەر بەپێی سیاسەتی هەمیشەیی دەسەڵاتدارانیش بێ و شەڕ هەڵایسێ، گۆمان لەوەدا نییە کە خەڵک لە بەرەی کۆماری ئیسلامیدا نابن و بە پێچەوانە دەبن بە بەشێک لە هێزی ڕزگاریدەر لە چنگ زوڵم و زۆرداری باندە مافیاییەکانی کۆماری ئیسلامی. حیزبی ئێمە و خەڵکی کوردستانیش کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا و بە پێی پیلانی دژە مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی لە ژێر هەڕەشەی لە نێوچووندا بووە، قەت شەڕخواز نەبووە و شەڕی بە نیعمەتی ئیلاهی نەزانیوە. بەڵام لەوە دوودڵ نییە کە ئەگەر شەڕێک ڕوو بدا هۆکاری سازبوونەکەی ملهوڕی و زێدەخوازیی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییە و ئەو گەلەی چوار دەیەی تەواو بۆ پاراستنی خۆی و گەیشتن بە ئامانجەکانی خەباتی کردوە و قوربانی داوە نابێتە لشکری پارێزەری ئەو ڕێژیمە و ئەگەر مل بۆ داواکارییەکانی ڕانەکێشێ یارمەتیدەر دەبێ بۆ لە نێوچوونی و ڕێگە خۆشکەر دەبێ بۆ گۆڕانکارییەک کە ژیانێکی ئازاد و دێموکراتیک بۆ هەموو گەلانی ئێران دابین بکرێ و مافە ڕەوا نەتەوەییەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش تێیدا دەستەبەر بکرێن. ئیستا ئیتر بە ڕوونی دیارە کە کۆماری ئیسلامی نە پشتیوانیی خەڵکی شەهادەتخوازی! ماوە و نە دۆست و نە ئیمکاناتی وەڕێخستنی شەڕێک کە بە تەنیا دەبێ ڕووبەڕووی هێزی گەورەترین لشکرەکانی وڵاتانی دوور و نزیک ببێتەوە. تەنیا شتێک کە بە دەستییەوە ماوە کە ناتوانێ دڵ بەویش خۆش بکا، بوونی ئەو چەند گرووپە تێرۆریستییەیە کە سپای قودس ڕێبەرییان دەکا، هەرچەند پێ ناچێ هەلومەرجی سیاسیی ناوچە مەجالی جموجۆڵێکی ئەوتۆ بەوانیش بدا. هەر بۆیە ئەگەر خۆی لە قەرەی شەڕێکی کاتی و کورت ماوەش بدا ئەوە یا سەری خۆی لەسەر دادەنێ یا ناچار دەبێ مل بۆ داخوازییەکانی ئەمریکا بۆ وتووێژ ڕابکێشێ و نەرمشە قارەمانانەکانیان دووبارە بکەنەوە. ئەگەرچی لەو دۆخە نالەبارەی نێوخۆی وڵات و پەرەگرتنی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان، ئەمەش ناتوانێ ڕێگەیەک بێ بۆ ڕزگاربوونیان لە چنگ قەیرانە نێوخۆییەکان و درێژەدانی دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەیان.