کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکی سێ شەهیدی حیزب لە شاری سنە

22:00 - 1 جۆزەردان 2719

دایە گەوهەر سادقی، دایکی سێ شەهیدی حیزب، شەهیدان؛ شاپوور، شاریار و عەبباس شەریعەتی، لە شاری سنە کۆچی‌دوایی کرد. دایە گەوهەر سادقی کە رێکەوتی ٣٠ بانەمەڕی لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد، سێ کوڕی لە پێناو سەربەستیی خاک و خەڵکی کورستان لە دەیەی شەستی هەتاویدا گیانیان بەخت کردوە. شەهید شاریار شەریعەتی کە وەک ئەندامی نهێنیی لە شاری سنە ئەرک و ڕاسپاردەکانی حیزبی بەڕێوە دەبرد، مانگی خەرمانانی ١٣٦٧ی هەتاوی دوای گیرانی لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئێعدام کرا. شەھید شاپوور شەریعەتی، یەکێکی دیکە لە کوڕەکانی دایە گەوهەر سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٩ لە کاتێکدا لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی حیزبی لە نێو شاری سنە سەرقاڵی بەرێوەبردی ئەرکی حیزبی بوون، دەستبەسەر کران و شەهید کران. کوڕێکی دیکەی دایە گەوهەر بە ناوی عەبباس، لە پلەی کادری تەشکیلاتیی شار سنەدا، هاوینی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی بە هۆی تێکەڵچوونیان لە گەڵ هێزە دژیگەلییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەڵ چەند هاوڕێی پێشمەرگەیدا شەهید کران. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانی شەریعەتی و سادقی و سەرجەم خەڵکی شاری سنە و ناوچەکانی دەورووبەری بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە گەوهەرەوە، وەدیهاتنی ئامانجی بەرزی شەهیدان بە ئاوات دەخوازێ.