کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ دوویەمین جار لە ناوچەی لەیلاخ بۆ لافاولێدراوانی لۆڕستانی یارمەتی کۆکرایەوە

22:06 - 1 جۆزەردان 2719

ڕێکخراوی شەیای سەوزی لەیلاخ دوویەمین کاروانی یارمەتییەکانی خەڵکی ناوچەی لەیلاخی گەیاندە شاری زیاندیتووی پۆلدوختەر. لە درێژەی هەڵمەتی یارمەتی کۆکردن و گەیاندن و دابەشکردنی لە ناوچە لافاو لێدراوەکانی پارێزگای لۆڕستان، کاروانێکی دیکە لە یارمەتییەکانی خەڵکی شاری دێولان و دەوروبەری، گەیشتە دەستی خەڵکی لێقەوماوی پۆلدوختەری لۆڕستان. جێی ئاماژەیە لە یەکەم ڕۆژانی هەستانی لافاو لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لۆڕستان کە خەسارێکی زۆری بەوناوچانە، بەتایبەتی بە پارێزگای لۆڕستان گەیاند، چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی نێوخۆی وڵات و دەروەی وڵات بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لە ژێرناوی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" هەڵمەتێکی کەموێنەیان بۆ یارمەتی دانی خەڵکی لێقەومای لافاولێدراو بەڕێوەبرد. لەو هەڵمەتەدا کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەڕێوەچوو خەڵکی کورد بۆ جارێکی دیکە تابلۆیەکی شیاو و، جوانیان لە مرۆڤایەتی و کوردایەتی نواند. ڕێکخراوی شەیای سەوزی لەیلاخ کە لە ساڵی ٩٢ی هەتاوی و لە سەر دەستی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لە شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە دامەزراوە، هەر لە یەکەم چرکە ساتی کارەساتی هەستانی لافاو و خەسارکەوتن لە هاونیشتمانییانی پارێزگای لۆڕستان، سەرەڕای گیروگرفتەکان هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی و ئەرکی گەیاندنی بە دەستی لێقەوماوانی بەڕێوەبرد و لە حەوتووی ڕابردووش دوویەمین کاروانی یارمەتییەکانی ڕەوانەی ناوچەی پۆلدوختەر لە پارێزگای لۆڕستان کرد. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە ڕێکخراوی شەیای سەوزی لەیلاخ لە کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشانیش بە ماندووبوونی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە سێ جار یارمەتی بۆ خەڵکی سەرپێڵزەهاو کۆکردەوەو، هەروەها لە پێناو کارەساتی کۆمەڵکۆژییەکەی شەنگال و کۆبانی لە ساڵی ٩٣ی هەتاوی ، ئەو ڕێکخراوەیە بە ڕووحێکی نەتەوەییەوە ، هەڵوێستی گرت و یارمەتی کۆکردەوە. شایانی باسە ڕێکخراوی شەیای سەوزی لەیلاخ کە ڕێکخراوێکی فەرهەنگی و ژینگەپارێزییە جیا لە چالاکی مەدەنی لە کەمکردنەوەی ئاستی گرفتە کۆمەلایەتییەکان لە شاری دێولان و دەوروبەری ڕۆڵی بەڕچاوی هەبووەو ناوەندێکە بۆ هاندانی لاوان و تازەلاوان بۆ خۆ پێگەیاندن لە بوارە جیاجیاکاندا.