کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە بانەمەڕی 1398ی هەتاویدا

12:44 - 2 جۆزەردان 2719

لە ماوەی مانگی بانەمەڕی ئەمسا‌ڵدا هەر نەبێ 100 حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردوون. به‌ پێی بانکی زانیاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم مانگەدا‌ لانیکەم 26 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، بەربوونەوە لە شاخ بەهۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی، یان خنکان کوژراون و بریندار بوون. لەو 26 کاسبکارە 11 کەسیان بریندار و 15 کۆڵبەریش کوژراون و گیانیان لە دەست داوە. کوژران و برینداربوونی 26 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی بانەمەڕ لە حالێکدایە کە لە مانگی خاکەلێوەشدا 13 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە پێناو پارووە نانێکدا کوژرابوون و بریندار بوون. بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون و بریندار بوون گەیشتۆتە 39 کەس. شایانی باسە کە پارەکە 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆکاری سروشتیی وەک ڕەقهەڵاتن لە سەرما و هۆکاری ناسروشتیی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرابوون و بریندار بوون. لە مانگی بانەمەڕی ئەم ساڵدا هەروەها 4 زیندانیی کورد ئێعدام کراون و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە زیندانەکاندا ئێعدام کراون گەیشتە 6 کەس. جێێ باسە کە دەزگای قەزایی ڕێژیم لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم لانیکەم 49 بەندیی کوردی لە زیندانەکانی ئێراندا ئیعدام کردبوو. لە پێوەندی لەگەڵ گرتن و بەندکراندا، لە ماوەی مانگی بانەمەڕدا لانیکەم 40 کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون، گەیشتە 65 کەس. لەو 65 کەسە لانیکەم 15 کەسیان لە دادگایی ناعادڵانەدا سزای قورسی زیندانیی لە شەش مانگ، 5 ساڵ و هەتا 20 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ماوە بڵێین لە ساڵی ڕابردووشدا 641 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. تەقینەوەی مینی چێندراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی لەم مانگەشدا قوربانیی لێ کەوتەوە و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی 6 کەس کە ناوەندی مافی مرۆڤ توانیویەتی ناوی 2 کەس لەوان ئاشکرا بکا و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون گەیشتە 7 کەس. دیارە ساڵی ڕابردووش 48 کەس لە کوردستان بەم هۆیە گیانیان لە دەستدا بوو. خۆکوژی، دیاردەی تژایدیکی مانگی بانەمەڕ بوو. لە مانگی بانەمەڕدا لانیکەم زیاتر لە 36 کەس خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 28 کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا خۆیان کوشتوە و ناو و نیشانیان تۆمار کراوە، گەیشتە 48 کەس. لەم 48 کەسە 28 کەسیان ژن و 20 کەسیان پیاو بوون. جێی باسە ساڵی ڕابردووش 170 کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان دابوو، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو ببوو، و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێنابوو. لەو 170 کەسە 62 کەسیان پیاو و 108 کەسیان ژن بوون و که‌م ته‌مه‌نترینیان کوڕێکی 12 ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان پیاوێکی ته‌مه‌ن 63 ساڵ بووه‌.