کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا داوایکرد هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەخێرایی سووریە بەجێ بێڵن

20:00 - 2 جۆزەردان 2719

نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریە ڕایگەیاند کە سووریە پێویستی بە دیالۆگی نێوان لایەنەکان هەیە و یەکێک لە شەرتەکان ئەوەیە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەخێرایی وڵاتی سووریە بەجێ بێڵن. ڕۆژی چوارشەممە یەکی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی، "جیمز جفری" نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریە ڕایگەیاند کە لە کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەران کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ستراتیژی تایبەت بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارە بۆ کێشەی سووریە پێکهات کە ستراتیژی ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و ناکۆکییەکانە لەو وڵاتە و یەکێک لە گرینگترین شەرتەکان، چوونەدەری هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە سووریە. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە ستراتیژی ئێمە پێش هەموو شتێک کۆتایی هێنانە بە داعش و دواتر چوونەدەری هەموو هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەسپێکردنی وتوویژ لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان لەژێر چاودێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا. جیمز کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ڕووسیەی لە پیوەندی لەگەڵ سووریەدا بە ئەرینی لەقەڵەمدا. دەوڵەتی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆتە هۆی پەرەپێدانی شەڕ و گرژییەکانی سووریە و هەروەها هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر وڵاتی ئیسڕائیل، هەر بۆیە دەوڵەتی ئیسڕائیل تا ئێستا بە مووشەک و فڕۆکە هێزەکانی سپای پاسدارانی مووشەکباران و بۆمباران کردووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەرەتای خۆپێشاندانەکانی خەڵکی سووریە، بوو بە یەکێک لە پشتیوانانی بەشار ئەسەد و وێڕای حکوومەتی سووریە هەزاران جینایەتی لەو وڵاتە خوڵقاند و بوو بەهۆی کوژرانی سەدان هەزار کەسی بێتاوان لە ژن و پیاو و گەنج و پیر و مناڵی ئەو وڵاتە و بە میلیۆن کەسیان بۆ خاتری بەرژەوەندییە نائینسانییەکانی خۆیان دەربەدەر و بێ خانە و لانە کرد و تا ئێستاش لە سەر درێژەدانی ئەو کوشت و کوشتار و جینایەتە هەر بەردەوامن. بەشێکی زۆری قووت و سامانی خەڵکی ئێرانیان بۆ مەبەستە شوومەکانی ڕێژیمەکەیان بەکار هێناوە و خەڵکێکی زۆری ئێرانییان لەو وڵاتە بە کوشت داوە و تا ئێستاش هیچ دەسکەوتێکیان بەدەست نەهێناوە.