کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەڕەبستان داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد پێش لە هەوڵە تێکدەرانەکانی ئێران بگرێ

20:04 - 2 جۆزەردان 2719

بەپێی ڕاپۆرتی تەلەڤزیۆنی ئەلعەڕەبییە، عەڕەبستانی سەعوودی لە نامەیەکدا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد کە پێش لە كردەوە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگرێ. لە نامەکەی عەڕەبستانی سەعوودی دا هاتوە کە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان پێش لەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی بگرێ کە خەریکە ناوچەکە بەرەو شەڕ و ئاژاوە پەلکێش دەکا. عەڕەبستان کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کردووە بە کاری تێکدەرانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوکاری و پشتیوانی گرووپ و میلیشیا توندڕۆکان و هەروەها حوسییەکانی یەمەن کە لەو ماوەیەدا چەند هێرشێکیان کردە سەر چەند ناوەندێکی عەڕەبستانی سەعوودی. عەڕەبستان ئێرانی تۆمەتبار کردوە بەوەی کە مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بی فڕۆکەوانی داوەتە حوسییەکانی یەمەن هەتا هێرش بکەنە سەر خاک و وڵاتی عەڕەبستان. شایانی باسە دوای ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی بەهێزکردنی شیعەگەری لە جیهان و ناوچەکە دا، دەستی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان وەردا و بە پێکهێنان و پشتیوانی لە چەند گرووپ و میلیشیای وەک حیزبوڵڵای لوبنان، حەمماس لە فەلەستین، حوسیەکانی یەمەن، فاتمیون و زەینەبیون لە ئەفغانستان، گرووپی جۆراوجۆر لە سووریە، حەشدی شەعبی لە عێراق و گرووپێکی دیکە لە قەتەر، بوو بەهۆی ئەوەی کە کێشە و ئاژاوە بخاتە ئەو وڵاتانەوە و بە بەهێزکردنی ئەو گرووپ و میلیشیا توندڕەوانە هێژموونی خۆی بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا بسەپێنێ. ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو بەهۆی ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەکە بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبن و ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە ناوەندە پێوەندیدارەکانی جیهان. دەوڵەتی ئەمریکا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین بەرژەوەندی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و بۆ پشتیوانی لە دۆستەکانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی گەمارۆکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردەوە، سپای پاسدارانی خستە لیستی تێرۆرەوە و هێزی پۆشتەوپەرداخی سەربازیی خۆی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو شوێنانە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەن هێز و دەسەڵاتە و بەو شێوەیە ناوچەکە ڕۆژبەڕۆژ ئاڵۆزتر و بەرەو دۆخێکی نالەبار دەچێ و ئیحتیمالی شەڕ و پێکدادانی دەوڵەتان لە ناوچەکەدا زیاتر لە جاران پەرەی سەندوە.