کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لە گۆڕانگارییەکانی ئێستا و چییەتی ئەرکەکان؟

01:00 - 3 جۆزەردان 2719

لە دوای ھاتنەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام، ئێران لە بواری سیاسی و ئابوورییەوە تووشی زۆر گۆڕانکاری هاتوە، ئەم گۆڕانکارییانەش ھەم کاری کردۆتە سەر بلووکبەندی دەسەڵات لە تاران و ھەم ڕیزبەندییە چینایەتی و جموجۆڵە کۆمەڵایەتییەکان. خۆ ئەگەرچی لە بنەڕەتدا رووحانی و باڵی دەسەڵاتداری دەوڵەت، بە نیسبەت سیاسەتی دەرەوە، ئازادیە کۆمەڵایەتیەکان و تا ڕادەیەکیش ئازادییە سیاسیەکان جیاوازییەکی ڕێژەیی زۆر کەمی لەگەڵ بناژۆخوازەکان هەبوو، بەڵام سیاسەتەکانی دەوڵەتی ترامپ و ھاتنەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام بوو بە ھۆی ئەوەی گوتاری ڕووحانی بە تەواوی لە میانەڕەوییەکی ڕێژەیی دوور کەوێتەوە. ئەم دۆخە بوو بە ھۆی ئەوەی گوتاری سپای پاسداران ببێتە ھێمای سیاسەتی دەرەوە ئێران. کەواتە ئەوەی بەرچاوە ئەو ڕاستییەیە کە «ڕێفۆرمخوازان» بە تایبەت ڕێفۆڕمخوازانی تا ڕادەیەک باوەڕمەند بە گۆڕانکاری، خەریکی جیابوونەوە لە دەوڵەتی رووحانین. ھەڵبەت ھەڵوێستی نەگونجاوی ڕێفۆڕمخوازان لە زستانی ٩٦ و ھاوینی ٩٧ بە نیسبەت ئەو خەڵکەی بەردەوام لە دوو دەیەی ڕابردوودا بۆ لایەنگری ئەم باڵەی دەسەڵات چ لە ھەڵبژاردنەکاندا و چ لە ئێعترازەکانی وەک ٧٨ و ٨٨دا لە سەر شەقام بوون، بووە ھۆی ئەوەیکە پێگەی کۆمەڵایەتییان لاواز بێ و متمانەی گشتیی کۆمەڵگە لە دەست بدەن. گرینگتر لەمەش ھاتنەدەرێی ترامپ لە بەرجام و گەڕانەوەی تەحریمەکان و کشانەوەی کۆمپانیا بازرگانی و پێشەسازییەکان لە ئێران کە گرانبوونی نرخی دراوی بیانی و زیادکردنی ئاوسان و ڕکوود و لە کۆتاییدا پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و هەژاریی لە ڕادەبەدەری بەدوادا هات، وێڕای گۆڕانکاری لە بلووکی دەسەڵاتدا بۆتە ھۆی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە و ڕیزبەندیە چینایەتییەکان و داواکارییەکانی خەڵک و شێوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵگە. چینی مامناوەندی کە لە دەورەی خاتەمیدا گەورە بۆوە و لە دەورەی ئەحمەدینژاد کەوتە ژێر گوشارەوە، لە دەورەی یەکەمی ڕووحانیدا وردە وردە گوڕوتینی گرتەوە، بەڵام لە دەورەی دووھەمی ڕووحانیدا و لەم دوو ساڵەی دواییدا، دیسان کەوتەوە ژێر گوشار. سەرەڕای ئەوەیکە چینی خوارەوەی کۆمەڵگە لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا پتری سەرنج درابوویە، لە دەورەی ڕووحانی و بەتایبەت خولی دووەمدا کەوتۆتە ژێر گوشارێکی کەم وێنەوە. چینێک کە وێدەچێ لە ڕووداوەکانی داھاتووی ئێراندا ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێ، چ  لە ھەڵبژاردنەکاندا کە بە سروشتی ڕەفتاری ئەم چینە دەنگ بە بناژۆخوازەکان دەدەن، چ گۆڕانکاری بە شێوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بێ، کە دەگوترێ ئەگەر لە ئێراندا شۆڕشێک ڕوو بدا، ئەم شۆڕشە شۆرشی برسییەکان دەبێ. دیارە داواکاری سیاسی یەکێکە لە ویستە گرینگەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و داواکاری ئازادیی کۆمەڵایەتیش بە پێچەوانەی دەیەی پێشوو، بەتایبەت ساڵی ٨٨ کە پتر سیاسی بوو و، داواکاریی ئابووری لە پلەی دووھەمدا دەهات؛ لە ئێستادا داواکاریی ئابووری بە ھۆی بارودۆخی خراپی ئابووری لە پلەی یەکەم دایە و، داواکاری کۆمەڵایەتی یا ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان لە پلەی دووی ویستەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا جێ دەگرن. ئەم گۆڕانکاریانە لە بلووکبەندیی دەسەڵات و پێکهاتەی چینایەتی و ویستەکانی کۆمەڵگەدا دەتوانێ ئاراستەی گۆڕانکارییەکان بگۆڕێ. ئەگەر تا ڕوودانی ئەم گۆڕانکارییانە خەڵک بۆ گۆڕان و باشتربوونی وەزعی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ھیوای بە ڕێفۆڕمخوازەکان بوو، ئێستا ڕێژەی متمانەی گشتی بەم باڵە دابەزیوە و دوو حاڵەت ئەگەری ڕوودانی ھەیە: یەکەم، یا ئەم دابڕانی ھیوایە دەبێتە ھیوابڕانی گشتی لە گۆڕان و ھەوێنی شۆڕشێکی بنەڕەتی کە بێجگە لە چینی مامناوەندی و سەرەوە، چینی چینی خوارەوەی کۆمەڵگەش لە مەیدانەکە دایە و ڕۆڵی سەرەکیش دەگێڕێ. دووهەم، چینی خوارەوەی کۆمەڵگە مل بۆ گوتارێکی پۆپۆلیستی و ڕەنگە نیزامی کەچ دەکا و لە ھەڵبژاردنەکاندا متمانەیان پێ دەدەن و داهاتووی سیاسیی ئێران دەکەوێتە دەست وەھا ڕوانگەیەک. ئەوەیکە چۆن ئەگەری ئەوە ھەیە ئەم بێهیواییە بە گۆڕان شکڵی شۆڕشێکی بنەڕەتیی ڕووخێنەر بگرێ ئەوەیە کە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا بۆشاییەک هەیە بە ناوی ئاڵترناتی کە نییە و دەبێ شکڵ بگرێ. بەدیلێک کە بتوانێ متمانەی گشتیی کۆمەڵگە وەدەست بێنێ و دوورەدیمەنێکی ڕوون لە داهاتوو بدا بە خەڵک و، ببێتە ھۆی ئەوەی کۆمەڵگە لە سەر ئەم ئەمنییەتە شکڵی و فۆڕمالیتەیە کە ھەیەتی ڕیسک بکا و بیخاتە مەترسییەوە. بۆ گەیشتن بەو دوورەدیمەنەی کە ئالترناتیڤ وێنای کردوە و ھەر ئەو حوزور و ڕیسکە دەتوانێ ببێتە هۆی ھەرەسپێهاتنی  ئەوەی کە ھەیە و نابێ ببێ، واتە سازمانی سەرکوت، سازمانێک کە دەبێ ھەرەسی پێ بهێندرێ تا کۆمەڵگە بتوانێ لە مەیداندا بێ و ئاکام وەرگرێ.   ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەناوی ئەم گۆڕانکارییەدا کوردستان وەک بەشێک لە جوغرافیای ئێستای ئێران وێڕای هەموو ئەم پێکهاتەیە تووشی شۆکی قەیرانی ئابووری بووە، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر. بۆ دەگوترێ شۆک و بۆچی کەمتر،  چونکی کوردستان قەت ھێندەی ناوەندی ئێران کە ئێستا لە شۆک دایە نەکەوتبووە فەرعانەوە و بابەتی کار و ئاوەدانی کەمتر ڕووی لەم ناوچەیە کردوە. بەپێی ئەم خەسڵەتە و بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی کوردستان پێشتریش پەراویزخراو بووە، گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەریان زیاتر لەسەر ناوەند داناوە و ڕێژەیەکی زۆری خەڵک بەوەیکە لەوانەیە ئەم گەمارۆیانە وەزعی ئەم حکوومەتە یەکلا بکاتەوە خۆشبین و دڵخۆشن. لە کوردستان هەم داوای ئازادییە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئارا دایە و هەم داخوازیی  ئابووریش، بە تایبەت لەم دۆخەی ئێستادا کە ڕێژەیەکی زۆری بێکاری بە تایبەت لەنێو توێژی دەرچووی زانکۆکاندا ھەیە و ئەوان لە ڕوانگەی ئاستی خوێندەوارییەوە پەیوەستبوون بە چینی مامناوەندی و داواکاری سیاسیشیان ھەیە. بەڵام شتێکی دیکە کە لە کوردستان ڕووی داوە و زۆریش بەرچاوە، هەڵکشانی ھەستی نەتەوایەتییە کە بە یارمەتیی کۆمەڵگەی مەدەنی توانیویەتی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بتەنێ و ببێتە بابەتێکی گشتگیر. لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی مەدەنیی ناوەند بە کەڵکوەرگرتن لە فەزای سایبێری، جەختی لە سەر بابەتە ژینگەیی و فەساد، ڕانت و بەربەستی ئازادیە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام لە کوردستان ئەم جەختکردنە لە سەر بابەتە نەتەوەییەکانە و بۆتە ھۆی پەرەدان بە ھەستی نەتەوایەتی. لە کوردستان بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو متمانە بە ڕێفۆرمخوازی لە ئاستێکی نزم دایە کە ھۆکارەکەی بێجگە لە ھۆکارە گشتییەکان کە لە سەراسەری ئێراندا ھاوشێوەن، دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێ نەبوونی بەڵێنەکانی ڕووحانی لە بابەت پرسی ناوچە کوردنشینەکان و ھەڵوێستی ڕێفۆرمخوازان سەبارەت بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان. کەواتە بێمتمانەیی بە ڕێفۆرمخوازان تەنیا ھیوای کورد بە گۆڕانکاری، بە پێچەوانەی ناوەند کە لە قۆناغە جیاوازەکان متمانەیان بە لایەن یا باڵێکی دیکە کردوە _ئەگەرچی لە زۆر قۆناغدا متمانە و دەنگی کورد بە ڕێفۆرمخوازان نەرێنی بووە نە ئەرێنی، بەو مانایەی بۆ بەربەست سازکردن بۆ نەھاتنە سەرکاری توندڕەوەکان_ بۆتە ھۆی بێمتمانەیی گشتی بە کۆی دەسەڵات و گوتاری نێوخۆ بە گشتی بۆتە گوتارێک تێکەڵ بە بێهیوایی بە گۆڕانکاری و نزیک لە ئینقلابی. مانگرتنی گشتیی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی پارەکە سەبارەت بە مووشەکباران کردنی قەڵای دێموکرات و لەسێدارەدانی لاوانی کوردستان، سیاسیترین مانگرتنی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بوو. چون ڕاست بە مانای خۆبەخاوەنزانینی پرسێکی گەورەی سیاسی و ڕاگەیاندنەوەی متمانە بە بەڕابردووترین حیزب بوو. هەروەها نەورۆزی ٩٧ سیاسی و ٩٨ سیاسیترین نەورۆزی کوردستان بوو، چون ھەموو ھێما و نیشانە نەتەوەییەکان بوون کە بەرچاو بوون و بوێرانە کەڵکیان لێ وەردەگیرا، دووی پارەکە (٧٣ساڵەی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان) سیاسیترین بۆنەی نەتەوەیی بوو، چون کەم چالاکی سیاسی و مەدەنی بوو ڕێزی بۆ ئەو ڕۆژە دانەنابێ  و گرینگیی پێ نەدابێ و پۆستی ئینستاگرامی و فەیسبووکی و ...ی لەسەر ئەو بابەتە نەبووبێ. ئەوانە ھەمووی بە مانای جموجۆڵی جیاوازی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پێوەندی لەگەڵ بابەتی نەتەوەیی دایە. کەواتە کۆمەڵگەی مەدەنیی کورد بۆتە کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی و نەترس و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ھێڵە سوورەکانپتر دەبەزێنێ. ئەو کۆمەڵگەیەی کە دەتوانێ ڕێک بخرێ و بۆ زۆر بابەتی ھاوشێوەی مانگرتنەکەی پارەکە حیسابی لەسەر بکرێ. کەواتە بۆ وەھا کۆمەڵگەیەک کە بیری نەتەوایەتیی لە گەشەیە و متمانەی گشتیی بە دەسەڵاتی زاڵ لەو پەڕی نزمی دایە، کەڵکوەرگرتن لە  چەمک و بابەتە ڕێفۆڕمخوازانەکان نە تەنیا ناتوانێ لە خزمەت بزووتنەوەی کوردیدا بێ، بەڵکوو ھۆی دوور کەوتنەوە لەم بەستێنە کۆمەڵایەتییەیە. ئەو ڕاستییە دەبێ بە زەقی ببیندرێ کە کوردستان خەریکە بە گوتارێکی نەتەوەیی گشتگیر لە چوارچێوەی گوتارە گەورە نەتەوەییەکە دەگا کە لە ھەموو بۆنە و ھێما کوردی و نەتەوەییەکان کەڵک وەردەگرێ بۆ گەیاندنی داواکاری و ویستەکانی بە دەسەڵات. بۆ قۆستنەوەی ئەم گۆڕانکاریانە پێویستە ھەر حیزب یا ڕێکخراوێکی سیاسی لەم قۆناغەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە لە بەرچاو بگرێ؛ * گرینگیدان بە کۆمەڵگە مەدەنی و پشتگیری و درووستکردنی متمانەی زیاتری کۆمەڵگە بە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نێوخۆی وڵات. هاندانی خەڵک بۆ پشتبەستن بە هێز و تواناکانی گەل و بەهێزکردنی هەرچی زیاتری گوتاری نەتەوەیی و زەقکردنەوەی بێ‌هیوایی کۆمەڵگەی کوردستان بە ڕەوتی ڕێفۆرمخوازیی دەسەڵات. _ جیاکردنەوەی دوو چەمکی مەدەنی بوون و ڕێفۆڕمخواز بوون، ئەو شتەی کە بۆتە باوەڕێکی چەواشەکراو، واتە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە پێی وایە بڕوامەند بوون بە مێتۆدە مەدەنییەکان بە مانای ڕێفۆڕمخواز بوونە کە لە بنەڕەتدا وا نییە. چونکی مێتۆدی مەدەنی دەتوانێ شۆڕشگێڕانەش بێ و ئەوە بابەتێکە کە لە دەرەوەی وڵات کەس یا ھێندێک لایەن یا خراپیان وەرگرتوە یان بە ئانقەست بۆ لاوازکردنی ئەو لایەنەی کە باوەڕی بەم مێتۆدانە ھەیە وای تەفسیر دەکەن. * وێڕای ئەوەیکە دەبێ لەسەر خەباتی مەدەنی کار بکرێ و بە ھێند بگیرێ، دەبێ ئەدەبیاتی مەدەنی نێوخۆ و ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانەی دەرێ یەکتر بەهێز و تەکمیل بکەن نە ئەوەیکە بە هۆی تێنەگەیشتن لە ئامانجی هەرکام لە بەستێنەکان هەوڵ بدرێ دژوازیی لەنێویاندا درووست بکرێ. * حوزوور لە بۆنەکان و کەڵکوەرگرتن لە کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ حوزوور لەم بۆنانەدا کارێکی باشە کە دەستکەوتی بووە،کەواتە درێژەدان بە ئەم شێوازە دەتوانێ ببێتە ھۆی یەکگرتوویی زیاتر و نزیککردنەوەی دەرێ و نێوخۆ و سازکردنی فەزایەکی گوفتمانی، ئەو فەزایەی کە دەتوانێ تەئسیر لە سەر گوتاری دەرێ دابنێ بۆ لێک نزیک بوونەوە. * پشتیوانی و پاڵپشتیکردنی مادی و مەعنەوی لە بڵاوکراوە، ڕێکخراوە و دامەزراوە مەدەنییەکان * گرینگیدان بە هاوکاریی هاوبەشی حیزبەکان و بەهێزکردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران. ئەم پێکەوە کارکردن و پێکەوەبوونانە، شوێنەواری ڕاستەوخۆی ئەرێنیی لەسەر ڕەفتاری خەڵک لە نێوخۆ دادەنێ و داناوە کە پێویستە پەرەیان پێ بدرێ. * کەوتنە نێو ھاوپەیمانیی سەرانسەریی بە مەرج و لە سەر ئەو بنەمایانەی کە لە چوارچێوەی ویست و داواکاریەکانی خەڵکی کوردستاندا ھەن. پێویستە حەول بدرێ کورد لە مەیدانی دیپلۆماسیدا تەریک نەکەوێ و نەکەوێتە پەراوێزەوە، کەواتە حوزوور لە ھاوپەیمانەتییەکاندا پێوسیتە بەڵام پێویستتر لەوە یەک گوتاریی حیزبە سیاسییەکانە. * لە ھەموو گرینگتر حەولی زیاتر و لەخۆبوردوویی پترە بۆ یەکخستنەوەی نێوماڵی دێموکراتەکان بۆ بە ھێزترکردنی جەماوەریترین ھێزی کوردی و ئیزن نەدان بە لەتبوونی ڕیزەکانی نێوخۆ. چون پتر لە دەرێ، نێوخۆی وڵات کاریگەریی لەم لەتبوونە وەرگرتووە و دەکرێ نیگەرانی مەترسیدار لە داھاتووی کوردستان لە ئەگەری گۆڕانکاریی بنەڕەتی ئێراندا بە ھۆی ئەم دووکەرتبوونە بکرێ.