کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی گۆڕانی ڕەفتاری ڕێژیمی تاران لە لایەن ئەمریکاوە و خواستی گەلانی ئێران

01:02 - 3 جۆزەردان 2719

لەم ڕۆژانەدا کە باس لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ لە نێوان ڕێژیمی ئاخوندەکانی ئێران و دەوڵەتی ئەمریکادا گەرمە، کاربەدەستانی سەرەکیی ئەمریکا بەردەوام باس لەوە دەکەن کە بەتەمای هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران نین و، تەنیا دەخوازن ڕێژیمی تاران ڕەفتارەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێ و؛ لەوە زیاتر قانوونە نێودەوڵەتییەکانی سیستمی نوێی جیهان پێشێل نەکا. هۆکاری ناردنی گەلەپاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری لینکۆڵن و فڕۆکەی B52ش بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە دەیانەوێ وێڕای گوشاری ئابووری کە لە ڕێی گەمارۆکانەوە خستوویانەتە سەر ڕێژیمی ئێران ئامادەیی خۆیشیان بۆ جوابدانەوەی هەر جووڵەیەکی سەربازیی ڕێژیمی تاران نیشان بدەن. بەگوێرەی وتەی کاربەدەستانی ئەمریکا، سیاسەتی گۆڕانی ڕێژیمی تاران لە لایەن ئەمریکاوە بە پڕۆسەیەک جێبەجێ دەکرێ کە خۆیان ناویان لێ ناوە ‹›ئەوپەڕی گوشار››، بۆ ئەوەی بەبێ خوێنڕشتن و جەنگ ڕێژیمی ئاخوندەکان بخنکێنن، یان بیهێننە سەر ئەوەی کە پێملی قانوونە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتان لە ناوچەکەدا ببێ و، دەست لە خەیاڵی ئیمپراتۆریی شیعە و داگیرکردنی وڵاتانی ناوچەکە هەڵگرێ. ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی ئەمریکا هیچ نیشانەیەکی ئەوەی تێدا نییە، کە ئاخۆ ئەمریکا بەرەنگاری سیاسەتە دژی مرۆڤییەکانی ڕێژیم لە نێوخۆی ئێرانیش دەبێتەوە و بەلای ئەمریکاوە گرینگە کە گەلانی ئێران بە خواستە نەتەوەییەکانی خۆیان بگەن، یان نا؟ ئەوەی کە بەڕوونی لەو سیاسەتەی ئەمریکادا دیارە ئەوەیە کە بە جەنگ بێ، یان بەبێ جەنگ، دەبێ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بزانێ لە پێوەندی دەگەڵ سیستمی نوێی جیهانیدا، کە ئەمریکا ڕێبەرایەتیی دەکا، چۆن ڕەفتار بکا و چۆن قانوونە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکا. بەپێی ئەو سیستمە نوێیەی کە ئەمریکا بۆ بەڕێوەبردنی دنیا دایڕشتووە، هەر ڕێژیمی ئێران نییە کە دەبێ پێی ملکەچ بێ، چونکە ئێران بەشێکی بچووکی ئەو سیستمەیە، تەنانەت وڵاتانی ئورووپایی هێژمۆنیی ئەمریکایان لە ئاستێکی بەرچاودا پەژراندوە، بەتایبەت لە ناتۆدا ڕێبەرایەتیی ئەمریکایان قبووڵ کردوە. چین و ڕووسیەش هەوڵیان داوە بۆ مانەوەی هەوێتیی خۆیان ئەو قانوونە نێودەوڵەتییانە لە بەرچاو بگرن. لەو سیستمە جیهانییە نوێیەدا وڵاتان ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی هاوکات لەگەڵ پاراستنی بەرژوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی خۆیان، پێوەندییەکی سیاسیی ئاسایی بۆ پێکەوە کارکردن و پێکەوە هەڵکردن لە نێوان خۆیاندا دامەزرێنن. بەڵام ڕێژیمی تاران لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بە وەژێرپێ خستنی قانوونە نێودەوڵەتییەکان و سووتاندنی ئاڵا و کەرامەتی وڵاتان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان لە تاران و دامەزراندنی تۆڕی تێرۆریستی لە وڵاتانی ئورووپایی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەردەوام بانگەشەی بۆ ئەوە کردوە، کە دەیەوێ سیستمی دادپەروەریی خودا لەسەر زەوی دامەزرێنێ و سیستمی نوێی جیهانی، کە بە ئەدەبیاتی خۆی پێی دەڵێ ‹›ئیستکباری جیهانی›› بڕووخێنێ و نەتەوەی جوو لەسەر زەوی نەهێڵی و هتد. هەربۆیە ئێستا دەوڵەتی ئەمریکا بڕیاری داوە ئەو ڕێژیمە وا لێ بکا مل بۆ قانوونە نێودەوڵەتییەکان کەچ بکا و دەست لە خەیاڵی وەدیهێنانی ئەو سیستمە وەهمییەی خۆی هەڵبگرێ و؛ ئەو ویستەی ئەمریکاش وەدی دێ. بەڵام ئاخۆ گەلانی ئێرانیش لە چنگ ستەمی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ ڕزگاریان دەبێ؟ بێگومان لە حاڵەتی ڕوودانی جەنگدا ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ دەڕووخێ. ئەگەر جەنگیش ڕوو نەدا و ئەمریکا بە پڕۆسەی سیاسیی ‹›ئەوپەڕی گوشار››، ڕێژیم ناچار بە گۆڕینی سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانی بکا، بێگومان ڕێژیم لاواز دەبێ. لە ئەنجامدا هەم ڕووخان و هەم لاوازبوونی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرییە دەرفەتی ئەوە بە گەلانی ئێران دەدا کە بیر لە گۆڕینی شێوەی ژیانی خۆیان بکەنەوە و لەبری دیکتاتۆریی ئیسلامی، دەسەڵاتێکی سیاسیی قانوونمەند بۆ خۆیان دابمەزرێنن. بەڵام ئەو جوغڕافیا سیاسییەی پێی دەگوترێ ئێران لە زیاتر لە شەش نەتەوەی جیاواز پێک هاتووە و، هەتا ئێستاش هیچ پێوەندییەکی وێژمانی لە نێوان ئەو گەلانەدا دیار نییە، کە ئاخۆ دەتوانن لە ئایندەدا سیستمێکی سیاسیی وەها بۆ ئێران دابنێن کە وەکوو یەک وڵات تێیدا بژین یان نا؟