کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرەج مەرەج بەڕێوەیە

01:08 - 3 جۆزەردان 2719

هەرچەندە یەکێ لە ئامانج و شێوازەکانی هەموو حکومەتێکی توتالیتەر، داڕووخانی گەل و لەنێو بردنی هەستی کۆمەڵایەتییە، بەڵام خاڵێک کە زۆرێک لە دەستەڵاتدران بایەخی پێنادەن، بڵاو پێکردنی بێسنووری هەستی بێهیواییە لەنێو کۆمەڵگەدا. ڕەنگبێ بڕەودان بە بێهیوایی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری لە کۆمەڵگەدا بۆ ئەهوەن کردنەوە و گوێڕایەڵ بوونی خەڵک دەتوانێ ڕێکارێکی باش بێ بۆ درێژبوونەوەی ماوەی دەسەڵات، بەڵام بە شاهیدیی مێژوو ئەم شێوازە تەنیا لە هیندێک بەشدا کاریگەری هەبووە کە دەسەڵاتدار، جێگرەوەی لەباری بۆ دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی ئابوری کۆمەڵگە هەبێ، ئەگینا ئەم شێوازە وردەوردە کۆمەڵگە بەرەو داڕمین و خۆڕووخان دەبا کە ژیانەوە و خۆدۆزینەوەی بە تایبەت بە شێوەی تەوایەتیخوازی دەستەڵاتدرانێک کە ئەم کەشەیان خوڵقاندوە، ساکار نابێ و تەنانەت دەتوانین بڵێین ساڕێژ کردنەوەی وێنا ناکرێ. لەو سیستمانەی کە بناخەی تێئۆرییەکەی لەسەر ژێرخانی بێهیوا کردنی خەڵک هەڵچندراوە، یەکەم هەنگاوی ئەوە دەبێ کە خەڵک لە بەرامبەر گەندەڵی و بەڕێوەنەچوونی یاسا هیچ هەستێکیان نابێ و ئەم دیاردەیەیان پێ ئاسایی دەبێ (بێ لەوەی ئەم یاسایانە بەرحەقن یا نا)، بە گووراندنی هەستی لەبەرچاونەگرتنی دادپەروەری، مرۆڤەکان تووشی سەرکووتی دەروونی و لە درێژەدا پەرە بە بێهیوایی، دەست پێکردنی شەپۆلی کۆچ و ...دەبێ. بڵاو پێکردنەوەی ئەم دیاردەیە؛ دوو کاریگەریی سەرەکی لەسەر کۆمەڵگە دادەنێ. چۆڵ بوونی وڵات لە هێزی مرۆیی لەبار کە دەبێتە هۆی هاتنی کەسانی نەشیاو بۆ سەر کورسیی جۆراوجۆر و سرووشتییە ئاکامەکەی داڕووخانی هەرچی زیاتری کۆمەڵگە لە بواری ئابووری و هەروەها دەرونی دەبێ. هەروەها لە کۆتاییدا پەنگاوتنی هەستی بێ تەوفیری و بێ تەفاوەتی و کەمبوونەوەی کارکردی ئابووریی وڵاتە، کە ئەمە خۆی ڕێکاری خۆڕووخاندنی کۆمەڵگە پتر لە هۆکاری یەکەم قورستر دەکا. وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم قوناخانە هەتا ئێرە بەتەواوی تێپەڕیوە. بەشێکی زۆر لە توێژی هەڵبژاردە، پسپۆر، خوێندکاران و تەنانەت سەرمایەدارانی مەزن و مامناوەندیی سەربەخۆ کە دەرفەتی جێ هێشتنی نیشتمانیان هەبووە، ئەوەندە زۆرە کە لە کاتی ئێستادا لە زۆربەی ڕێکخراو و فەرمانگە دەوڵەتی و تەنانەت کەرتی تایبەت، خاوەن پلە و پۆستەکان، هیچ زانست و لێهاتوویەکیان نییە (تەنانەت ئەگە پێشگر و نازناوی وەک دوکتور و موهەندیسیشان هەبێ)، ئەمانە زۆربەی لەسەر بنەمای دۆستایەتی و خزم خزمێنە دامەزراون. نەبوونی شیاوی و لێهاتوویی دەسەڵاتدران لە بەشە جیاوازەکانی چاوەدێری کۆمەڵگە و بازاردا بەڕوونی دەبینرێ و ئاکامەکەشی خزمەتی ناکارامە لە بەستێنی جۆراوجۆری بەرپرسیارەتی ئابووری، پەروەردە، فەرهەنگی و لەهەموویان خراتر لە ڕەوشی ڕوودانی دیاردەکانی خۆزاودا، دەبینرێ و هەریەک لە ئێمە دەتوانین ئاماژە بە چەندین دانە لەو گرفت و کەموکووریانە بکەین. لە دوامین قوناخی دامەزراندنی سیستەمی خۆڕووخاندنی کۆمەڵگە و بڕەودان بە بێهیوایی زاڤ، ئەوانەی کە هیچ ڕێگەی دەربازبوونیان لەو دۆخەدا نییە، بەرە بەرە بەرەو پووچی و کەترەیی پەنگاو دەنێن و ژیان بە ناچاری دەبینن. ئێستا کە چاو لە کۆمەڵگەی ئێران دەکەین باروودۆخەکە بەرەو قوناخی پڕمەترسی دەچێ. ئەوانەی توانیان ڕۆیشتن، زۆرێکیش بە هیوای ڕۆیشتنن. زۆرتریش خەریکە پەلەقاژە دەکەن و دەخوازن سامانەکەیان بکەنە مڵک یا دۆلار، لە ڕیاڵ بۆ زێر یا ماشێن یا هەرشتێک کە دەبێتە هۆی کەمتر لەنێوچوونی داراییەکەیان. کردەوەیەک کە دوامین قوناخی سیستمی خۆڕووخانی کۆمەڵگەیە، چونکە لەو ڕەوشە ئاڵۆزەی ئابووری و دەرچوونی سەرمایە یا گۆڕینەوەی بە جۆری دارایی، کۆتا بزمار لەسەر تابوتی ئابوریی ئەو وڵاتە دەدرێ. خەڵک لە ماوەی ئەم چڵ ساڵەدا هەوراز و نشیوی زۆریان دیوە. ئەمجارە ئەوەی کە پاشماوەی خەڵک بوو لە دەورانی سەرۆککۆماریی دوکتور ئەحمەدینیژاد دا کە دەکرێ وەک گەورەترین جەردەی نەتەوەیی لە جیهان باسی بکرێ، بووە بڵقی سەر ئاو و لە سەردەمی دووهەمی سەرۆککۆماری دوکتور ڕووحانی کە شێوازێکی نوێی بۆ دووپاتەبوونەوی دزینی سەرمایەی خەڵکی داڕشتبوو، ئیتر نە خەڵک هیچیان بۆ لەدەست دان ماوە و نە هیچ هیوایەک بۆ بەرامەبەری دەگەڵ جیهان -تەنانەت دەگەڵ ڕووسیە و چین- بۆ باشتر بوونی دۆخەکە هەیە. هەموو ئەو کێشانە لەلایەک و بە فیرۆدانی سامانی نەتەوەیی ئێران لە شەڕی سووریە، یەمەن، لوبنان و ئێراق و بڕەودان بە شیعەگەری لە جیهان و... خەڵکی هێناوەتە سەر ئەم قەناعەتە کە هیچ هیوایەک بۆ باشتر بوونی دۆخەکە نییە و هەوڵدان و هەوڵ نەدانیش هیچ کاریگەرییەکی نەماوە. ئەم کێشە و گرفتانە پێش ئەوەیکە یەخەی خەڵکی گرتبێ، ژیانی فەرمانبەرانی دەوڵەتی گرتۆتەوە. ئاکامی ئەم کەشە لەنێو کۆمەڵگە، گەیشتن بە قوناخێکە کە مێژووی جیهان زۆرجاری تریشی بینیوە. فەرانسە، ڕووسیە و تەنانەت ئێرانی ١٣٥٧ و... ئەو میناکانەن کە وڵات لە نێوخۆوە بەسەر یەکدا داڕووخاوە. هۆکارگەلی جۆراوجۆر بۆ خوڵقانی ئەم ڕەوشە هەبووە، بەڵام مانەوە و دەستەوەستان بوونی دەستەلاتدار بۆ دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، هۆکاری سەرەکیی ڕابوونی خەڵک بووە. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەمانە، قینی پەنگخواردووی خەڵک بووە کە بووەتە هەڕەج بەڕەجیەک کە ئیدی چارەی نایێ. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی بە ئاگاداری لەوەیکە گەیشتووتە کۆتایی دەستەڵاتدارییەکەی هەوڵ دەدا دوژمن بۆخۆی دابتاشێ و کەموکورییەکانی خۆی پێ داپۆشێ. بەو هیوایە کە یا خەڵک سەرقاڵ بکا یا پاساوێک بۆ ئەو دۆخە بێنێتەوە، کە سەدت هەڵبەتە بۆ هەردووک لەو بوارانە زۆر درەنگ بووە و کۆمەڵگە چاوەڕێی بچووکترین پڕیشکی تەقینەوەیە. تەقینەوەیەک کە بە شاهیدی دیرۆک بۆ ئەو خەڵکانەی ئامادەیی سیاسی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیان نییە بە مانای دەستپێکی چاخێکی نوێیە لە تاڵان و بڕۆ. هەربۆیە ڕەنگبێ لانیکەمی ئەو خاڵانەی کە دەبێ لەبەرچاو بگرین ئەمانەن کە: _ زایەڵەی دۆخی قەیراناوی کۆمەڵگە بە دەستەڵاتداران بگەیەندرێ، بۆ نەرمی نواندنی ئەو حاڵەتە شەڕانگیزەیە و نا ئاوەزمەندانەیە. _ ڕێکخستنی ئابووری و چاوەدێریی خەڵک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەج بەڕەجی، ئەم ڕەوشە دەرفەتێکە کە زۆربەی پەستترین کەسانی کۆمەڵگە باشترین کەڵکی لێ وەردەگرن، لە ئازاری خەڵک بگرە هەتا دزی و ... . _ ڕێکخستنی سیاسیی خەڵک بۆ پێشگرتن لە دامەزراندنی کارکردگەلی پۆپۆلیستی یا ڕەوتە دیکتاتۆرەکان و تەواویەت خوازەکان. هەرچەند تاڵان و بڕۆ مەترسیدار و خراپە بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین، گۆڕان لە سیستمی حكومات لەخۆگری دەورەی تێپەر (تاڵان و بڕۆ) لە کاتی ڕووخانی نیزامی کۆن هەتا دامەزراندنی نیزامی نوێ-یە. ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە بە هیچ جۆرێک دەفرایەتیی چاکسازیی نییە، دەبێ باوەرمان بەوە هەبێ ئەگە دواڕۆژێکی ئازاد و باشترمان بوێ، درەنگ یا زوو ناچارین ئەم ئەزموونەمان هەبێ. بۆیە لەسەر شانی تاک تاکی ئێمەیە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بدەین کە هەوڵەکانمان دەستکەوتی باشی هەبێ و نەبێتەوە ئەوەی کە لە ٥٧ ڕووی دا، ئەمەش ناکرێ مەگە بە بەرز کردنەوەی ئاستی زانستی سیاسی خەڵکی، وێژەمانی گشتی، کارکردبەندی کۆمەلایەتی لە چووارچێوەی هەمەجۆر دامەزراوەی مەدەنی، حەشیمەتی، قەومی و تەشکیلاتی سیاسی. هەڕەج بەڕەجمان لەپێشە، هەتا دەرفەت ماوە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.