کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک

01:11 - 3 جۆزەردان 2719

خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک (سنووربەندییەكانی سۆسیالیزمی دێموكراتیك) (3_1) لەو کاتەوەی که بیرۆکەی سۆسیالیزم هاتۆته نێو بەرنامه و پێڕەوی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کەم و زۆر ئەم بابەته جێگای مشتومڕ و ڕاوبۆچوونی جیاواز بووه له نێو ڕیزەکانی حیزبدا و ئەمەش ئەگەر له لایەک بەڵگەی زیندووبوونی قەوارەی ئەو حیزبه بووه، به جۆرێک که له ئاست بابەته فیکری و سیاسییەکان به خەمساردی تێنەپەڕیوه؛ له لایەکی تر نیشانەی هەستیار بوون و گرینگیی ئەو مژارەش بوو که ڕاستەوخۆ پەیوەندی به بەڕێوەچوون و چارەنووسی دواڕۆژی کۆمەڵگەکەمانەوه بووه. لوتکەی ئەو باس و گەنگەشانه له کۆنگرەی شەشەمی حیزب له ساڵی 1362ی هەتاوی (1984ی زایینی)دا بوو، کاتێک دوکتور قاسملوو بیرۆکەی «سۆسیالیزمی دێموکراتیک»ی هێنایه گۆڕێ. ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوه دەگەڕایەوه، که لەوکاتدا له باری نەزەری و تیۆرییەوه، چەپی کلاسیک بە سەر فەزای فیکری کوردستاندا باڵی کێشابوو؛ ئەم بیرۆکەیه وەک مەلەوانی کردنی بەپێچەوانەی ئاراستەی ڕووبار بوو. له ڕەوتی کاری کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبدا له ساڵی 1383ی هەتاوی (2004ی زایینی) و ئەم جاره له سۆنگەی ئەوەی که سۆسیالیزمی ئارایی (مەوجوود) لەبەریەک هەڵوەشابوو هەڵبەت ماوەیەکی زەمانی لێ تێپەڕیبوو_ بەرەی چەپیش تووشی شکست و سەرلێشێواوی هاتبوو، جارێکی تر مشتومڕ لەسەر ئەم بابەته گەرم بۆوه. هەر بۆیه یەکێک له بڕیارەکانی پەسەندکراوی ئەو کۆنگرەیه بریتی بوو له خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک. مخابن بەهۆی ئەو قەیرانه نێوخۆییەی که له پاش کۆنگرەی سێزده تووشی حیزب هات ئەم پڕۆژەیه وه‌دوا کەوت و له کۆنگرەی چواردەهەمی حیزبدا، دەستەی نووسینەوه و پێداچوونەوەی بەرنامه و پێڕەو، خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک کرد. که له چەند خاڵدا فۆرمووله کرابوو که پاش باس و موناقشەیەکی زۆر له کۆنگرەدا پەسەند کرا. ئەم نووسراوەیه هەوڵێکه به مەبەستی تیشک خستنه سەر و ڕوونکردنەوەی ئەم ڕوانگه نوێیه که له سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووه: 1) سۆسیالیزم له بەرنامەی حیزبدا (سووکه ئاوڕێکی مێژوویی) 2) خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک 3) سنووربەندییەکانی خوێندنەوەی نوێی سۆسیالیزمی دێموکراتیک ئەم نووسراوەیه پاش «نامیلکەی کورته باس» دووهەمین هەڵوێستی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانه، لەسەر سۆسیالیزم، چون لەم بارەیەوه هیچ دەق و هەڵوێستێکی تری ڕەسمییان نەبووه. ئەم دێڕانەش تەنیا وێنای چوارچێوەی گشتیی ئەو بیرۆکەیه دەکا و دیمەنێكی گشتی وێنا و بەدەستەوه دەدا و بێگومان وردەکارییەکانی بۆ پیادەکردنی له دواڕۆژدا له کۆمەڵگە پێویستی به شارەزایانی بواره جۆراوجۆرەکانی زانستی ئابووری و بەڕێوەبەرێتی (مودیرییەتی) هەیه.   سۆسیالیزم و كۆنگرەكانی حیزب پاش ئەوەی بەیاننامەی 11ی مارسی 1970ی زایینی لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە دەركرا و لە ئەنجامدا بەشێك لە تێكۆشەرانی سیاسی و یەک لەوان دوكتور قاسملوو لە دەرەوەی وڵات ڕا گەڕانەوە باشووری كوردستان و وەرزێکی نوێ لە خەبات و ژیانی حیزبی دێموكراتی كوردستان دەستی پێكرد. حیزب بۆ یەكەم جار لە كۆنفڕانسی سێیەمدا (1350ی هەتاوی) (1971ی زایینی) بوو بە خاوەن بەرنامە و پێڕەوێكی كۆنكرێت. لە بەرنامەی حیزبدا و لە فەسڵی یەكەم (ئامانجە گشتییەكان)، مادەی دووهەمدا سۆسیالیزم هاتە نێو بەرنامەی حیزب. ئەوە بۆ یەكەم جار بوو كە حیزبی دێموكراتی كوردستان بە ڕاشكاوی لە بەرنامەی خۆیدا باس لە پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی سۆسیالیستی دەكا و سۆسیالیزمی وەك ڕێگەچارەیەك بۆ كێشەی كۆمەڵایەتی و وەك فۆرموولێك بۆ دابینكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەدا هەڵدەبژێرێ. ئەم پڕۆژەیە لە هەڵوێستی باڵی چەپی حیزبەوە سەرچاوەی دەگرت كە تازە لەگەڵ باڵی ناسیۆنالیستیی حیزب لە سەر داڕشتنەوە و بونیاتنانەوه (بازسازی)ی حیزب ڕێككەوتبوون. ئەمە ئاشت بوونەوەوی حیزب لەگەڵ هزری چەپ بوو كە نیزیك بە دە ساڵ دەبوو لێی دوور كەوتبۆوە. ئەو سۆسیالیزمەی كە لە كۆنفڕانسی سێیەم (1350ی هەتاوی) (1971ی زایینی) و دواتر لە كۆنگرەی سێیەم (1352) (1973)دا پەسەند كرا، «سۆسیالیزمی دادپەروەرانە» بوو، دیارە خودی لایەنی چەپیش كە پڕۆژەی سۆسیالیزمی هێنابووە نێو بەرنامەی حیزب، لەسەر چەشنی سۆسیالیزم كۆك نەبوون و خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ سۆسیالیزم هەبوو، بۆ وێنه لە كۆنگرەی چوارەمدا (1358) (1980) كە لە شاری مەهاباد پێکهات، بە هۆی زاڵبوونی ئاخێو (گفتمان)ی چەپی ڕادیكاڵ بەسەر فەزای سیاسیی ئەو كاتی كوردستان و بوونی بڕشت و دەستڕۆیشتوویی حیزبی توودە لە نێو تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتدا، سۆسیالیزم بەبێ پاشگر و پێشگر پەسەند دەكرێ؛ واتە «سۆسیالیزمی زانستی». كۆنگرەی پێنجەمی حیزب (1360) (1982) لە هەلومەرجی دژواری خەباتی چەكداریدا پێك دێ و لەم کۆنگرەیەدا «سۆسیالیزمێک که وڵامدەری هەلومەرجی وڵاتەکەمان بێ» پەسەند کرا. بێگومان جیابوونەوەی تاقمی حەوت کەسی که به شوێنپێی حیزبی توودەدا ڕۆیشتن (1359) (1980)شوێنەواری هەبوو بۆ ئەوەی که «سۆسیالیزمی زانستی» پاش گوێ بخرێ. سەرەنجام لە كۆنگرەی شەشەمدا (1362) (1984) «سۆسیالیزمی دێموكراتیك» كە لە سەرەتای نووسینی بەرنامە و پێڕەو لە کۆنفڕانسی ساڵی (1350) (1971)دا دوكتور قاسملوو لە سەری پێداگر بوو، بە زەحمەت و پاش باس و موناقشەیەكی زۆر پەسەند دەكرێ. ئەم خوێندنەوەیە لە سۆسیالیزم سەرەنجام پاش 12 ساڵ خەباتی فیكری و هەڵکشان و داکشان بەهۆی پشوودرێژی و نفووزی مەعنەویی لایەنگرانی و لە سەرەوەی هەمووانەوه دوكتور قاسملوودا سەركەوت.   سۆسیالیزمی دێموكراتیك پێش ئەوەی كۆنگرەی شەشەم لە ڕێبەندانی ساڵی (1362ی هەتاوی) (1984ی زایینی)دا پێك بێ، دوكتور قاسملوو بۆ پێناسە كردن و ئاشنا بوونی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی بەو ئیدەیە دەستی دایە نووسینی نامیلكەیەك لەژێر ناوی «كورتە باسێك لە سەر سۆسیالیزم». بەپێی ئەو پێناسەیەی كە لە كورتەباسدا هاتووه، دەكرێ وڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە:   یەکەم؛ سنووربەندییەكانی سۆسیالیزمی دێموكراتیك *  سنووربەندی لەگەڵ ئەو سیستمە فیكرییەی كە نیزیكەی 40 ساڵ بوو لە كوردستان و ئێران باو بوو سیستمێكی فیكریی وشك و دوگم، كە ڕێگەی جیابیری، پێداچوونەوە و ڕەخنەگرتنی بە هیچ كەس نەدەدا. * سنووربەندی لەگەڵ ئەو سۆسیالیزمەی كە هێزەكانی دیكە بە نیازی دامەزراندنی بوون. * سنووربەندی لەگەڵ ئەو كەس و لایەنانەی كە بێ ئەملاوئەولا پێڕەوییان لە وڵاتانی سۆسیالیستی دەكرد. * سنووربەندی لەگەڵ بیروباوەڕی توودەئیستی یا ئیستالینیستی كە لە نێوخۆی حیزبدا پاشماوەی مابوو.   دووهەم؛ گرینگترین خاڵەكانی ئەو خوێندنەوە لە سۆسیالیزم * پێداگری لەسەر پێگەی دێموكراسی و ڕەتكردنەوەی هەر چەشنە دیكتاتۆرییەك لەژێر هەر ناوێكدا. * دووركەوتنەوە لە هەر چەشنە ئۆلگووسازییەك. * لە بەرچاو گرتنی تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵی كوردەواری واتە سۆسیالیزمێك كە وڵامدەری هەلومەرجی وڵاتەكەمان بێ. * گرتنە پێشی سیاسەتێكی سەربەخۆ لە بەرامبەر وڵاتانی سۆسیالیستیی ئەو كاتدا و دەسنیشانكردنی هەڵوێست و كەموكووڕی سیستمە سۆسیالیستییەكانی بەرەی ڕۆژهەڵات (سۆسیالیزمی ئارایی (موجود)).   خستنە بەرباسی ئەو خوێندنەوەیە لە سۆسیالیزم بۆ یەكەم جار لە كوردستان كە تێیدا ئاخێو (گفتمان)ی باڵادەست له فەزای سیاسیدا چەپی ڕادیكاڵ بوو، وەك مەلە كردن بە پێچەوانەی ئاراستەی ئاوی ڕووبار بوو؛ كە هەم ژیری دەویست و هەم بوێری. ئەو ڕوانگە نوێیە بۆ زۆر كەس و تەنانەت بۆ بەشێكی بەرچاوی ئەندامانی حیزب، حیزبێك كە ماركسیست ــ لێنینیستیش، نەبوو هەزم نەدەبوو. هەر بۆیەش دەبینین كاتێك كورتە باسێك لەسەر سۆسیالیزم لە كۆنگرەی شەشەمدا دەخرێتە دەنگەوە، لە یەكەم دەوردا دەنگی پێویست ناهێنێتەوە. بەڵام هەر وەك دیتمان ڕەوتی ڕووداوە مێژووییەكان تێگەیشتنی دروست و واقیعبینانەی ئەو ڕوانگەیەیان دەرخست. ماوەی نێوان شەهید بوونی دوكتور قاسملوو (13ی ژوییەی 1989) تا ڕووخانی دیواری بێرلین لە نوامبری هەمان ساڵدا (1989) كەمتر لە 4 مانگە، بەداخەوە چارەنووس وایکرد كە ئەو نەتوانێ ئەو ڕووداوە ببینێ که مۆری تەئیدێكی مێژوویی بوو لەسەر ڕوانگە و بۆچوونەكانی لەمەڕ وڵاتانی سۆسیالیستی. بەكگراوندى دروست بوونی ئەو ڕوانگەیە لەلای دوكتور قاسملوو ژیانی تاراوگەیی لە وڵاتانی سۆسیالیستیی پێشوو و لە نیزیكەوە ئاشنا بوون و هەست كردن بە كەموكووڕی و ناتەواوییەكانی سۆسیالیزمی ئارایی (مەوجوود)، بە تایبەتی لە بواری نەبوونی دێموكراسی و ئازادی و بوونی دەوڵەتانی تۆتالیتێر بۆ دوكتور قاسملوو زۆر پرسیار و گومانی لەسەر سیستمی سۆسیالیستیی ئەو وڵاتانە هێنایە ئاراوە. ڕووداوەكانی لەهێستان له دەیەی 50ی زایینی و شۆڕشی 1956 لە مەجارستان و بە تایبەتی ڕووداوی بەهاری پراگ لە ساڵی 1968 لە چێكوسڵۆواکی كە بۆخۆی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بوو، شوێنەواری قووڵیان لەسەر دانا. ئەو ڕووداوانەی كە ئامانجیان سەربەخۆیی بڕیاردان لە سۆڤییەت و باڵكشانی دێموكراسی بەسەر گشت لایەنەكانی ژیاندا بوو. بۆ وێنە فەیلەسووف ئیڤان سڤیتاك (Ivan Svitak) بە كورتترین و كامڵترین شێوە ئامانجەكانی «بەهاری پراگ» هەر لە سەرەتاوە ئاوا فۆرمووڵە دەكا: "جێگیركردنی سۆسیالیزمێكی دێموكراسییانە لە جێگەی دیكتاتۆرییەكی تۆتالیتێرانە." یان لە پرۆگرامی نوێی ڕێفۆرمخوازانی نێو حیزبی كۆمۆنیستی چێكوسڵۆواکی لە 10ی ئاوریلی 1968ی زایینی ڕاگەیەندرا: "مۆدێلێكی نوێی سۆسیالیزم؛ ئێمە دەمانەوێ هەوڵی هێنانە كایەی مۆدێلێكی نوێی ئەوپەڕی دێموكراسییانە بدەین كە لەگەڵ هەلومەرجی چێكوسڵۆواکیدا گونجاو بێ". بەشداری كردنی دوكتور قاسملوو لە بزاڤی دێموكراسیخوازانە و سەربەخۆییخوازانەی ڕیفۆرمیستەكانی نێو حیزبی كۆمۆنیستی چێكوسڵۆواکی بە ڕێبەریی «ئێلكساندێر دۆبچێك» لە بەهاری پراگدا بە چەشنێك بوو كە پاش تێكشكاندنی ئەو بزووتنەوەیه بەهۆی دەستێوەردانی نیزامیی یەكیەتیی سۆڤیەتی و هاوپەیمانانی لە پەیمانی وەرشۆ و سەركوتی لایەنگرانی سۆسیالیزمی دێموكراتیك و هاتنە سەركاری دیكتاتۆرەكانی سەر بە مۆسكۆ، دەرفەتی مانەوەی لەم وڵاتە پێنەدرا و دەركرا. هەمووی ئەمانە بوون به‌هۆی ئەوەی كە دوكتور قاسملوو لە ڕوانینی خۆیدا لەمەڕ سۆسیالیزمی ئارایی (مەوجوود)، پێداچوونە بكا، بە جۆرێك بە تەواوی لەگەڵ ستالینیزم سنووربەندی بكا و لەگەڵ زۆر بنەمای لێنینیزم ماڵاوایی بكا و لە كڵاوڕۆژنەیەكی نوێوە بڕوانێتە پرسە سیاسی و فیكرییەكان. بۆ وێنه له شیکردنەوەی کورته باسدا دوکتور قاسملوو پێی وایه کوردستان دەتوانێ قۆناغی سەرمایەداری دەور لێبدا و بچێته قۆناغی سۆسیالیستییەوه. هەمان تیۆری ڕێگەی هەڵدانی غەیرەسەرمایەداری (راه رشد غیر سرمایەداری) که لێنین لەسەر ڕووسیەی ساڵی 1917 تاقی کردەوه.   ئایا سۆسیالیزمی پێناسەكراو لە "كورتە باس"دا، سۆسیال دێموكراسییە؟ هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی "كورتەباس" دا تەیفی چەپی ڕادیكاڵ و بە شێوەی دیاریكراو «كۆمەڵە ــ ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران» و ڕێكخراوی شوڕشگێڕی كرێكارانی ئێران (راە كارگر) بەرامبەر بە كورتەباس ئەوە بوو كە ئەو سۆسیالیزمی دێموكراتیكە شتێك نییە بێجگە لە سۆسیال دێموكراسی و ئاو له ئاشی سەرمایەداری کردنه. دیارە لە تێڕوانینی هێزێكی چەپی ڕادیكاڵ، ئەگەر ڕوانگەیەك دیكتاتۆریی پرۆلتاریا ڕەت بكاتەوە، بێئەملاوئەولا لە خانەی سۆسیال دێموكراسیدا جێی دەگرت. هەروەها ڕوانگە و بۆچوونی دیكەش هەبوون كە هەر چەند خۆیان بە ماركسیست ـ لێنینیست نەدەزانی بەڵام پێیان وابوو ئەمە شتێك نییە بێجگە لە سۆسیال دێموكراسی. بەڵام ئەو پێناسەیەی كە بۆ سوسیالیزمی دێموكراتیك كرابوو، پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەیە. ڕەنگە بە لامانەوە سەیر بێ ئەگەر بڵێین به دەیان چەشن سۆسیالیزم هەیە. تەنانەت سۆسیالیزمی ئیسلامیشمان هەیە. ماركسیش بۆخۆی لە مانیفێستەکەیدا ئاماژە بە چەندین جۆر سۆسیالیزم دەكا. سۆسیالیزمی دێموكراتیكیش یەكێك لەو سەدان خوێندنەوە لە سۆسیالیزمە و تەنانەت خودی سۆسیالیزمی دێموكراتیكیش پێناسەیەكی ستاندارد و تاقانەی نییە و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كراوە.   تایبەتمەندییەکانی سۆسیالیزمی پێناسەکراو لە "کورتەباس"دا لە ڕاستیدا هەروەك لە نامیلكەی كورتەباسدا بە ڕاشکاوی گوتراوە «سۆسیالیزمی دێموكراتیك» لەگەڵ سۆسیال دێموكراسی جیاوازی هەیە. بۆ پشت ڕاست كردنەوەی ئەم ئیدیعایه دەتوانین ئاماژە بەم ئیستدلالانە بكەین: ـ سۆسیالیزمی دێموكراتیكی پێناسە كراو لە كورتەباسدا، ئانالیز و لێكدانەوەی ماركسیزمی لەسەر سەرمایەداری پەسەنده. ـ سیستم (نظام)ی سەرمایەداری ڕەت دەكاتەوە و دەڵێ سەرمایەداری وەك نیزامێكی كۆمەڵایەتی لە لایەن مێژووەوە مەحكوومە. ـ بۆ دامەزراندنی سۆسیالیزم وەك سیستمێكی ئابووری ـ كۆمەڵایەتی هەوڵ دەدا كە تێیدا هەر كەس بەپێی لێهاتوویی كاری پێ دەسپێردرێ و بەپێی كارەكەی حەقی خۆی لە كۆمەڵ وەردەگرێ.   خاڵه جیاكەرەوەکانی لەگەڵ كۆمۆنیزمی ڕووسی، یان سۆسیالیزمی ئارایی * لەگەڵ ئەو پاوانخوازی و تۆتالیتاریزمەی كە كۆمۆنیزمی ڕووسی یا سۆسیالیزمی ئارایی بەڕێوه‌ی دەبا لەگەڵ سۆسیال دێموكراسی هاودەنگە، هەر بۆیە جه‌خت لەسەر دێموكراسی و ڕەتكردنەوەی هەر چەشنە دیكتاتۆرییەك دەكا. * تێڕوانینی ماركسیستی لە جێگای خۆیەتی، ئەگەر نە هەمووی بەڵام زۆر بنەمای لێنینیزم وەلانراوە و ستالینیزم بە تەواوی ماڵئاوایی لێ كراوە. * ئەم سۆسیالیزمی دێموكراتیكە شكڵێكە لە ئاكامی دوو خەت یان دوو نەریت، واتە هەوڵدانێكە بۆ تێكهەڵكێش كردنی حەرەكەتێكی واقیعی بەرەو سۆسیالیزم بە دێموكراسییەكی ڕاستەقینە. ئەم خوێندنەوەیە لە سۆسیالیزم تا ئێستا ده‌رفه‌تی پیادە بوونی نەبووە.