کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی مەدەنی، دەسبەسەرکراوانی دژ بە توندوتیژی دژی ژنانیان مەحکووم کرد

20:46 - 4 جۆزەردان 2719

کۆمەڵیک لە چالاکانی مەدەنی ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانە دەربڕی کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژ بە توندوتیژی دژی ژنان، ڕێپێوانیان ئەنجام‌دابوو. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، هەشت ئەنجوومەنی فەرهەنگی، مەدەنی و کرێکاریی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەسبەسەرکران و هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانیان مەحکووم کرد کە دژ بە توندوتیژی دەرهەق بە ژنان ڕێپێوانێکی هێمنانەیان وەڕێخستبوو و ئەو هەڵسوکەوتەی هیزە ئەمنیەکانیان بە دژایەتی لە گەڵ قانوونی ئەساسی ئێران ناوبرد و خوازیاری لێکۆڵینەوە لەو کردەوەی ئەو هێزانە بوون. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، بە دوای بانگەوازی گشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی بۆ مەحکوومکردنی توندوتیژی بنەماڵەیی و بە تایبەت توندوتیژی دژ بە ژنان ویستیان بچنە گۆڕستانی "کۆڵان"ی مەریوان بۆ سەر گۆڕی یەکێک لە قوربانیانی دەستی توندوتیژی کە هێزە ئەمنییەکان پێشیان لە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمەکە گرت و چەند کەسێکیان دەسبەسەر کرد. هێزە ئەمنییەکان دوور لە یاسا و ڕێساکان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بەشداران کرد و ویستیان بە زۆر تەلەفۆنەکانیان لێ بستێنن. لەبەرچاوی خەڵک یەکێک لە خۆپێشاندەرانیان بە ناوی محەممەد دانش ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازار دا کە لەگەڵ دژکردەوەی خەڵک بەروڕوو بوونەوە. بەپێی یەکێک لە بەندەکانی قانوونی ئەساسی ئێران، لە ئەسڵی سی و هەشتەم دا هاتوە "هەر جۆرە ئەشکەنجەیەک بۆ دانپێدانان و وەرگرتنی زانیاری، بە زۆر شاهیدی پێدان، دانپێدانان و سوێند خواردن ئیزنی پێنادرێ و هیچ شەرعییەتێکی یاسایی نییە. پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بە هیج شێوەیەک هەقی ئەتکی حورمەت، ئەشکەنجە و ئازاری دەسبەسەرکراوانیان نییە". بە داخەوە ژن کوشتن و توندوتیژی ژنان لە نێو بنەماڵەکاندا بۆتە دیاردەیەکی دزێوی نێو کۆمەڵگەی ئێران و ساڵانە بەهۆی توندوتیژی و پێشیلکردنی مافی ئینسانەکان لە لایەن بنەماڵە و کەسوکاریانەوە شاهیدی مەرگی ئەو کەسانەیەن کە بێدەسەڵاتن و یاسا و ڕێسا ئینسانییەکان ژێر پێ دەنرێن. ئەم دیاردەیە لە کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ و حکوومەتیش لەوبارەوە نەک هەر کەمتەرخەمە بەڵکوو خۆی بەشێکە لە هۆیەکانی ئەو دیاردە دزێوە و ڕۆژانە بەهۆی ئەزیەت و ئازار، لەبەرچاونەگرتنی مافە ئینسانییەکانی ژنان و زەبروزەنگ ژنانی کورد کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. چەند ساڵێکە کۆمەڵیک لە چالاکانی مەدەنی بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک و پێشگیری لەو کردەوە و دیفاع لە مافەکانی ژنان کۆمەڵێک چالاکییان ئەنجامداوە و دەیانهەوێ خزمەتێک بە ژیان و ئینسانییەت و کۆمەڵگەی کوردەواری بکەن کە بەداخەوە حکوومەت وەک لێپرسراوی ڕەسمی و یەکەمی ئەو دیاردەیە نەک هەر هاوکار نییە و زەحمەتێک بەخۆی نادات و هیج پرۆژەیەکی بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە نییە، بەڵکوو حکوومەت کۆسپێکی گەورەیە لەسەر ڕیگەی چالاکی چالاکوانانی مەدەنی و فەرهەنگی کە خۆبەخشانە دەیانهەوی خزمەتی کۆمەڵگە بکەن. ئەو ئەنجوومەنانەی کە لە دەسبەسەرکراوانی مەریوانی پاڵپشتییان کردوە بریتین لە ؛ ۱. کانون علمی فرهنگی ڕۆنان ۲. انجمن فرهنکی ادبی ڕۆجیار ۳. کانون صنفی معلمان کردستان-مریوان ۴. انجمن پیشگیری از اعتیاد ژیانەوە ۵. کانون سلامت ژین ۶. اتحادیە صنفی کارگران و استادکاران ساختمانی مریوان و سرواباد ۷. کانون فرهنگی هنری ڤەژین ٨. انجمن فرهنگی ادبی مریوان