کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن کۆماری ئیسلامی بە هێرشەکانی سەر فوجەیرە و بەغدا تۆمەتبار کرد

20:48 - 4 جۆزەردان 2719

ئەمریکا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هێرش بۆ سەر کەشتییە نەوتکێشەکانی عەڕبستان و ئیمارات و هەروەها هێرشی مووشەکیی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا تۆمەتبار کرد. ماوەیەک بەر لە ئێستا، دوای هەڕەشەکانی سپای پاسداران لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هێرش کرایە سەر چەند کەشتی نەوتکێشی ئیمارات و عەڕەبستان و زیانی داراییان بە کەشتییەکان گەیاند. هەر چەند ڕۆژ دواتر حوسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی عەڕەبستان. دوابەدوای ئەو هێرشانە لە ڕیگەی مووشەکێکەوە هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا و ئەو هێرشانە بوونە باسی میدیاکان و لە یەکەم کاردانەوەدا پەنجەی تۆمەت بەرەو ڕووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاکێشرا. دوای هێرشە تێکدەرانەکە، ئەمریکا، عەڕەبستان، نۆروێژ و فەڕانسە هەیئەتێکیان بۆ لێکۆڵینەوە دیاریکرد. دوێنی واتە ڕۆژی هەینی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەی ڕەسمی سپای پاسدارانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هێرش بۆ سەر کەشتییەکان و باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا تۆمەتبار کرد. دوای ئەوەی کە ئەمریکا یەکلایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتەدەر، دوای ساڵێک سپای پاسدارانی خستە لیستی تێرۆرەوە کە ئەوە بۆ یەکەمین جارە هێزی سەربازی دەوڵەتێک بە تێرۆریست دەناسرێ. بە تێرۆریست ناسینی سپای پاسداران لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە و ڕیسواییەکی دیکەی بۆ کۆماری ئیسلامی بەدواوە بوو. سپای پاسداران لەگەڵ ئەوەی کە ماوەی چل ساڵە ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی تێرۆر دەکا، لە هەمانکاتدا گەورەترین هێزی سەرکوتکەری گەلانی ئێرانە لەنیوخۆی وڵاتدا. بێجگە لەوانە سپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکانیش بێ کار دانەنیشتوە، لە نێو وڵاتانی ئورووپایی دا دەستی دایە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیمەکەی و لە لایەکی دیکەوە بۆ سەپاندنی هێژموونی خۆی و ئاژاوە نانەوە لە وڵاتانی ناوچەکە گرووپ و میلیشیای تێرۆریستی پێکهێناوە و بەوەش گەلانی ناوچەکەی لە ڕێگەی ئیدئۆلۆژی مەزهەبی و دینییەوە تووشی دژمنایەتی و ناکۆکی کردووە و هەر ڕۆژە بە شێوەیەک لە ناوچەیەک ئاژاوەیەک دەنێتەوە کە ئەوەش تا ئێستا بۆتە هۆی کوژران و برینداربوون و ئاوارە بوونی میلیۆنان کەس لە سووریە و وڵاتانی تر. بە تێرۆریست ناسینی سپای پاسداران بۆتە قەیرانێکی دیکە بۆ کۆماری ئیسلامی و زەحمەتە ئاوا بە ئاسانی بتوانێ لەو قەیرانە کەڵەکەبووانە خۆی رزگار بکا.