کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا ڕێگاکانی گواستنەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران دادەخات

20:49 - 4 جۆزەردان 2719

وەزارەتی دارایی ئەمریکا دەیهەوێ هەناردنی دۆلار بۆ ئیران بەشێوەی گشتی ڕابگرێت و کۆماری ئیسلامی لە دۆلار بێبەش بکات. لەدرێژەی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و قورستر کردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و بەستنەوەی ڕێگای فرۆشی نەوت و بەرهەمە پۆڵاییەکان، ئەمجارە وەزیری دارایی ئەمریکا دەیەوێت ڕیگاکانی هەناردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئێران بەشێوەیێکی توند ببەستێتەوە. وڵاتی عێراق یەکێک لە هاوپەیمانانی کۆماری ئیسلامییە و زۆربەی دۆلارەکانی ئەمریکا لە عێراقەوە هەناردەی ئێران دەکرێت. کاربەدەستێکی عێراقی کە نەیویستووە ناوی بڵاو ببێتەوە ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ڕۆژنامەی عەرەبی "ئەلعەرەبی جەدید" وتوویە: " وەزارەتی دارایی ئەمریکا لیستێک لە بانک و ڕێکخراوەکانی ئیرانیی کە لە ژێر گەمارۆی ئەمریکادان بڵاو کردووەتەوە و بە کاربەدەستانی عێراقیی داوە کە بازرگانی ئابووری لەگەڵیان نەکرێت و ئەمریکا دەیهەوێت دڵنیابێت کە بەغداد هیچ هەناردەیێکی دۆلاری بۆ تاران نابێت. هەربەپێی ئەم ڕاپۆرتە جێگری وەزیری دارایی ئەمریکا " مارشاڵ بیلینگزلی" ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە سەفەرێک بۆ بەغداد لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق "بەرهەم ساڵح" و ڕەئیسی پاڕلەمانی عێراق "موحەممەد ئەلحەلبووسی" و وەزیری دارایی " فواد حوسێن"، لیستێکی لە بانک و ڕێکخراوە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە عێراق شوێنی تایبەتیان هەیە بڵاو کردووەتەوە و داواکاری ئەوە بووە کە بەغداد بەشێوەی گشتی و یەکجاری بازرگانی ئابووری و بەتایبەت دۆلاری لەگەڵ ئێران نەکات و هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە ئەگەر درێژە بە مامەڵە ئابوورییەکان بدرێت ئەوە بەغداد دەکەوێتە ژێر گەکارۆکانی ئەمریکاوە. هەر لەم پێوەندییەدا جێگری وەزیری دارایی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا ئاگادارە ئێران بەهەموو شێوەیەک بە فێڵ و کەڵەک دۆلار لە عێراقەوە بۆ تاران بەڕێ دەکات و ئاگاداری بە بەغداد دا کە ئەگەر ئەم پڕۆسەیە درێژەی هەبێ نرخی دیناری عێراقی دادەبەزێت و ڕەواجی نامێنێت. چەندین ساڵە کە بانکەکانی " پارسیان و بانکی میللی " و شەش بانکی دیکە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە عێراق لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و حیزبەکانی عێراق پەیوەندی بازرگانیان هەیە و دۆلار بۆ ئیران جێبەجێ دەکەن. هەبوونی پتر لە ٧٠ ناوەند و دەفتەری حەواڵەی ئێرانی لە عێراق هەیە و دۆلارەکانی ئەمریکا لە ڕێگای وشکییەوە هەناردەی ئێران دەکرێت کە ئەمریکا بەنیازە هەرچی خێراتر ڕایان بگرێت.