کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی کوردانەی خوێندکارانی کورد بەرانبەر بە بێڕێزییەکانی بەرپرسی بەسیجی زانکۆی "کوردستان" لە سنە

23:44 - 5 جۆزەردان 2719

خوێندکارانی کوردی زانکۆی کوردستانی شاری سنە ، بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی وڵامی بێڕێزییەکانی بەرپرسی بەسیجی ئەو زانکۆیەیان دایەوە. ڕۆژی شەممە، ٤ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی ، خوێندکارانی کورد لە زانکۆی کوردستان لە هەمبەر بێڕیزیی "سەید عینایەت جوویبار"، بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی ئەو زانکۆیە، بە فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردی، بە شێوەی بوێرانەو مەدەنییانە وڵامی بێڕێزییەکانی ئەو بەرپرسەیان دایەوە. بەرپرسی بەسیجی زانکۆی کوردستان لە بێرێزی کردنێکی ئاشکرادا جل و بەرگی ڕەسەنی کوردی بە لیباسی تیرۆریستەکان ناوبردو خوازیاری ئەوە بوو کە لە زانکۆ قەدەغە بکرێت. بەڵام خوێندکارانی کورد وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر ئەو بێڕێزییە بە جلی کوردییەوە لە کلاس و پۆلەکاندا ئامادەبوون. هەروەها خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لەو پەیوەندییەدا، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوایان کردووە کە ڕێز لە تەواوی فەرهەنگەکان و زمانی نەتەوەکانی دیکە بگیردرێت. لە بەشێک لە بەیاننامەی خوێندکارانی کورددا هاتووە: "ئێمە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، خوازیاری ڕێزگرتن لە هەموو نەتەوە و فەرهەنگ و زمانەکانی دونیاین و وەکوو ئەرکی ئەخلاقی و مرۆییمان، بە هیچ کەس و گرووپێکی پاوانخواز ئیجازە نادەین کە مافی هیچ گەلێکی دیکە پێشێل بکا." جێی ئاماژەیە بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی زانکۆی کوردستان لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی خوێندکاران، ڕایگەیاندبوو: "ئێمە شایەتی هاتووچۆ و مانۆڕی هێندێک خوێندکار بە جلوبەرگی گرووپە جینایەتکار و دژبەرەکانی نیزام لە ئاستی زانکۆداین و دەبێ هەم ئەوان دەسبەسەر بکرێن هەم ئەو جل وبەرگانە قەدەغە. شایانی باسە بێرێزییەکانی بەرپرسی بەسیجی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە هاوکات لە گەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینی خوێندکارانی بە هەڵوێستی کورد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتووتەوە.