کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کەس لە ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەنجوومەنی نۆژین بەشێوەی کاتی ئازاد کران

23:49 - 5 جۆزەردان 2719

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی جۆزەردان پاش چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سێ چالاکی فەرهەنگی شاری سنەو لە بەڕێوەبەرانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی وکۆمەڵایەتیی نۆژین دوو کەس لەوان بە ناوەکانی ئیدریس منبەری و ڕێبوار منبەری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران. یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوان بە ناوی زارا محەممەدی کە مامۆستای فێرگەکانی زمانی کوردییە، بە هۆکاری ناڕوون ئازاد نەکراوە. شایانی باسە ڕێبوار منبەری بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە ڕۆژی "هەینی" یەوە مانی لە خواردن گرتبوو کە بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانەی"تەوحید"ی شاری سنە کرابوو. رۆژی پێنج‌شەممە ٢ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە بە ناوەکانی زارا محەممەدی، ئیدریس منبەری، رێبوار منبەری کە لە بەڕێوەبەرانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژینن بە هۆکاری ناڕوون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەسبەسەرکران و دوای بەداوداچوونی زۆر بڕیار بوو ڕۆژی شەممە ٤ی جۆزەردان هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو سێ چالاکە فەرهەنگییە ڕوون ببێتەوە. بەڵام تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە یەکێک لەو سێ چالاکە فەرهەنگییە بە ناوی زارا محەممەدی بە هۆکاری ناڕوون لە گرتووخانە ڕاگیراوە جێی‌ئاماژەیە ئەنجوونی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژین لە سەردەستی چالاکانی فەرهەنگی لە شاری سنە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩١ی هەتاوییدا دامەزراوەو، چەند ساڵە بە کردنەوەی فێرگەی کوردی لە شارو گوندەکانی پارێزگای سنە، خزمەتێکی بەرچاوی بە زمان و ئەدەبی کوردی کردوە. ئەنجوومەنی نۆژین جیا لە شاری سنە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکا.