کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان لە هەمبەر تێکدانی سروشتی کۆساڵان

21:13 - 6 جۆزەردان 2719

ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بە توندی تێکدانی ژینگەی ناوچەی ڕازاوەی کۆساڵانی مەحکوومکرد و داوای لە خەڵکی ناوچەکە کردوە کە ڕووبەڕووی ئەو خەسارە ژینگەییە ببنەوە. لە بەشێک لە پەیامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان هاتووە؛ ساڵانێکە نە بوونی کەسانی بە مشوور و خەمخۆر لە ئاستی بەرپرسایەتیی ناوەندەکانی پێوەندی‌دار بە ژینگەی وڵات و هەروەها زێدەخوازی و نەفسنزمی هێندێک کەس بۆتە بەڵایەکی وێرانکەر بۆ سەر ژینگە وسروشتی کوردستان، ئەمەش دەستی دوژمن نیە بەڵکوو هەوڵی کەسانی ناتێگەیشتووە لە ئۆکۆسیستم و هەستیاریی ژینگە و سروشتە. لە درێژەی پەیامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان بە نیگەرانییەوە باس لەوە کراوە کە دوای کارەساتی لە ناوبردنی دارستان و سەرچاوەکانی ئاو و لەوەڕگەکان، ئێستاکە بە بڕیارێکی نایاسایی و نازانستیانە خەرێکن لە دڵی جەنگەڵ و دارستانی کۆساڵانی مەریوان جادەیەک دروست دەکرێت کە زەر و زیانێکی زۆر بەو ناوچە دەگەیەنێت. لە بەشێکی دیکە لە پەیامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریواندا هاتووە ئاگادار کراوین کە "لەم دواییانەدا و لە هەوڵێکی تێکدەرانەدا ، جادەیەک لە دڵی کوێستانی"کۆساڵان" لە پارێزگای سنە و لە تەنیشت شاری سەوڵاوادا، ساز دەکرێت کە بەتەواوی دژی ئەسڵی ٥٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێرانە و پرۆژەی سازکردنی ئەو جادەیە کە هیچ زەروورەتێکی نیە بەشێکی زۆر لە ژینگەی کۆساڵان لە ناو دەبات. لە کۆتایی پەیامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریواندا هاتووە؛ ئێمە وەکوو ژینگەپارێزانی کورد بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە ڕووبەڕوو ئەم کاولکارییە ببینەوەو هۆشداریی دەدەین کە پرۆژی سازکردنی جادە لە نێو دڵی دارستانەکانی کۆساڵان بێجگە خەسار وزیانی ژینگەیی هیچ بەرهەمێکی دیکە نابێ. جێی‌ئاماژەیە بەشێک زۆر لە ڕێگەوبانەکانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان جادەی نیزامین و زیاتر بۆ گواستنەوەی هێزو تەقەمەنی بۆ ناوچە سنوورییەکان ساز دەکرێن و زۆرجاریش بۆ گەندەلیی ماڵی و ئیداری دەگەڕێتەوە .