کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١٢٠ کۆمپانیای ئاڵمانی لە ئێران، تەنیا ٦٠ کۆمپانیا ماوەنەتەوە

21:16 - 6 جۆزەردان 2719

بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە لەسەر ئێران و کۆتایی هێنان بە بازرگانی کردنی وڵاتانی دەرەکی لەگەڵ ئێران، وڵاتی ئاڵمان هاوکاری و بازرگانی لەگەڵ ئێران کەم کردووەتەوە. وڵاتی ئاڵمان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە هەر لە سەرەتای گەمارۆکانەوە پەیوەندی بازرگانی بووە لەگەڵ ئێران و لە بەشی ئابووریی ئێراندا دەستی هەبووە و زۆر کۆمپانیای گەورەی ئەڵمانی لە ئێران پێگەی ئابووری خۆیان هەبووە. بەرپرسی بەشی بازرگانی دەرەوەی ئاڵمان ڕۆژی یەکشەممە ٥ ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە لە ١٢٠ کۆمپانیای ئەکتیڤ لەناو ئێران ئێستا ٦٠ کۆمپانیامان خەریک بە کارن، کە ئەوانەش بەهۆی نالەباری دۆخی ئابووریی ئێرانەوە لە ئێران نامێننەوە. "فوڵکر ترایر" بەڕێوەبەری بازرگانی ئاڵمان لە چاوپێککەوتنێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەی هاندز بڵادی ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە لەساڵی ٢٠١٩ هەناردەی بەرهەم و کاڵاکانی ئاڵمان بۆ ئێران ٥٠ لەسەد دابەزیوە و لە هەمان کاتیشدا هەناردەی بەرهەمەکانی ئێران بۆ ئاڵمان ٤٢ لەسەد لە کەمی داوە. هەروەها هەناردەکانی ئاڵمان بۆ ئێران لە مانگی ژانوییەدا لانیکەم ٣٣٩میلیۆن یۆرۆ دابەزیوە. بەپێی ڕاپۆرتی ژووری بازرگانی ئاڵمان گرینگترین پێداویستییەکانی ئێران کە ئاڵمان بەرهەمیان دێنێت بریتین لە: دەزگا و ماشینی کارگەیی، کەلوپەلی میکانیکی، جۆرەکانی دەرمانی مرۆیی و ماشین و زیاتر بەرهەمە ئێلیکترۆنیکییەکان بوونە. وڵاتی ئێران لە دەیەکانی ٧٠ و ٨٠ ی زایینی لە گەورەترین وڵاتانی کڕیاری بەرهەمە ئاڵمانییەکان بووە بەڵام دوای شۆڕشی ئیسلامیدا بازاڕی ئاڵمان لەگەڵ ئێران تووشی تێکچوون دەبێت و ئاستی هەناردەکانی ئاڵمان بۆ ئیران کەم دەبێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەرجام ئیران بە بازاڕێکی ئابووری گەورە بۆ ئاڵمان دەناسرێت. بێجگە لە ئاڵمان هەناردەکانی وڵاتانی فەڕانسە و ئیتالیا دووهەمین و سێهەمین پلەی بازرگانیان پێ بوو کە بەدوای لە گەمارۆ خستنی نەوتی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمریکاوە ئاستی هەناردەکانی ئەو وڵاتانەش بۆ ئێران دابەزیوە. جێگای ئاماژەیە کە ڕادەی هەناردەکانی ئێرانیش بۆ وڵاتانی ئورووپایی دابەزینێکی بەرچاوی هەبووە و زۆرینەی کارگە و کارخانەکانی ئێران تووشی شکستی ئابووری بوون.