کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی چوار کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم

21:30 - 7 جۆزەردان 2719

سەرلەبەیانیی رۆژی سێ‌شەممە ٧ی جۆزەردان پۆلێکی دیکە لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی پیرانشار کەوتنە بەر هێرشی چەکدارەکانی رێژیم و لەو هێرشە‌دا چوار کۆڵبەر گیانیان لە دەست‌داو دوو کۆڵبەری دیکەش بە توندی بریندار کراون. دەگوتڕی ئەو هێرشە لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە کە ماوەیەکە بەشێکیان لە سنوورەکانی کوردستان مۆڵدراون کراوە. ناسنامەی یەکێک لە کۆڵبەرەکان کە خەڵکی ئالانەی سەردەشتە خالید سەلیمی تەمەن ٥٥ ساڵ راگەیاندراوە کە پاش برینداربوونی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست‌داوە. هەروەها دووان لەو کۆڵبەرانە خەڵکی مەهابادن کە بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بریندار کراون. کوژران و برینداربوونی 26 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی بانەمەڕ لە حالێکدایە کە لە مانگی خاکەلێوەشدا 13 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە پێناو پارووە نانێکدا کوژرابوون و بریندار بوون. بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون و بریندار بوون گەیشتۆتە 39 کەس. شایانی باسە کە پارەکە 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆکاری سروشتیی وەک ڕەقهەڵاتن لە سەرما و هۆکاری ناسروشتیی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرابوون و بریندار بوون.