کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی هەڵپەڕکێی خوێندکارانی کورد لە مەهاباد

00:44 - 8 جۆزەردان 2719

سەرۆکی ئیدارەی زانیاری و پێوەندییەکانی پەروەردە و فێرکردنی پاریزگای ورمێ ڕایگەیاند کە بابەتی هەڵپەڕکێی خوێندکارانی قوتابخانەیەک لە مەهاباد لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە. بە پێی سەرچاوەی هەواڵی کوردستان و کورد، بەرپرسی ئەمنیی و زانیاری ئیدارەی ڕاهێنان و پەروەردەی پارێزگای ورمێ، ئەو هەڵپەڕکێیەی قوتابیان و مامۆستایانی بە دیاڕدەیەکی دەرەکی و هاوردەی دژمنانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ناو بردووە و هەر لەو پێوەندییەشدا، بڕیاری بەدواداچوونی داوە بۆ ئەو مامۆستا و قوتابیانەی کە لەم قوتابخانەیەی شاری مەهاباد کە لە قوتابخانەکەیاندا هەڵپەڕکێی تێدا کراوە. لەمڕۆژانەدا کە ڤیدیۆیەکی کورتی خوێندکارانی کورد لە یەکێک لە خوێندنگاکانی مەهاباد لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆوە و دوای ئەوە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندیی تووشی شڵەژان کرد و وەک ئەوەی کە کارەساتێکی گەڵێک گەورە ڕوویدابێ، کەوتنە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە . هەڵپەڕکێی کوردی یەکێک لە هێماکانی فەرهەنگ و کەلتووری کوردەوارییە کە بە زۆر بۆنەوە، وەک جێژن، زەماوەند و زۆر بۆنەی دیکە بۆ دەربڕینی شادی و خۆشحاڵی بەڕیوە دەچێ. هەڵپەڕکێی کوردی نەک هەر هیچ شتێکی نەشیاوی تێدانییە بەڵکوو نیشانەی ئەوپەڕی شادی و خۆشەویستی مرۆڤی کوردە بۆ یەکتر و هیچ زیانێک نە بە جەستەی ئینسانەکان دەگا و نە خوێنیش لە لووتی هیچ کەس دێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر دژایەتی لە گەڵ کورد و ناوی کوردستان، نەک هەر دژایەتی لەگەڵ ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد و دژایەتی لەگەڵ فەرهەنگ و داب و نەریتی کوردەواری، بەڵکوو دژایەتی لەگەڵ شادی و پێکەنینی کوردانیش هەیە و دەیهەوێ وەک بەرنامە و ڕاسپاردەکانی خۆی خەڵک هەر خەریکی گریان و لەخۆدان بن و لە ڕوانگەی ئەوانەوە شادی و پێکەنین حەرامە و پێویستە خەڵک هەر داپۆشراو و ڕەشپۆش بێ بۆ ئەوەی وڵات تووشی لافاو و وشکە ساڵی نەبێ! لە کوردستان دۆخی خوێندن و خوێندنگەکان و پێڕاگەیشتن لەوپەڕی خراپیدایە و ڕێژیم نەک هەر بە قوتابخانەکان ڕاناگا، بەڵکوو دەیهەوێ خەڵکی کورد لە نەزانی و دواکەوتوویی دابن و چێژ لە عیلم و زانست وەرنەگرن و کۆمەڵگەی کوردەواری بەرەوپێش نەچێ. کاربەدەستانی ڕێژیم لە کاتێکدا لە هەڵپەڕکێ و شادی و خۆشی چەند لاوێکی خوێندکاری کورد دەکۆڵنەوە کە چەند ساڵ لەمەوپێش بەهۆی کەمتەرخەمی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەوە مناڵانی قوتابخەنەکەی شیناوێ لە نێو دووکەڵی گڕ و ئاگردا سووتان، بەڵام نەک هەر پەلەیان لە لێکۆڵینەوە و بە دواداچوون نەکرد، بەڵکوو تا ئێستاش بەدواداچوون بۆ ئەو کارەساتە نەکراوە و ئێستاش بە هەزاران قوتابخانەی کوردستان ئەمنییەت و ئاسایشیان بۆ خوێندکارانی کورددا تێدا نییە. بەهۆی پێرانەگەیشتنی کاربەدەستانی وەزارەتی پەروەدە و فێرکردنی ئێران، خوێندکارەکانی شیناوێ و کەس و کاریان ناچاربوون نامە بۆ سەرۆک کۆمار و ناوەندەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی بنووسن و تا ئێستا چارەسەری پێویستیان بۆ نەدۆزراوەتەوە.