کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زارا محەممەدی، نوێنەری ڕەوتێکی نوێ لە خەباتی نەتەوەیی

04:42 - 8 جۆزەردان 2719

زارا محەممەدی کە چەند رۆژێکە بە تۆمەتی نادیار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ناوبراو کە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی رێکخراوی فەرهەنگی – مەدەنیی نۆژینە، چەند ساڵێکە وەک مامۆستای زمانی کوردی سەرقاڵی ئەوە بووە کە منداڵانی نیشتمانەکەی فێری نووسین و خوێندنەوە بە زمانی دایکیی خۆیان بکات. زارا وەک کەسێک لە بەرەی نوێی چالاکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر باش ئەوەی دەرک کردبوو کە کارکردن بۆ چێکردنی نەتەوەیەکی خاوەن هۆڤییەتی سەقامگیر، دەبێ تیایدا کاری بنجێنەیی بکرێ. ئەو باش دەیزانی کە زمان بناغەی ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە، بۆیە لەم مەیدانەدا بێ‌وچان و بە دەستی بەتاڵ و تەنیا بە هیمەتی خۆی و هاوڕێکانی، دڵسۆزانە هەنگاوی نا. زارا وەک خاتوونێکی چالاک کە پشتی لە تەواوی ە لەبایەخکەوتووەکانی نێو کۆمەڵگەکەی کردبوو و ئازایانە داوێنی بۆ بەرەوپێشچوونی خەڵکەکەی هەڵکردبوو و، دژ بە کۆنەپەرەستی و پاشکەوتووی وەستابۆوە، زۆر باش دەیزانی کە ئەم رێگایە هەروا ئاسان و بەبێ گیر و گرفت و کەند و لەند نابێت. زارا هاوکات لە گەڵ هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیەکی زیندوو و خاوەن پێناسەیەکی تۆکمە لە شوناسخوازیی نەتەوەی، دەروەستانە بیری لە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کەمایەسییە گەورەکانی نێو ئەم کۆمەڵگایە دەکردەوە و ئازایانە وێڕای دەستنیشانکردنی کەم و کووڕییەکانی لە هەر مەجالێکدا بۆی ڕەخسابا روو بە خەڵکەکەی ڕایدەگەیاند کە چارەسەرەکان بەشێکی زۆری هەر لای خۆمانن و هەر دەبێ خۆمان هەوڵی چارەسەرکردنی دەردەکانمان بدەین. لە دوایین لێدوانیدا لە ڕێوڕەسمی نەورۆزیی ئەمساڵ لە ئاوایی گاوەرەی سەر بە شاری سنە، ئەوە خاتوو زارا محەممەدی بوو کە، وێڕای پێداگری لە سەر بەهێزکردنی هۆڤییەتی نەتەوەیی کۆمەڵگەی کوردستان، ئازایانە قسەی لە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەی کرد و، هەر لەوێشدا بوو کە بە دەنگێکی دلێر وەک عادەت و باوەڕی هەمیشەیی خۆی باسی لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە نێو خەڵکدا کرد. زارا لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە تەنیا یەکبوون و یەکگرتووییە کە دەتوانێ کێشە سەرەکییەکانمان چارەسەر بکات و میللەتەکەمان لە گەیشتن بە ئامانجەکانی نزیک بکاتەوە. وەک دەریخست و سەلماندی، زارا تەنیا ئەهلی قسە و درووشمدان نیە، ئەو لە گەڵ ئاشنابوون لە گەڵ هەموو بەربەست و تەگەرەکانی سەر ئەو رێگایەی کە گرتوویەتەبەر، بەڵام لێبڕاوانە خۆی بە کردوە یەکێک بوو لە چالاکانی هەرە دیار و شوێندانەری مەیدانی تێکۆشان. دەستبەسەرکردنی زارا محەممەدی و ئەو هەڵمەتە لە پشتیوانیی چالاکانی مەدەنی کە بۆ پشتیوانی لە ناوبراو پێک هاتووە، دەریدەخات کە ئەو رێگا و مێتودەی زارا لە پێناو سەربەستیی خاک و خەڵکەکەیدا، درووست و ڕەوایە. بۆیە پێویستە بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە هەوڵ و تێکۆشانی زارا و هەموو ئەو کەسانە بڕوانین کە لە گۆڕەپانی تێکۆشانی مەدەنی لە نێوخۆی وڵاتدا و لە چوارچێوەی پرسە گەورە نەتەوەییەکەدا کە هەمان شوناسخوازیی نەتەوەییە تێدەکۆشن و هەزینە دەدەن.