کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی

19:42 - 8 جۆزەردان 2719

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ١٢ شەرتەی ئەمریکا جێبەجی بکا، ئامادەیە وتووێژی لەگەڵ بکا. دەوڵەتی ئەمریکا دوای چوونەدەری یەکلایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، دوازدە شەرتی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاریکرد و ڕایگەیاند کە کاتێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕێککەوتنێکی دیکە واژۆ دەکا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو ١٢ خاڵە قبووڵ بکات کە ئەمریکا بۆی دیاریی کردوون. دوای هاتنەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە بەرجام و قبووڵ نەکردنی شەرتەکانی ئەمریکا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئەمریکا گەڕی دووهەمی گەمارۆکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەست پێکرد و لە یەکەمین هەنگاودا ئابووری ئێرانی کردە نیشانە و گەمارۆی خستە سەر نەوت و بانکەکانی ئێران و بەوەش شاڕەگی ئابووریی ئێرانی تووشی قەیرانێکی گەورە کرد. هەر دوابەدوای گەمارۆکان گەورەترین هێزی سەربازیی ڕێژیم کە سپای پاسدارانە، خستیە لیستی تێرۆرەوە و بەوەش گورزێکی دیکەی لە ئابووریی ئێراندا بەهۆی ئەوەیکە بەشێکی زۆری ئابووریی ئێران لەژێر دەستی سپای پاسداراندایە. لەو ماوەیەدا قسە و باسێکی زۆر لە سەر وتووێژی دوو لایەن هەیە و چەند لایەنێک دەیانهەوێ ببنە نێوبژیوانی ئێران و ئەمریکا، بەڵام تا ئێستا هیچی لێ شین نەبۆتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە هەردوو لایان دەڵین نیازی شەڕییان نییە و باس لە شەرتەکانی خۆیان دەکەن بۆ وتووێژ، بەڵام هیچ لایەکیان شەرتەکانی لایەنی بەرانبەر قبووڵ ناکات. دوێنێ سێشەممە ٧ی جۆزەردان، لە ئاخیرین لێدواندا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە شەرتیان بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، قبووڵ کردنی ئەو ١٢ خاڵەیە کە دەوڵەتی تڕامپ دوای هاتنەدەر لە ڕێكکەوتننامەی بەرجام بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاریکردوون.