کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداری پێشووی تاران، لە ئەمنترین شاری جیهانەوە تا کوشتنی هاوژینەکەی

22:42 - 8 جۆزەردان 2719

ڕۆژی سێشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی، محەممەد عەلی نەجەفی وەزیری پێشوو، ڕاوێژکاری ڕووحانی و شارەداری پێشووی تاران بە دەمانچەیەک هاوژینەکەی خۆی کوشت. کوشتنی میترا ئوستاد خەڵکی شائابادی کرماشان لە لایەن محەممەد عەلی نەجەفی هاوسەرییەوە بوو بە باسی مێدیاکانی ئێران و لێکدانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە. محەممەد عەلی نەجەفی لە کاتێکدا کە وەک شارەداری پێتەختی ئێران هەڵبژێردرا، رایگەیاند کە تاران دەکاتە ئەمنترین شاری جیهان بۆ ژنان، بەڵام نەک هەر نەیتوانی ئەمنییەت لەو شارەدا پیکبینێ بەڵکوو ماڵەکەی خۆی بوو بە نائەمنترین شوێنی جیهان و هەر بە دەستی خۆی بە دەمانچەیەک یەکێک لە نزیکترین کەسانی خۆی کە هاوسەرەکەیەتی بکوژێ و لەبەردەم کامێرا و ڕوو بە هەموو جیهان بە قسەی خۆی ئەمنترین ساری جیهان زۆر بە خوێن ساردی پێی لە تاوانەکەی نا و ڕایگەیاند کە خۆی قاتڵی هاوژینەکەیەتی. محەممەد عەلی نەجەفی ڕایگەیاند کە هاوژینەکەی بۆتە هۆی کێشە و دەردی سەری بۆ بنەماڵەکەی و ویستوویەتی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی نێوخۆیی قسە بکا و بەقسەی خۆی پەروەندەی ناوبراو ئاشکرا بکات هەر بۆیە بڕیاری داوە پێش چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئینساف نیوز" بیکووژێ بۆ ئەوەی پەردە لەسەر ڕازە شارەاوەکانی ناوبراو هەڵنەداتەوە. لە لایەکی دیکەوە هێندێک کەس پێیانوایە کە پیلانی سپای پاسداران بۆتە هۆی ئەوەی کە ناوبراو هاوژینەکەی خۆی بکوژێ. ئەوان دەڵێن کە ناوبراو یەکێک لە ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی خامنەیی بووە و ویستوویانە بەجۆرێک لە داوی بخەن و لە ڕێگای هاوژینەکەیەوە پەردە لەسەر ڕاز و نهێنی و گەندەڵییەکانی خۆی و شارەوانی هەڵدەنەوە. ئەوەی کە زۆرتر جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە چۆن ناوبراو یەکسەر هێنرایە بەردەم کامێرای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی و بێ ئەوەی کە بچێتە دادگا لێدوان بدا و دان بە تاوانەکەی خۆی دابنێ.