کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زریانی تویتێری، هەڵمەتێک "نا بۆ و تووێژ لەگەڵ تێرۆریستەکان"

16:58 - 9 جۆزەردان 2719

دوای قسەکانی دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ژاپۆن کە گوتی: " ئێران هەر بەو ڕێبەرانەوە دەتوانێ درێژە بە دەسەڵات بدا"، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. هەر دوای قسەکانی تڕامپ لە ژاپۆن، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەو شەرتە وتوویژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین ئەو ١٢ خاڵە قبووڵ بکات کە ئەمریکا پێستر بۆی دیاریکردوون. دوای ئەوەی کە ئەمریکا یەکلایەنە لە بەرجام هاتەدەر و گەمارۆی نەوتی و بانکی خستە سەر ئێران، سپای پاسدارانی شۆڕسی ئیسلامی کە گەورەترین و بەهێزترین هێزی سەربازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، خستە لیستی تێرۆرەوە و بەو بریارەش سپای پاسداران هاتە ڕیزی گرووپە تێرۆریستەکانی وەک تاڵیبان و داعش و ئەلقاعیدە. قسەکانی تڕامپ لە ژاپۆن ناڕەزایەتی دژبەرانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێکەوتەوە و ڕایانگەیاند کە چۆن وڵاتێک لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتێک وتووێژ دەکا کە لە ڕێبەری یەکەمی ئەو نیزامەوە تا کاربەدەستانی پلەبەرزی دیکەی ڕێژیم بە تێرۆریست ناسراون؟ شایانی باسە کە پێش بە تێرۆریست ناسینی سپای پاسداران لە لایەن ئەمریکاوە، دادگای ئاڵمان لە سەر تێرۆری میکوونووس کە لەو تێرۆرەدا دوکتۆر سادقی شەڕەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانی شەهید بوون، شەخسی خامنەیی و ڕێبەرانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەو تێرۆرەدا بە تاوانبار ناساند و بەو حوکمەی دادگا سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی چوونە نێو لیستی ڕەشی تیرۆرەوە. دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئازادیخوازان و سیاسەتمەداران ئەم ڕۆژانە هەڵمەتێکی تویتێریان بە ناوی " نا بۆ وتووێژ لەگەڵ تێرۆریستەکان" وەڕیخستوە و داوا دەکەن کە دەوڵەتی ئەمریکا وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتێکی تێرۆریست نەکا و تا ئێستا بە هەزاران کەس ئەو داواکاریەی واژۆ کردووە و لە ڕێگەی تویتێرەوە داواکاری خۆیان بەگوێی دامەزراوە پێوەندیدارەکان دەگەیەنن. دەوڵەتی ئەمریکا پێشتریش لە چەندین لێدوان و بەیاننامەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە گەورەترین پشتیوانیی تێرۆر و ماکەی تیرۆریزمی جیهانیی ناوبردووە. بێگومان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەدان بەڵگەی لە سەرە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستی هەبوو لە تێرۆری سیاسەتمەداران و ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی لەن ێوخۆ و دەروەی ئێراندا. ئەو ڕیژیمە وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمی جیهانی، پشتیوانی ئەسڵیی حیزبوڵلای لوبنانە کە یەکێک لە گرووپە هەرە بەدناوە بە ناوبانگە تێرۆریستەکانی جیهانە. هەر لە هەمان کاتدا ئەو ڕیژیمە پێکهێنەری دەیان تاقم و دەستە و گرووپ و میلیشیای تێرۆریستییە لە جیهاندا و بەڵگەکان بۆ تێرۆریست بوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان ڕوون و ئاشکران و نە بۆ حاشا لێکردن دەبن و نە پێویستی بە هێنانەوەی دەلیل و بەڵگەی زیاترهەیە.