کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سۆنگەی "زارا محەممەدی"یەوە

05:40 - 12 جۆزەردان 2719

لە سۆنگەی "زارا محەممەدی"یەوە چەند سەرنجێک لە دۆخی هێزە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو دەوڵەتە دیکتاتۆرەکاندا   دامەزراندن و بەهێزکردنی هێزە کۆمەڵایەتییەکان بەپێی مەبەست و ساختاری باو، لەو وڵاتانەی  لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی دیکتاتۆری دان، کارێکی ئاسان نییە. چون لەم دەوڵەتانەدا بە خەرج کردنی ملیاردها دۆڵار و لە ڕێگای دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی خۆیانەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن کە هیچ جۆرە ڕێکخراوێکی مەدەنیی گرینک و شوێندانەر نەتوانێ سەربەخۆ و بەدەر لە ویست و چاودێریی دەوڵەت دروست بێ . دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان بێبەزەیانەترین هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن وا هەوڵ دەدەن بەو ڕێکخراوە مەدەنییانە ژیان ببەخشن و بەهێزیان بکەن، هەرجۆرە هەوڵدانێک بۆ دروست کردنی دامەزراوە ناحکوومییەکان، یەکیەتییە پیشەییەکان، بزاوتی خوێندکاری و ... لەگەڵ هەڵوێستی توندوتیژی دەوڵەت ڕووبەڕوو دەبێتەوە و؛ چاڵاکانی ئەم بوارە تووشی مەترسیی گیران و زیندان دەبنەوە . بەپێی ئەم کورتە باسەی سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، هەمیشە دوو فاقی لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان هەیە. لە لایەک تاکوو هێزە کۆمەڵایەتییەکان دروست نەبن، درێژەدان بە سەرەڕۆیی دەوڵەت و بێمافیی شارۆمەندان پێشی پێ ناگیرێ و لە لایەکی تریشەوە تاکوو دەوڵەتی دیکتاتۆر جڵەوی دەسەڵاتی وڵاتی بەدەستەوە بێ، ئیزن بە دروست بوونی هێزە کۆمەڵایەتییە شوێندانەر و گرینگەکان نادا . حکوومەتە دیکتاتۆرەکان لە ڕێگای فرۆشتنی نەوت و کانگا و سەرچاوەکانی دیکەوە قازانجی زۆر بەدەست دێنن و بە پشت بەستن بەم هێزە مادییە، هەر جۆرە جووڵەیەکی مەدەنی کە ڕاستەوخۆ بەپێی ویست و ئیرادەی ئەوان و ئیدۆلۆژییە باوەکەیان نەبێ، سەرکوتی دەکەن و جیاوازییەکی بۆیان نییە کە ئەم بزووتنەوەیە یەک هێزی سیاسییە لە مەیدانی سیاسەت و گۆمەڵگە، یا یەک دامەزراوەی مەدەنیی ژینگەپارێزیدا بێ. دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان لە سێبەری خۆشیان دەترسن تەنانەت هەتا ئەو جێگایەی کە دڵسۆزترین بەرپرس و نۆکەرەکانی خۆشیان بە چاوی گومانەوە سەیر دەکەن، بۆیەش هەر جۆرە بزاوتێکی مەدەنی (کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و ...) لەژێر چاودێریی توندی خۆیان دەگرن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کە بەپێی سیاسەتە شەڕەنگێز و ناتەباکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تووشی کێشەی سیاسی، ئابووری، نیزامی و ... هاتوە و زیاتر لە هەموو کاتێک گڵۆڵەی بەرەو لێژییە، هەر جۆرە بزووتنەوەیەکی مەدەنی کە باس لە ماف و ئازادی و کەڕامەت بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە بکات، بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دەسەڵاتە نگریسەکەی خۆی دەزانێ و بەناوی پاراستنی ئەمنیەتی نەتەوەیی، بە شێوە هەمیشەیەکەی خۆی (تێرۆر، دەسبەسەر کردن، ئەشکەنجە، ئێعدام و ...) بەرەوڕوویان دەبێتەوە. بـــــــۆ کــــــــــــوردستانیش کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی ۱۳٥۷ی هەتاوییەوە، خاون هێزی سیاسی و نیزامیی شوێندانەر بووە و بزووتنەوەی مەدەنی لە بوارە جیاجیاکانی (ژینگەپارێزی، سەندیکا کرێکارییەکان، شارەوانی و ...) بۆ ئاراستە دان بە کۆمەڵگە هەبووە و هەیە و، لە هەر دوو بەستێنی مەدەنی و سیاسییەوە کۆمەڵگەی کوردستانی لەخۆ گرتۆتەوە و دامەزراوەی هاوتەریبی بۆ هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە دروست کردوە، هاوکات دامەزراوە حکوومییەکانی لە بایەخ خستوە؛ گیرانی زارا محەممەدی و شەهید کردنی ژینگەپارێزانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، گۆشەیەکی بچووکن لە داماوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران .