کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمەڵە سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد

06:19 - 12 جۆزەردان 2719

لە کۆبوونەوەیەکی دوو شاندی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا دواپێشهاتەکانی ئێران و کوردستان خرانە بەرباس و لە پێوەندی لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی بەردەمدا چەند بابەتێکی ڕۆژەڤی سیاسیی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. ڕۆژی شەممە، 11ی جۆزەردان هەیئەتێکی ڕێبەریی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە سەرپەرستیی کاک سەید برایم عەلیزادە، دەبیر ئەوەڵی کۆمەڵە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەگەڵ شاندی حیزب بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەلوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات کۆ بوونەوە. دوو لایەن لەم دیدارەدا پاش تاوتوێی بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان و ئەم گۆڕانکارییانەی بەڕێوەن، لەسەر ئەگەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد و ئامادەکارییەکان بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکان و خۆبەدوورگرتن لە هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر بزووتنەوەی سیاسیی کورد ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد. ئارایشی نیزامیی ئێستا لە ناوچە و کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانی نێوخۆی ئێران، جێگە و پێگەی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشە سیاسییەکان، بارودۆخی خەڵک لە هەلومەرجی ئێستادا و تاوتوێی چەندی و چۆنیی جووڵانەوە مەدەنی و ئێعترازییەکان لە کوردستان و ئێران چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوون. پرسی چۆنیەتیی هاوکاریی مەیدانیی زیاتری هێزە کوردییەکان لە بارودۆخی ئێستادا باسێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیە بوو کە دوو لایەن بەبایەخەوە باسیان لە پێویستیی ژیانەکیی ئەم بابەتە چارەنووسسازە کرد و لەو پێوەندییەدا چەند مژارێکیان هەڵسەنگاند.