کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و خەلافەتێکی شیعەی شاراوە

18:53 - 15 جۆزەردان 2719

ئەمڕۆ کە باس لە کۆتایی هاتنی خەلافەتی داعش لە سووریە و عێراق دەکرێ، بەداخەوە زۆر پێش داعش خەلافەتێکی شیعەی ئێرانی لە دەرەوەی ئەم وڵاتە و لە وڵاتانی لوبنان و یەمەن و عێراق و سووریە دروست بووە و ئێستا وڵاتەکان بەتایبەت ئەمریکا هەست بەو مەترسییە گەورەیە دەکات و، لەبەر ئەو هۆکارەشە کە بە گەمارۆیەکی قورس خەریکە ئێران بە چۆکدا دەهێنێ و داڕمانی داهاتەکانی ئەم وڵاتە دەبینین و گۆڕانی ئەم ڕێژیمە ڕۆژ بە ڕۆژ نیزیکتر دەبێتەوە. لەم بابەتەدا دەمهەوێ چەند خاڵێکی گرینگ وەبیر بیروڕای گشتی بەتایبەت سیاسەتمەدارانی ئورووپایی بهێنمەوە. هەروەک دەزانن سیستمی وڵاتانی ئورووپایی سیستمێکی دێموکراتە و هەر بەچەند ساڵ جارێک دەستەڵاتەکان دەگۆڕدرێن و سیاسەتمەدارانێک بە بیروڕای جیاوازەوە دێنە سەرکار کە زیاتر سەرقاڵی وەپێش خستنی وڵاتەکەیان و سەرقاڵی ڕازی کردنی هاووڵاتییانیانن و، ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە کەمێک ئەوان لە سیاسەتی دەرەوە دوور دەخاتەوە و یان هێندێک جار ڕابردوو لەبیر خۆیان دەبەنەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەمهەوێ باس لە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی بکەم بۆ سەر ناوچە نیزیکەکانی ئێران لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و لە دواییدا مەترسیی ئێران بۆ وڵاتانی دوورتر  کەوا کەسانێکی دژبە سیاسەتە هەڵەکانی ئەم ڕێژیمەی لێ نیشتەجێیە و، بەتایبەت کوردەکانی ڕۆژهەڵات کە نیشتمانەکەیان بەهۆی ئەم ڕێژیمەوە داگیر کراوە. ساڵانێکی زۆرە کە کۆماری ئیسلامی دەستی لە هەڕەشە و تێرۆرکردنی چالاکانی سیاسی هەڵنەگرتوە و هەروەها لە ئێستادا بۆتە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر وڵاتانی ئورووپاییش، کە هەروەک بۆخۆیان بەڕوونی دەڵێن ئێمە لە هەموو وڵاتەکان دەستمان ئاواڵەیە و کەم شوێن هەیە کە نفووزی ئێمەی تێدا نەبێ. ئەم هۆکارانە بەتایبەت لە کاتێکدا کە باس لە ئاسایشی گشتیی وڵاتان دەکرێ دەبێ ببنە جێگای سەرنجی وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی ئورووپایی کە ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە بۆ پتر فشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی و، دەبێ ئەوانیش بیروڕاکانیان لەگەڵ ئەمریکا یەک بخەن و هەرچی زووتر پێش بە پێشڕەوی و دەستدرێژی ئەم خەلافەتە مەترسیدارە بگرن کە ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبوون دایە. دڕندەیی و دژەمرۆڤ بوونی کۆماری ئیسلامی لە کەس شاراوە نییە و کوردی ڕۆژهەڵات زۆرترین قوربانی داوە بەدەستی ئەم حکوومەتەوە و هەر لەبەر ئەوهۆکارەش کوردانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات کە خاوەنی هەزاران شەهیدە لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات و هەروەها ڕێبەرەکانی کە بەدەستی ئەو ڕێژیمە تێرۆر کراون. شاهیدێکی زۆر گرینگ و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن  لەسەر ئەو کۆمارە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێ، لە شاهیدیی حیزبی دێموکرات کەلک وەربگرێ کە هەر لەم دوایانەدا ڕێژیم ویستی لە بنکەی سەرەکیی ئەو حیزبە بە مووشەکباران کردنی ئەم حیزبە لە ساڵی ۲۰۱۸دا کەسانێک تێرۆر بکا، ئەوانە هەموویان هۆکارێکن کە هەرکەس بیهەوێ بەدواداچوونی بۆ بکات و بەڵگەی زیاتری دەست کەوێ ئەوە دەتوانێ لەدرگای قەڵای دێموکرات بدا.