کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزمی دەوڵەتی لەدژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

16:02 - 16 جۆزەردان 2719

ئاماژە: لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا کتێبێک لە بارەی کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ناوی «تێرۆریزمی دەوڵەتی لە دژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان»، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای «ڕۆشنگەری»، لە دەرەوەی وڵات بڵاو بۆوە. کتێبەکە لە ٣٢٠ لاپەڕە پێک هاتوە و هەڵبژاردەیەک لە وتار و نووسینەکانی قادر وریا لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوو لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەت و کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی لە دژی حیزبی دێموکراتی گرتووەتە خۆی. لە بەشی پاشکۆی ئەم کتێبەشدا، پانۆڕامایەک لە کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان لە دەیەی ٩٠ی زایینی، وێڕای کۆمەڵێک بەیاننامە لە بارەی پیلان و تاوانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە ڕابردوو یا لەم ساڵانەی دواییدا بڵاو بوونەتەوە، سەرنج ڕادەکێشن. لەم ژمارەیەی «کوردستان»دا، پێشەکیی کتێبی»تێرۆریزمی دەوڵەتی لە دژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان» بڵاو دەکەینەوە تا لە زمان و قەڵەمی نووسەرەوە، لە پێویستیی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی لەم چەشنە، ئاگادار بین: پێشەکی لەگەڵ ئەوەی یەکەم ئامانجی سەرکوت و شەڕ و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی، کوردستان و خەڵکەکەی و هێزە سیاسییەکانی بوون، هەروەها ئەگەرچی زۆرترین قوربانییەکانی پیلان و تاوانی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی گەلی کوردن، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستاش کارێکی ئەوتۆ بە مەبەستی بە دۆکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانە و توێژینەوەی تێر و تەسەل لە بارەیانەوە، نەکراوە. گرنگترین و بەوەجترین ڕێبەرانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و لێهاتووترین کادرەکان و بەڕێوەبەرانی خەباتی مافخوازانەی کوردستان، لە لایەن سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو ڕێژیمە تێرۆر کراون، بەڵام ئەو دەزگا سەرکوتکەرانە بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە، هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە «تێرۆریست» ناو دەبەن و، تاوانە تێرۆریستییەکانی خۆشیان لە دژی ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەو هێزانە تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، بە «بەرپەرچدانەوەی تێرۆر»، دەناسێنن! ئەمانەش دەگەڕێنەوە بۆ کەمتەرخەمیی ئەو هێزە سیاسییانە و سوود وەرنەگرتنیان لەو هەمووە بەڵگەنامە و شوێنەوارانەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران لە دژی کوردستان. بەداخەوە لە ئاستی کۆڕ و کۆمەڵی سیاسی و دیپلۆماتیکی نێودەوڵەتی، لە نێوەندی دامەزراوە جیهانییەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤدا، هەروەها لە پانتایی میدیاکانی دنیا و بە مەبەستی شوێندانان لە سەر بیروڕای گشتیی وڵاتانی جۆراوجۆر، کەمترین کار لەسەر داتاکان و بەڵگەنامەکانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەو ڕێژیمە بە دژی کوردستان، کراوە. بە حوکمی خەریکبوونم بە کاری نووسین و تێکۆشانی لەمێژینەم لە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتدا، هەروەها بەهۆی هەستیاریی تایبەتیی خۆشم لە ئاست مەینەت و نەهامەتییەکانی نەتەوەکەم و خەڵکێک کە ژیانی خۆم بۆ خەبات لە پێناوی ڕزگارییاندا تەرخان کردوە، یەک لەو کەسانە بووم کە لە ئاست پیلان و هێرش و هەڕەشە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ئازادیخوازانی ئێران بە گشتی و تێکۆشەرانی کورد بە تایبەتی، بەردەوام لەسەر هەست بوون و، خۆیان ئەرکدار کردوە لە بارەیانەوە بنووسن. هەستکردن بە بەرپرسیارەتی لە ئاست گیانی بە ناحەق ئەستێندراوی قوربانییەکان و قۆستنەوەی نووسین و بواری کاری ڕاگەیاندن بۆ لەقاودانی تاوانەکان و گەیاندنی هاواری دادخوازیی کەسوکار و هاوخەباتانی قوربانییەکان، وایان کردوە لە درێژایی ٣ دەیەی ڕابردوودا بە سەدان نووسین، وەرگێڕان و بابەتی ئامادەکراوم لە بارەی تاوانەکانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران بە تایبەتی لە دژی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان هەبێ. ڕاستە ئەم نووسینانە لە کاتی خۆیدا بڵاو بوونەوە، بەڵام بەو هۆیەوە کە ساڵانێکی زۆریان بە سەردا تێپەڕیوە و کاتی خۆشی لە توێی بڵاوکراوەی حیزبیی مانگانە و کەم تیراژ و هتددا بڵاو بوونەوە، ئێستا نایاب بوون و خوێنەران و تامەزرۆیانی ئەم جۆرە بابەتانە، ناتوانن وەدەستیان بێنن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێرۆریزم بە گشتی و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی لە دژی پرسی کورد و تێکۆشەرانی کوردستان و، لە دژی بەرهەڵستکاران و ناڕازییانی ئەو ڕێژیمە هەر وا چالاکە و، قوربانی دەستێنن. جگە لەمەش زۆر لەو کەس و لایەنانەی دەستیان لەو تاوان و کردەوە تێرۆریستییانەدا هەبووە، ئەگەر ئەم نووسین و بەڵگەنامانە بفەوتێن، یا بە مێژوو بسپێردرێن و ئاوڕیان لێ نەدرێتەوە، وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و هیچ کات حوکمی عەداڵەت لە بارەیانەوە بەڕێوە ناچێ. بەداخەوە هێشتا توێژینەوە و بەدوادا چوونی تێر و تەسەل و هەموو لایەنە لە بارەی تاوانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و لە دژی هێزە سیاسییە خەباتکارەکانی کوردستان، نەکراوە. ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو ئەو نووسین و لێدوان و بەڵگەنامانەی لە درێژایی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە بارەی تاوانە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە، لەکاتی خۆیدا بڵاو بوونەوە، کۆ بکرێنەوە و جارێکی دیکە بخرێنەوە بەر سەرنجەکان بۆ ئەوەی خوازیارانی لێکۆڵینەوە و بەدوادا چوون، دەستیان بە زانیاری و دۆکیۆمێنت و سەرچاوەی پێویست ڕابگا. کۆکردنەوەی کۆمەڵێک لە نووسینەکانم لە توێی ئەم کتێبە و دووبارە بڵاوکردنەوەیان، هەنگاوێکە لە خزمەت بە دۆکیۆمێنت کردنی تاوانەکانی تێرۆریزمی دەولەتیی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی لە دژی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان بە تایبەتی حیزبی دێموکرات کە من بەهۆی تێکۆشانم لە ڕیزەکانیدا زیاتر لێی ئاگادارم و پتر خۆم بۆ تەرخان کردوە. دیارە ئەم کتێبەم لە هەلومەرجێکدا ئامادە کردوە کە بەداخەوە لە کتێبخانە و ئەرشیڤی شەخسیی خۆم و کۆمەڵێک سەرچاوەی پێویستی دیکە دوورم. هەر بۆیە دەستم بە نیزیکەی نیوەی نووسین و بابەتەکانی خۆم لە پێوەندی لەگەڵ کردەوە و پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، ڕانەگەیشتوە. زۆر بەڵگەنامەی دیکەش هەبوون کە بوونیان لەم کتێبە، یارمەتیی بە بەرچاوڕوونیی خوێنەران و تامەزرۆیانی ئاگاداری لە تاوانەکانی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی دەکرد، بەڵام بەداخەوە ئێستا لەبەر دەستمدا نین. لەم کتێبەدا زیاتر٥٠ نووسین و بابەتی ئامادەکراوی خۆم هەن کە کەوتوونە بەشی یەکەمی کتێبەکە. چەند دانەیەکیان لەوانەیە ناو و ئیمزای هێزێک یا چەند هێزێکی سیاسییان لەسەر بێ، بەڵام چونکە خۆم نووسیومن هەر لەو بەشەدا هێناومن. هەروەها چەند نووسینێکیشم لەوانەیە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە کوردستانەوە نەبێ بەڵام بەو هۆیەوە کە باس لە تێرۆر بە گشتی یا تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی لە شوێنەکانی دیکەی ئێران یا جیهان دەکەن، پێم باش بوو لەم کتێبەدا بیانگونجێنم. چەند بەڵگەنامەیەکیش لە پاشکۆی کتێبەکەدا هاتوون کە زیاتر بەیاننامە و ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکرات یا هی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانن، بەو هۆیەوە کە پێوەندییان بە تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامییەوە هەبوو، هێنانیانم لەو پاشکۆیەدا بە پێویست زانی. لە چاپەکانی دیکەی ئەم کتێبەدا هەوڵ دەدەم پاشماوەی نووسینەکانم لە بارەی پیلان و کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان یا بە دژی کورد، هەر وەها بەڵگەنامەی زیاتر لە بارەی ئەو تاوانانەی بە دژی تیکۆشەران و بنکە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوون، بخەمە سەر ئەم کتێبە. هیوادارم بەم کارەم خزمەتێکی بچووکم بە لەقاودانی ڕەهەندە جیاوازەکانی نیاز و تاوانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی دڕندەی ئێران و، زیندوو ڕاگرتنی هاواری زۆرلێکراوی و دادخوازیی بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێ و هاوخەباتانی قوربانییەکان کردبێ. دەستی هەر بەڕێزێکیش دەکوشم کە لە دەوڵەمەندکردنی ئەم پڕۆژەیەدا، هاوکار و یارمەتیدەرم بێ.