کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمانی سیاسەت و سیاسەتی تەکزمانی

16:18 - 16 جۆزەردان 2719

ئەو جوغرافیای سیاسییە هەڵبەستراوەی ئێستا، کە ماوەی نیزیکەی سەدەیەکە لەسەر خەریتەی سیاسیی جیهان بە ناوی ‹›ئێران›› نووسراوە، لانیکەم پێنج زمانی زیندووی دنیا و دەیان شێوەزاری جۆراوجۆری ئەو پێنج زمانەی تێدایە، کەچی تەنیا یەکێک لەو زمانانە لە دەستووری ئەو وڵاتەدا بە زمانی ڕەسمی ناسراوە. بیگومان پشتگوێخستنی قانوونیی زمانەکانی دیکە سیاسەتێکە بۆ تواندنەوەی فرەفەرهەنگیی ئێران لە تاکە فەرهەنگێکدا کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە ناوی شوناسی هەڵبەستراو و جەڵەبیی "ئاریایی" ئامانجی هەردوو ڕێژیمی پادشایەتیی پەهلەوی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بووە. ئەم دوو ڕێژیمە دیکتاتۆر و فاشیستە هەم بە قانوون و هەم بە قسە و ڕەفتار بە ناوی پاراستنی یەکپارچەییی شوناس و خاکی ئێران بێڕێزییان بە زمانەکانی دیکە کردوە و بە هەموو شێوەیەک سەرکوتیان کردوون. زمانی فارسی بۆ ئەو دوو ڕێژیمە دیکتاتۆر و فاشیستە کەرەستەی سەپاندنی دەسەڵاتی تەکفەرهەنگی بەسەر فەرهەنگەکانی دیکەی نێو ئەو جوغرافیا سیاسییەدا بووە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە هیچکام لەو دوو ڕێژیمە نەک هەر نەیانتوانیوە سەرکوتی زمانەکانی دیکە بکەنە دەرفەت بۆ چەسپاندنی تاهەتاییی زمانی فارسی، بگرە گەلانی کورد، تورک (ئازەری و تورکمانی)، بەلووچ و عەرەب، کە سەدەیەکە زمانەکەیان لێ سەرکوت کراوە، هەمیشە بەرەنگاری سیاسەتی سڕینەوەی زمانیی ڕێژیمە فاشیستەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە و ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر هەوڵ بۆ گەشەکردنی زمانی خۆیان دەدەن و لە ڕێی زمانەکانی خۆیانەوە شناسی جەڵەبیی نەتەوەی ئێرانیان دەهەڵمەت گرتووە* و شناس و هەوێتیی نەتەوەییی خۆیان پاراستووە و هەوڵ بۆ دەربازبوون لە ژێردەستەیی و سەربەخۆییی زمانیی خۆیان دەدەن. ئەگەر ئەو سیاسەتی تەکزمانییە بەردەوام بێت، بێگومان خەریتە هەڵبەستراوەکەی ئێران بەرەو هەڵوەشانەوەی یەکجارەکی دەچێت، بەتایبەتی ئێستا کە ڕێژیمی تیرۆریستی ئیسلامیی ئێران بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانییەوە لە لایەن ئەمریکا و کۆمەلگەی نێودەوڵەتییەوە گەمارۆی توندی ئابووریی خراوەتە سەر و گۆشەگیر کراوە و بەرەو لاوازی و لەدەستدانی دەسەڵاتە دڕ و دڕندەکەی دەچێت، بۆیە گەلانی بندەستی ئێرانیش ئەو لاوازییەی ڕێژیم بە دەرفەت دەزانن و، ئەگەر قانوونێکی بنەڕەتیی نوێ بۆ ئێران دانەڕێژرێت و کۆتایی بە سیاسەتی تەکزمانی نەهێنێت و هەر پێنج زمانەکە بەڕەسمی نەناسرێن، بێگومان وڵاتێک بە ناوی ئێران بەو ڕووبەرەی ئێستایەوە نامێنێ.