کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیدرالیزمەکەی خاتەمی!

16:34 - 16 جۆزەردان 2719

سەرۆک کۆماری پێشووتری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەید محەمەد خاتەمی ڕۆژی ٢١ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە درێژەی چاو پێکەوتنێک لەگەڵ ئەندامانی شۆڕای شاری تاراندا دانی بەوە دانا کە باشترین و گونجاوترین شێوەی حکوومەت، حکوومەتی فیدراڵییە. ئەم باسە ناکرێ هەروا لە گۆترە کرابێ و خاتەمی بێ مەبەست و ئامانج کردبێتی، بۆیە خوێندنەوە و تاوتوێی زیاتر هەڵدەگرێ. ئەم دەربڕینەی خاتەمی لەو کاتدا کاردانەوەی جۆراوجۆری لێ کەوتەوە، کە زۆربەی هەرە زۆری ئێرانییەکانی نێو دەسەڵات و ئەوانەش کە بە ناو ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجێی تاراوگە بوون دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم بۆچوونەی خاتەمی دەربڕی و بە واژۆ کردنی تۆمارێک داوایان لە ناوبراو کرد کە لەم هەڵوێست و قسەیەی پاشگەز بێتەوە. گرینگیی ئەم باسەی خاتەمی لەوەدایە کە لە هەمووی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی کوردستان نیزیکە، چونکە ئەوانیش سیستمی فیدرالییان لە ئامانجی دواڕۆژی خۆیاندا گونجاندوە. ئەگەر لەم ڕوانگەوە بڕوانینە ئەم باسەی خاتەمی دەبێ دڵخۆش بین کە وردەوردە ئەم شێوە حکوومەتدارییە، دەبێتە بابەتی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تاران لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێران و، دەبێ هیوادار بین ئەگەر ئەم بابەتە تەنیا بۆ ڕێکلام کردنی خاتەمی نەبێ بەمەبەستی خۆ بەربژێرکردن بۆ خولی داهاتووی سەرۆک کۆماری و بە لاڕێ بردنی ڕای گشتیی نەتەوە بندەستەکانی ئێران و تەنیا لە چوارچێوەی قسەی زریقە و بریقەداردا قەتیس نەمێنێتەوە؛ ئەوە لە جێی خۆیدا جێگەی بایەخ پێدانیشە. دەبێ تاکی کورد بە گشتی ==و ڕووناکبیرانی کورد بە تایبەتی ئەم دەرفەتەش بقۆزنەوە و ئەم تابۆ و هێڵەسوورە ببەزێنن و هەوڵ بدەن کە کاربەدەستانی دیکەی ئێرانیش ناچار بکەن کە بە تێڕوانینی خاتەمی بڕواننە چارەسەر کردنی کێشەی نەتەوەکانی ئێران و کوردستان بە تایبەتی لەم نێوانەدا. دەبێ هەوڵێکی وەها بدرێ کە ئەم ڕادەر بڕینەی خاتەمی ببێتە ماڵ لە سەری و نەتوانێ لێی پاشگەز ببێتەوە. باسکردن لە فیدرالیزم بۆ ئیدارە کردنی وڵات داننان بە ڕاستییەکی حاشا هەڵنگرە و سەرەتایەکە بۆ بەرەو ئیدارەکردنی وڵات بە شێوەی دێموکراسییانە و لە هەمان کاتدا ڕاستەوخۆ داننانە بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و هەر ئەم ڕاستییەشە کە پان ئێرانیستەکانی تووڕە کردوە و خوێنیان وەکوڵین هاتوە، هەر ئەم لێدوان و بۆچوونانەش دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا نەتوانن چیدی درێژە بە ڕەوتی مێژوویی خۆیان بۆ سەرکوتی نەتەوە نافارسەکان بدەن. ئەرکی تاکی کورد لە ئێستا و داهاتوودا دەبێ ئەوە بێ کە لە ئەگەری گۆڕینی دەستووری بنەڕەتیی ئێراندا جا بە هەر شێوەیەک بێ (چ لە ئەگەری گۆڕینی دەستوور لە لایەن کۆماری ئیسلامی و چ لە ئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامیدا) ئەم ویست و داخوازییە، کە داخوازییەکی ڕەوایە و هەتا ئێستاش حیزبە سەرەکی و دیارەکانی کوردستان لە پێناویدا خەبات دەکەن و ڕووبارێکیشیان خوێن بۆ داوە، بیچەسپێنن و گاڕانتی ئەوەش بکرێ کە لە ئەگەری پێشێلکردنی ئەم بڕگەیە؛ نەتەوەکانی ئێران ڕێکاری دیکەیان بە شێوەی یاسایی لەبەر دەستدا بێ. لە ئێستادا کە بارودۆخی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو کات نالەبارترە و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی خوێناوی لە ئارادایە، هێنانە بەر باسی ئەم بابەتەش جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە! لە کاتێکدا کە کەسێکی وەک خاتەمی کە ماوەی ٨ ساڵ سەرۆککۆماری ئێران بووە لە هەموو کەس باشتر دەزانێ کە فیدرالیزم چییە و چ ئاکامێکی لێ دەکەوێتەوە و لە هەمان کاتدا باس لە ڕێفراندۆمێک دەکرێ بۆ گۆڕینی دەستووری بنەڕەتیی ئێران، دەبێ حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان بە وردی بەدوادا چوون بکەن بۆ ئەم بابەتە ئەگەری بەکارهێنانی هێزێکی کوردیی بەشێکی دیی کوردستان لە هاوکێشەکانی ئێراندا بەهەند وەربگرن. لەو پێوەندییەدا پێویستە مەترسیی دووبارە بوونەوەی ئەزموونی ڕۆژئاوا بە ئالتێرناتیڤێکی جێگەی مەترسی سەیر بکرێ، بۆوەی فیدرالیزم لە جیاتی دابەشبوونی دەسەڵات؛ لە حکوومەتی فیدرالییەوە نەبێ بە وردە دیکتاتۆری لە هەرێمەکاندا. واتا دابەشبوونی دیکتاتۆرییەکی گەورە بۆ چەند دیکتاتۆریی بچووکتر. باسی دامەزراندنی سیستمی فیدرالی لە ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بزووتنەوەی مەشرووتەخوازی. بەڵام بە درێژایی مێژوو هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ زۆر لە سیاسی و ڕووناکبیرەکان لە ترسی دابەشبوونی ئێران دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم شێوە لە حوکمڕانی دەربڕیوە و قۆڵی کپ کردنیان لێ هەڵماڵیوە کە دکتور موسەدیق لە دیارترینی ئەم کەسانەیە. هەروەها جگە لە کەسانی نێو دەسەڵات و چ بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، دەستووری بنەڕەتیی ئێرانیش بەربەستێکی تری ئەم هەژمار دەکرێ و لە ئێس=تادا، هەر وەک خاتەمی لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئێران بە شێوەی فیدرال باسی لێوە کرد دەستووری ئێران ئیزن بە بەڕێوەبردنی وڵات بەم شێوەیە نادا و پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور هەیە. لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا یەک جار یاسای دەستووری هەموار کراوەتەوە و لە ساڵی ١٣٥٨ کە ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی کرا زیاتر لە 8٠%ی هاووڵاتیانی کورد بایکۆتیان کرد و نەچوون بۆ دەنگ دان و ئێستا دوای ٤٠ ساڵ ئەم هەڵوێستەی خەڵکی ڕۆژهەڵات لاپەڕەیەکی جێگەی شانازییە و هەڵوێستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی بە ئاشکرا لەسەر دەبیندرێ. (هەموار کردنی دەستووری ئێران لە دوای مردنی خومەینی لە ساڵی ١٣٦٨دا بوو، کە ئەسڵی ١٧٧ی پێوە زیاد کرا -ئەسڵی ١٧٧ ڕێگەی بە گۆڕینی یاسای دەستووری ئێران داوە-). لە ئێستادا کە باس لە هەموار کردنەوەی دەستووری بنەڕەتی دەکرێ، دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ کە هەموارکردنی یاسا تەنیا بە داواکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی دەکرێ و پێویستی بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەندامانی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام و هەر سێک لە بەرپرسانی سێ ناوەندی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە (دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و دەسڵاتی یاسادانان) هەیە و، ئەم شێوەیەش بۆ خۆی جێگای گومان و لە هەمان کاتیشدا مەترسیدارە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەموارکردنی دەستوور لەژێر چاودێریی خامنەیی دەکرێ و ئەو کەسانەش کە دیاری دەکرێن وەک شۆڕای پێداچوونەوە بە دەستوور، هەر هەموویان لە لایەن ناوبراوەوە دەسنیشان دەکرێن و، هەر بۆیەش هەموارکردنەوە ئەگەر نەڵێین پرۆسەیەکی بەدوور لە ڕاستییە دەکرێ بڵێین کە جێگەی گومانە، گومان لەم ڕوانگەوە کە کەسێکی کە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا مافی دەرکەوتنی نییە، لە کاتێکی هەستیاری وەکوو ئێستادا دەردەکەوێ و بابەتێک دەورووژێنێ کە نەتەوە نافارسەکانی ئێران بە گشتی و کورد بە تایبەتی لە پێناویدا خەبات دەکا ودوژمنەکەشی بۆ سەرکوت کردن و کپ کردنی ئەم مافە ڕەوایە سڵی لە هیچ کردەوەیەک نەکردوە و پەنای بۆ هەموو جۆرەکانی سەرکوت بردوە و بە شانازیشی دەزانێ. ئەم بابەتەی خاتەمی دوو دەرەنجامی دەبێ: نەرێنی: تەنیا بۆ هێور کردنەوەی بارودۆخی ئێستای ئێران و بە جۆرێک لە جۆرەکان پروپاگاندای پێش هەڵبژاردنە و، خۆیشی دانی بەوە ناوە کە ئەمجار ئەگەر خۆی بەربژێر بکاتەوە ئەوە خەڵک باوەڕ و متمانەی پێ ناکەن. لە ئەگەری ئەوەشدا کە خاتەمی خۆی بەربژێر نەکا ئەوە داکۆکی لە کەسێکی وەک ڕۆحانی و ڕۆحانییەکان دەکا بۆ گەیشتنەوە بە دەسەڵات و بۆ ماوەیەکی دیکە خەڵک سەرقاڵی ئەم بابەتە دەکا و لە کۆتاییشدا دیسان پاساو بە ڕێگری دەستووری بنەرەتی و بێدەسەڵاتی سەرۆک کۆماری دێنێتەوە. ئەرێنی: ئەگەریش ئەم بابەتە بەڕاستی بچێتە دەستووری کار و بەرنامە و پڕۆگرامی دەوڵەتی داهاتوو و کاری بۆ بکرێ بە شێوەیەکی ڕوون و بێگەرد ڕوون بکرێتەوە بۆ خەڵک، ئەوە ئەرکی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان بە گشتی و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانە کە بایەخێکی زۆر بەم بابەتە هەستیارە بدەن.