کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتی بەسەربازکردنی منداڵان

16:39 - 16 جۆزەردان 2719

سیاسەت و بەرنامەی بەسەربازکردنی منداڵان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ بنەما ئیدلۆژیکی و پەروەردەییەکانی ئەم ڕێژیمە دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم پڕۆسەیە لە سەرەتادا ئاوێتە بە بانگەشەی نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی کرابوو. سیاسەتی بەسەربازکردنی منداڵان لە ئێران دەستپێکەکەی شەڕی عێڕاق بوو، سیاسەتێک بە پاساوی ئەوەی بەرگری لە نیشتمان ئەرکی هەموومانە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و دوای سێ دەیە لە کۆتایی ئەم شەڕە؛ ئێستاش سیاسەت و کولتووری نۆشکردنی شەربەتی شەهیدبوون! لەلایەن دامودەزگا پەروەردەیی و تەبلیغییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگەشەی بۆ دەکرێ. لە ماوەی شەڕی 8 ساڵەدا پتر لە 33 هەزار قوتابیی منداڵ کوژران و چەند هیندەی ئەوەندەش بریندار و نقوستان بوون. بەڵام ئەگەرچی ئێران چەند ساڵ دوای کۆتایی شەڕ و لە ڕەشەمەی ساڵی 1372دا کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی منداڵانی ئیمزا کرد، کەچی پێچەوانەی نێوەرۆکی پەیماننامەکە و پێویستیی دەروەستبوونی ڕێژیم بەم کۆنڤانسیۆنە؛ ئێستاش لە پەروەردەی ئیدۆلۆژیک و فێرکردن و بارهێنانی سەربازیی منداڵان بەردەوامە. ڕێژیم دوای شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێڕاق بەربڵاوتر لە جاران سیاسەتی ڕاکێشانی منداڵان و مێرمنداڵانی گرتە بەر. ئەو منداڵانەی سەرەتای چالاکییەکانیان لە مزگەوتەکان و بنکەکانی بەسیج لە قوتابخانە و شوێنەکانی دی دەستی پێکرد، بەڵام بۆ نموونە لە کاتی ڕووداوەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی 1388دا بینیمان کە چەک لەشان و گۆپاڵ بەدەست بۆ سەرکوتی خەڵکانی ناڕازی لە شەقامەکاندا دەرکەوتن! دوای چەند ساڵ بینیمان کە منداڵانی چەکدارکراو لەلایەن ئێرانەوە لەژێر ناوی «پارێزەرانی حەرەم» و ئەندامانی «سوپای فاتمیون»دا بەڕێی ناوچە شەڕلێدراوەکانی سووریە کران. ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ لەو ماوەیەدا ئامار و زانیاریی ورد و زۆریان لە بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕی سووریەدا بڵاو کردۆتەوە و ڕێژیمیش بە ئاشکرا لە ڕێوڕەسمە حکومەتییەکانی وەک 13ی خەزەڵوەر و 22ی ڕێبەندان و ئەوانیتردا بە ئاشکرا لە بەرگی هێزە سەربازەییەکاندا منداڵان دێنێتە سەرشەقام. ئێران ئەگەرچی یەکێک لە ئەندامانی کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی منداڵانە، بەڵام لە هەر کوێ پێی خۆش بووبێ یان بە دڵی نەبووبێ، خۆی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دزیوەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدا کە یەکێک لە گرینگترین ئەسڵەکانی ئەم کۆنڤانسیۆنە ڕێگری لە بەکارهێنانی منداڵان لە پرسە سەربازییەکانە لە هەر شێوە و شێوازێکدا. چونکی منداڵ لەو تەمەنەدا ناتوانێ هیچ بڕیارێک بۆ خۆی بدا. بابەتی بەکارهێنانی منداڵانی شەڕکەر لەلایەن ئێرانەوە لە ئاڵۆزی و پێکدادانەکانی ناوچەدا، بەردەوام لەلایەن ئەمریکاوە تیشکی خراوەتە سەر. پارەکەش ڕێکخراوی «دیدەبانی مافی مرۆڤ» لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە ناردنی منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵی ئەفغانی بۆ شەڕی سووریە کرد کە لەلایەن ئێرانەوە بەڕێی ئەم وڵاتە کرابوون. پێداگریی ئێران لە بەردەوامیی ئەم سیاسەتەی و کاردانەوەی ئەمریکا و وڵاتانی دی و هەروەها گوشاری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ وای کردوە کە ئەم بابەتە لە ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕەنگ بداتەوە و وێدەچێ تەنانەت ئەم پەروەندەیە بدرێتە شووڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش. لە ئەگەری وەها حاڵەتێکدا پەروەندەکە دەدرێتە دادگای سزادانی نێودەوڵەتی و ئەو کاربەدەستانەی ئێران کە دەستیان لە چەکدارکردنی منداڵان و ناردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ هەیە، وەک تاوانباری شەڕ دەناسێندرێن و سزایان دەخرێتە سەر. بەڵام ئامانجی بنەڕەتیی ڕێژیم لەم سیاسەتە و پلانی پەروەردەی ئیدۆلۆژیکیی منداڵان و قوتابییان پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە مانەوەی دەسەڵاتەکەیانەوە هەیە. ئهمرۆكه گرینگترین ئامانج بۆ كار بهدهستانی ڕێژیم له ههمبهری پرسی پهروهرده له ئێراندا ئهوهیه كه چۆن مێشكی منداڵان و مێرمنداڵان بشۆنهوه، چۆنیان دهستهمۆ بكهن، چۆنیان به ڕێنوێنی و پرهنسیپه ئیدیۆلۆژییهكانیان پهروهرده بكهن تا له كاتی پێویستدا وهك سوپایهكی شوێنكهوتووی گوێڕایهڵ له پێناو ئامانج و بهرژهوهندییهكانیان دا بهكاریان بێنن. ئهوان به دامهزراندنی ڕێكخراوهكانی به ناو «امر به معروف و نهی از منكر» و «امور تربیتی« و «بسیج دانش آموزی« و له ڕێگهی شێوازهكانی هاندان، تۆقاندن و كهسایهتی پێدانی درۆیین و له بهردهستدانانی ئیمكاناتی تایبهت بۆ قوتابیانی بهسیجی، ههوڵی ڕاكێشانی منداڵان و مێرمنداڵان و به كارهێنانی ئهوان له پێناو ئامانجه سیاسی و نیزامییهكانی خۆیان دهدهن. بانگهشهكانی شههادهتخوازی، دژایهتیكردنی ڕۆژئاوا به تایبهت ئامریكا و ئیسرائیل، خراپ و نیگهتیڤ شیكردنهوهی چهمكهكانی دێموكراسیخوازی، ئازادیخوازی و له مێشك ئاخنینی ئهفسانه دوور له ڕاستییه ئایینییهكان و نیشاندانی نیزامی كۆماری ئیسلامی به ئیرادهی خودا و ئهوهی كه ڕێبهرانی ڕێژیم و ویلایهتی فهقیه نوێنهرایهتیی ئیمامی زهمان دهكهن، لهو وانه سهرهكییانهن كه ئامانجدارانه ههر دهم پلانی نوێ نوێیان بۆ دادهڕێژرێ. ئەمڕۆکە بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕ لە کولتووری گشتیی نەتەوەکان و وەک نۆڕمێکی گشتیگیری جیهانی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ سەیر دەکرێ و تەنانەت تا سنووری «جینایەتی شەڕ» دادەنرێ، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕێژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران لێی بسڵەمێتەوە. بۆیە سەرەڕای ئەوەی کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافی منداڵان و پڕۆتۆکۆلی ئیلحاقیی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤی ئیمزا کردوە _کە بەپێی ئەم کۆنڤانسیۆنە ڕێ لە منداڵانی خوار 15 ساڵ لە بەرەکانی شەڕدا دەگیرێ_ کەچی قەت ئەو پڕۆتۆکۆلەی بۆ پەسندکردن نەبردە مەجلیس. لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە هەموو شتێک لە پێناو مانەوەی بەرژەوەندییە ئیدۆلۆژیکییەکانە و بۆ ئەوەش هەموو شتێک ئامرازە، تەنانەت هەموو مرۆڤ و مرۆڤایەتیش.