کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«نییەر»، سروود و حەماسەی نیشتمانێک

16:42 - 16 جۆزەردان 2719

«نییەر» و ناو و ناوبانگی ئازایەتی و قارەمانەتیی بنەماڵەی "منبەری"یەکان بۆ خەڵکی کوردستان ناوێکی ئاشنایە و لە مێژووی جووڵانەوەی گەلی کورددا جێگایەکی تایبەتی بۆخۆی کردۆتەوە. «نییەر» لە ناوچەی ژاوەڕۆی سنەیە. گوندێکی خۆش و دڵڕفێن و سازگارە و نیزیکەی ٣٥٠ ماڵ دەبێ. خەڵکی ئەم ئاواییە زۆربەیان خزم و کەسوکاری یەکترن و پاشناوی بنەماڵەییان «منبەری»یە. ئەو نازناوە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ئاشنایە. زیاتر لە پەنجا کەس لە «مینبەری»یەکانی گوندی نییەر لە سەنگەری خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیدا شەهید بوون. حەشیمەتی ئاوایی نییەر زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسە و، بە زاراوەی هەورامی قسە دەکەن و دابونەریتی کوردەواری، زمان و ڕەسەنی ناوچەیان وەک خۆی پاراستوە. گوندی نییەر لە کۆنەوە خەڵکی بەتوانا و لێهاتووی بەخۆیەوە دیتوە هەرکام لەوانە شوێنی تایبەتیان لە نێو دڵ و مێشکی خەڵکدا کردۆتەوە. یەکێک لەوانە حاجی مەلامحەمەد نییەری ناسراو بە حاجی مامۆستا، کە لە دەورانی ناسرەدین شادا ژیاوە و لەبەر زانایی جێگایەکی تایبەتی لە نێوشاردا هەبوە. بێجگە لە حاجی مامۆستا چەند کەسی دیکە لە نێو عالمانی کورددا جێگای خۆیان کردۆتەوە وەک مەلا عەبدولمەجیدی مودەڕسیی نییەری، مەلا محەمەد مودەڕسیی نییەری کە چەندین کتێبی لە دوای خۆی بەجێ هێشتوە، هەروەها مەلا محەمەد سادقی منبری. ئاوایی نشینەکانی نییەر، لەمێژە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان تێکەڵ بوون و بەرگی پیرۆزی پیشمەرگایەتییان لەبەر کردوە. لە سەرەتای ڕێپێوانەکانی خەڵک لەدژی ڕێژیمی شا، چەند بنەماڵەیەکی نییەری لە سنە دەژیان و هێندێک لە مناڵانی گوندیش لە ماڵی ئەواندا دەیانخوێند. زۆربەی ئەم گەنجە خوێندکارانە تێکەڵی سیاسەت بوون و کاک جەعفەر منبەریش، کە پێشتر پێوەندیی نهێنی بە حیزبی دێموکراتەوە هەبوو سەرچاوەی ئەم دەستپێکە بوو. یەکێک لە مامۆستاکانی گوندی نییەریش (مامۆستای قوتابخانە) کە خەڵکی شاری مەهاباد بوو بەناوی عەبدولناسری قوڕەیشی، بناغەی بیری نەتەوەیی لە گوند و لەنێو قوتابیاندا داڕشت و لە ڕاستیدا قوڕەیشی مامۆستای نیشتمانپارێزی ناویان بوو. بەڵام ئەوەی بۆ نییەر لە خەبات و تێکۆشان جێگای لێ وردبوونەوەیە ئەوەیە کە دوو ڕۆژ لە شەڕی ٢٦ ڕۆژەی نێو شاری سنەدا کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە پەلامار درابوو تێپەریبوو، کە «عەبدوڵڵا منبری» و «جافر منبری» و دوو پێشمەرگەی دیکە بەناوەکانی «کەریم و عەزیم منبەری» شەهید بوون و ئەم ڕووداوەش بە کۆستێکی گشتیی گوند داندرا. جەلال مەلەکشا، شاعیری گەورەی کورد شێعرێکی پڕ لەهەستی بۆ یەکێک لەو بنەماڵە تێکۆشەرانە کە نموونەی فیداکاری و قارەمانەتی بوو هۆنیوەتەوە. دوای شەهید بوونی جەعفەر منبری نیزیک بە ١٥ کەس لە گەنجانی نییەر بوونە پێشمەرگە و، پاشان بەوە گرێدانێکی عاتفی و فکریش لە نێوان خەڵکی ئەم گوندە و حیزبی دێموکراتدا دروست بوو. کەسانێکی تایبەتیش لە نێو پێشمەرگەکاندا ڕۆڵی گرنگیان بۆ ئەم تێكەڵاوییە بەرینە هەبوو کە دوای شەهید جەعفەر، هاشمی کوڕی جەعفەر، ئەبولحەسەن منبەری و چەند کەسی تر دیارترینیان بوون . بەڵام ئەوەی دەبێ بە ئاوی زێڕ بنووسرێ بەشداریی چالاکانەی هەمەلایەنە و بەرخۆدانی خەڵکی ئەو گوندە قارەمانپەروەرە بۆ خەبات دژی کۆماری ئیسلامییە کە لەسەنگەری بەرگری لە ئاو و خاک و نیشتمان زیاتر لە ٤٠ کادر و پێشمەرگە گیانی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردوە. بێجگە لەوانە چەندین کەسی دیکە لە لاوانی ئەم دەڤەرە لە سیاچاڵەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی لەژێر ئەشکەنجە و زینداندا مانەوە و سەرەنجام ئێعدام کران، هەروەها کۆماری ئیسلامی چەندین جار ئەو گوندە خۆڕاگرەی ئاورباران کردوە و خەڵکی لێ شەهید کردوە. لەماوەی دەسەڵاتی خۆیدا کۆماری ئیسلامی کوشتن و بڕێن و ئێعدام وسووتان و ماڵوێرانی بە دیاری بۆ ئەو گوندە هێناوە، بۆ وێنە لە ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٢دا بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە لە هێزی پێشمەرگە ئەو گوندەی کردە ئامانج و زیاتر لە ١٠٠ ماڵی سووتاند، قین لە دڵان بەوەش دانەمرکان و سەرچاوەی بژیوی خەڵكیان ئاگر دا و جارێکی دیکە قەڵاچۆکردن و وێرانکردنی ماڵ و حاڵی خەڵکیان لە دەفتەری ئینسانکوژیی خۆیاندا تۆمار کرد. بەڵام خەڵکی قارەمانی گوندی نییەر بە دانی خوێنی ڕۆڵەکانیان ئامادە بوون فیداکاریی کەموێنە لە خۆیان نیشان بدەن هەتا ڕوخساری زەرد بە ڕووی ئەم گوندە قارەمانەوە دیار نەبێ و وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لە نێو ئاسمانی جووڵانەوەی گەلی کورد بە درەوشاوەیی بمێنێتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا ئاوایی نییەریان جارێکی دیکە ڕازاندەوە و کردیانە چقڵێکی دوژمن تۆقێن و بەچاوی کۆماری ئیسلامییاندا کرد. لە نێو شەهیدانی ئاوایی نییەر چەندین کەس لە نێو یەک بنەماڵەدا دەبینرێن وەک فەرەج، واسێح، کەیکاوس و عەبدوڵا منبری کە هەر چواریان برا بوون و تەنانەت ئیحترام منبری هاوژینی فەرەج منبری بووە. ئەوەی سەرنجی خەڵکی ڕاکێشاوە پڕکردنەوەی سەنگەرەکانی شەهیدان ودرێژەپێدانی ڕێگایانە، ئێستا لاوانی ئاوایی نییەر لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا لەسەنگەری بەربەرەکانیدا دژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن و بە درێژە پێدانی ڕێگایان لاپەڕەکانی زێڕین بە مێژووی سەرانسەر خەبات و قارەمانەتیی نەتەوەی کورد زیاد دەکەن. خوێنی ڕۆڵەکانی ئاوایی نییەر لە زۆر ناوچەی کوردستان وەک: کامیاران، سنە، دیواندەرە، بانە، سەقز، کرماشان، مەریوان و داڵاهۆ داری ئازادییان ئاو داوە و بەو خوێنە گەش و ئاڵە توانیان بۆ هەمیشە ناوی نییەر لە مێژووی حیزب و نەتەوەی کورددا بە گەشاوەیی ڕاگرن. خەڵكی ئاوایی نییەر هیچکات بە شەهید بوونی ڕۆڵەکانیان خەم داینەگرتن. چونکی زەبری پەیتا پەیتای هێزی پێشمەرگەی دێموکرات لە پەیکەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بزەی خستە سەرلێوی خەڵکی زەحمەتکێشی ئاوایی نییەر و هەموو کوردستان. هەر بۆیەش هەردەم لە دوای شەهید بوونی ڕۆڵەکانیان بە یەکتریان دەگوت ڕێگای شەهیدانی نییەر و هەموو شەهیدانی کوردستان درێژەی هەیە لەم دەرفەتەدا بەڵێن دەدەین تا سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر دوژمنانی ئازادیدا ڕێگای لە خوێن سوور بووی شەهیدان بەر نەدەین و؛ خوێنی شەهیدانی کوردستان و ئاوایی نییەر هەوێنی سەرکەوتن و مەشخەڵی پڕ نووری ڕێگای خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگەکانی دێموکرات و میللەتی کوردە.