کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نابێتە شەڕ و گوتوبێژیش جامی ژەهرە!

16:46 - 16 جۆزەردان 2719

٢٤ی گوڵان (١٣٩٨) خامنەیی لە چاوپێکەوتنێکدا کە دەگەڵ بەرپرسان و کاربەدەستانی وڵات هەیبوو، باسی زۆرێک کەموکوڕیی لە مژارەکانی ئابوری، کولتووری و گرینگی نەدان بە هێزی مرۆیی و سیاسەتە بنەڕەتییەکانی ڕیژیم کرد. بەو پێش مەرجەی کە ئەو ڕووداوانەی هاتوونەتە پێش هیچ پێوەندییەکیان بە ناوبراو و دانان و سیاسەت دارێژەکانی نییە و بە پێی شروڤەکانی دواتر کە باسی دەکەین، بە ڕواڵەت ئەم خاڵانە پێوەندیەکی ڕاستەوخۆشیان بە دوژمنی هەمیشەیی ئەو ڕێژیمەوە نییە و هۆکارەکەی تەنانەت زەختی گەمارۆکانیش نییە. باشە هەر بەڕاست ئەمە جێگای پرسیارە، ئەدی کێ لەم هەموو کێشە و گرفتەی ئابوری و بژێوی خەڵک بەرپرسیارە؟ بەڵام بەدەر لەو قسە و بۆچوونە سەقەت و لارانە لەمەڕ قەیران و کێشەکانی ئەم وڵاتە؛ گرینگترین بەشی پەیامەکەی کە زۆرێک لە خەڵک و بەرپرسان چاوەڕوانی ڕێکارێکی باش و بەجێ بوون بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە تاڵەی نێوخۆی ئێران، باسی سەرەکیی قسەکانی لەسەر گرژیەکانی ئەم دوایانەی ئێران و ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە بوو کە هەر وەک گوتارەکانی پێشووی پڕ بوو لە قسەی نەشیاو و هەڕەشە و جنێو و سووکایەتی بۆ هەموو جیهان و درووشمی چڵ ساڵەی «ئەمریکا هیچ غەلەتێک ناتوانێ بکا» بوو؛ هەڵبەت ئەمجارە جگە لە ئەمریکا باسی هیندێک وڵاتی تریش کران. سەروبنی قسەکانی ئەوە بوو کە نابیتە شەڕ و گوتوبێژیش سەمی قاتیلە! دەی باشە ئەدی تەکلیف؟ واتە لە حاڵیکدا لەلایەک کاربەدەستان ڕێنوێنی دەکا کە بۆ چارەسەری کێشەی ئابووریی خەڵک هەرچی زووتر بیرێک بکەنەوە و لەلایەکی تریش بە قەپات گەیاندنی ڕەوشەکە و دانی ڕێکاری پشوودرێژی و تەحەموڵی ئەو هەمووە زەخت و فشارانە بۆ بەهێزبوونی زیاتری خەڵک و تێپەڕین بەو قەیرانە و دڵنیایی دان بە دۆڕاندنی ئەمریکا، ئەم پەرێشان وێژیانە بەردەنگ تووشی دژوازی و سەرلێشێوای دەکات، ئاخۆ چۆن دەکرێ ئەم دوو ڕێکارانە لای یەک دابنێین؟ کاتێک بە پێی بۆچوونی خۆی بەلەبەرچاو گرتنی هەڵکشانی دە بەرامبەری بێزاری و تووڕەیی خەڵکی ئێران لە ئەمریکا، ئێمە ناچارین خۆڕاگر بین و لەبەرامبەر دوژمنێک کە ئێستاش ئێمە نازانین بۆچی دوژمنامانە ڕاوەستین؟ ئەوەی کە دەکرێ لە پەیامەکەی خامنەیی هەڵێنجین لەو دوو خاڵانە دەرباز نابێ. یەکەم ئەوەیکە ناوبراو هەر بەراستی دۆخەی هەنووکە ناتوانێ هەست پێبکا و ئەوەندە گێلە نازانێ ڕەوشەکە چەندە شپرزەیە و خەڵک و گەلانی ئێران تووڕەیی و قینی خۆیان دەخۆنەوە کە هەر جۆرە جووڵەیەک گرکانێک ساز دەکا و هەموو ئێران دەتەقێنیتەوە کە ئەمەش نەک هەر ژیانی خەڵک بەڵکوو بەردەوامی ئەو حكوماتەش دەکەوێتە مەترسی. دەیان جارە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەی سەلماندوە کە ئەوەی بۆی گرینگ نییە خەڵکەکەیەتی و ئەو مافانەی کە دەبێ بیانداتێ و پێشێلیان دەکا. بەڵام وادیارە بەپێچەوانەی ئامۆژگارییەکانی بۆ کاربەدەستان بۆ هەرچی زیاتر بە تەقوا بوون، بۆخۆی ئەوەندە لەو ڕەوشە دوور کەوتووتەوە و دەگەڵ کەسانێک دادەنیشێتە سەر سفرە کە نازانن تەنانەت خەڵک بەهەموو هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ پاراستنی ئەو دۆخی ئاڵۆزەش بێ هیوا بوونە و کەمیش نین ئەو خەڵکانەی بە پێچەوانەی بۆچوونی ناوبراو لەمەڕ بێزاری لە ئەمریکا، هێرشی نیزامی ئەمریکا بەباشترین ڕێکار دەزانن بۆ نەمانی ئەم دەستەڵاتە نگریسە. خاڵی دووهەم کە پتر وێدەچی نزیکتر بێ، ترس و دڵەڕاوکێی هەموو دیکتاتۆرەکانە کە بەسەر ناوبراویشدا زاڵ بووە. کەسێک کە بەشی هەرە زۆری تەمەنی بۆ دوژمنی لەخۆڕا یا لانیکەم نالۆژیکی دەگەڵ ئەمریکا تەرخان کردوە و ئێستاش بۆخۆی دەزانێ ئەگە دوای ئەو هەمووە ساڵە واز لەو دوژمنایەتییە بێنێت، هەموو ئەو چەند کەسە کەمەی کە بە هۆکاری ئابوری یا لە ڕووی گەمژەیی باوەریان بە قسە و بۆچوونەکانی هێناوە و ئێستاش درووشمی ئەوە دەدەنەوە کە ڕۆژێک شەیتانی مەزن دە خوێنی خۆی دا دەگەوزێنن، لەدەست دەدا و کەسی پێوەنامێنی و بە تاک و تەرا هەر وەک باقی دیکتاتۆرەکان دەمێنێتەوە. لەم دۆخەدا ئەوەی کە بۆ دیکتاتۆرەکان گرینگی و بایەخی نییە، کۆمەڵانی خەڵکن و ئامادەن هەرزان فرۆشیان بکەن، هەموو تشتێک بکەنە گۆشتی سەر چەپەر کە بە دڵنیاییەوە لەم ناوەدا سامان و ئاسایشی خەڵکی لە هەموو شتێک هەرزانترە. ئەمرۆ پەیامی خۆڕاگری و ڕاوەستان بۆ شکانی ئەمریکا باس دەکرێ و سبەی ئەگە پێویست بکا یا دەفرێک ژەهر دەنۆشن یان دەنا نەرمیەکی قارەمانانە دەنوێنن! بەداخەوە تێکچوونی باری دەروونی و بیری خامنەیی گێشتۆتە ڕادەیەک کە بەپێچەوانەی پێشوو _ڕەنگبێ ساڵانی پێشوو_ کە هەوڵی دەدا لانیکەم بەڕواڵەت بە سەفسەتە و مەغڵەتە بۆچوونەکانی خۆی بسەپێنێ، لەو پەیامەی دواییدا هەموو سنوورەکانی وێنا کردنی تێپەڕاندووە. ئاغای خامەنەیی؛ یانی چی نابێتە شەڕ؟ بەپێی چ ئەساس و بەرژەوەندی و دژایەتیی بیروڕای ئیدۆلۆژی کە مێشکتی تەنیوە دەبێ شەڕ ڕوو بدا؟ هۆکاری سەرەکی ئەوەیە ئێمە شەڕمان ناوێ و ئەوانیش بەدوای شەڕدا نین. سەرەتا وادیارە ئێوە لە هەڵایسانی شەڕ و فیتنە لە ناوچەکەدا دەستی باڵاتان هەیە و ئەگە زانیباتان لایەنی بەرامبەرتان لاواز و زەبوونە وێدەچوو ئاژاوەتان دەست پێکردبا. ئەوەی کە لایەنی بەرامبەر لۆژیکی بیر دەکاتەوە و هەتا ئەو کاتەی شەڕ وەک دوامین ڕێکار نەبێ، خۆی لێ دەبوێرێ، ئەوە بە چ هۆکارێک دەزانن؟ دانوستان سەمی قاتیلە؟ یانی چی؟ ئێوە کە خۆتان بە ڕێبەری هەموو جیهانی ئیسلام دەزانن زۆر باشتر لە ئێمە دەزانن کە پەیامهێنەری ئیسلام دەگەڵ دژبەران و دوژمنانیش گوتوبێژی دەکرد تەنانەت ئەگە پێیوابا هیچ ئەنجامێکیشی نابێ! ئیمامی عەلی دەگەڵ خەواریج و ئەسحابی جەمەل و معاویەش کەوتە دانووستان، تەنانەت ئیمامی حوسێن لە کەربەلا دەگەڵ سپای یەزید بۆ دەرباز بوون لەو کێشەیە و پێشگرتن بە شەڕێکی ماڵوێرانکەر کەوتە گوتوبێژ. ئێوە لەسەر چ بنەمایەک پێتانوایە لەو کەسانەی کە بە ڕێبازیاندا دەڕۆی خۆتان پێ موسلمانتر و فەقێترە دانووستان وەک ژەهر دەبینن؟ و پێشاپێش ئەم کردەوەیە بە مەترسیدار دەزانن؟ ئەویش لە ڕەوشێکدا کە هەموو دەزانن لەم چڵ ساڵەدا کە بەردەوام درووشمی دژە ئەمریکا دەڵێنەوە، پێوەندییەکانتان دەگەڵ ئەمریکایەکان کەم نەبووە و هیچ دیار نییە کە ئێستاش بە شێوەیەک خۆتان ئامادە دەکەن بۆ نەرمی نواندنی قارەمانانە! لەلایەکی تر خەڵک دەبێ ئەوە بزانن کە بە پێێ قسەکانی جەنابت تەنانەت پێویست نییە گوتەکانی لایەنی بەرامبەر ببیسن و بۆ دۆزینەوە ڕێگەچارە هەوڵ بدەن، بەڵام ملیۆنەها ئێرانی دەبێ بۆ دەیان مانگ و ساڵ بکەونە ژێر زەخت و فشاری بێ هۆی ئابووری کە هەڵبەت بەشێکی زۆریشی پێوەندی بە کێشە و قەیرانی ئەمریکاوە نییە، بۆ دەبێ ئێمە بەوە ڕازی بین؟ ئەرێ هەر بەراستی ئێوە بە چ بنەمایەک وادەزانن کە زانی گشتین و تەنانەت ئەگە دانای گشتیش بن چۆن ئیزن بەخۆت دەدەی بە جێگای هەشتا ملیۆن کەس بڕیار بدەی کە خەڵک دەتوانن بەرگەی ئەم زەختانە بگرن یا نا؟ باشە کێ ئێوەی ڕاسپاردوە ئەمریکای حەزیا بەچۆکدا بێنن و ئەمجارەش وەک جارانی ڕابردوو ئەوانەی کە تووشی هەڵەی خوێندنەوە بوونە بیانشکێنی؟ ئەرێ پێناسەی تۆ لە شکان و سەرکەوتن و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە چۆنە کە ئێمە خەڵکی ڕەشۆکی هەستی پێناکەین؟ ئەوەی کە لەم چڵ ساڵەدا بە ئەزموون بۆمان دەرکەوتووە، هەموو کات گەڕانەوە و دواکەوتوویی بووە و ئەمریکاش هەر وەک پێشوو دەگەڵ سیاسەت و ئابووری خۆی بەڕادەی زۆر باشتر سەقامگیر و پێشکەوتووتر بووە و لەپەنا هەموو کۆمەڵگەی جیهانی بە ئاسوودەیی دەژیت بەجۆرێک کە خزمان و دۆستانی ئێوەش ئەگە بۆخۆشیان ڕاستەوخۆ لە مەملەکەتی شەیتانی مەزن ناژین ماڵ و مناڵیان لەوێ ژیان بەسەر دەبەن. لە قسەکانت باسی پشتیوانی تەنانەت قومارۆچکەی دەستی ئیسرائیل بوونی ئەمریکاتان کردوە کە ئاماژەتان بە لە ژێر سێبەری زایۆنیزم کردبوو، پرسیارەکە ئەمەیە، ئایا بوونی ئێوە بۆ زانیۆنیزم مایەی خێر و بەرەکەتە یا دەوڵەتی ئەمریکا؟ ئێمە ئەوە دەبینین کە بوونی ئێوە هیچ خێروبێرێکی بۆ فەلستینیەکان نەبووە هیچ، بەڵکوو بوونی نابەخێرت نەک تەنیا ڕۆژئاوا، بەڵکوو عەرەب و ئیسرائیلیش و تەنانەت خەڵکی خودی فلستینیش کێشە و گرفتی خۆیان لەبیر چۆتەوە و بە ترس و لەرزەوە بەدواداچوون بۆ قەیران و کێشە خوڵقاندنەکانی ئێوە دەکەن. ئەمە چ قسەیەکە کە ئەوپەری خوێندنەوەتان ئەوەی کە»من لەو باوەڕەم کە شەڕ ڕوو نادا»، ئەمە چ دادپەروەرییەکە کە هەمووەکەی ئێوە پەندی بە تەقوا بوون دەدەن ئەوەیش بەو کەسانەی کە لە گەندەڵی دا نوقم بوونە، ئەوە چ غیرەت و شەهامەتێکە کە بە جێگای چارەسەری کێشەکان دەڵێن با خەڵک خۆراگر بێ و ئەمە چ بەرپرسیارەتیەکە کە هەموو کێشەکانی ئەو ٤٠ ساڵەی وڵات کە ئاکامی بێ کیفایەتی و گەندەڵی خۆتان و دەست و پێوەندییەکانتانە، جا دێن وەک ئوپوزسیۆنێکیش ئەم باسانە دەکەن و ئادرەسەکەی دەگۆڕن و خۆ لە کوچەی عەلی چەپ دەدەن دەڵێێ نە بای هاتووە و نە باران! تەکلیفی ئێوە دیارە، بە پێی بڕگەی ٥ی یاسای بنەڕەتی وڵات کە ئێوە جێگاکەتان لەوێ وەرگرتوە، ئێوە شەرعییەتی ڕێبەریتان نەماوە و مانەوەی ئێوە لەم دەستەڵاتە ڕێک بەمانای داگیرکردن و پاوانکردنی پۆستی ڕێبەرییە. بەڵام بەردەنگی ئەم نووسراوە ئێوە نین کە گوێی بیستنتان نییە کە ئەگە وابا بە بەڕێوەچوونی هەر هەڵبژاردنەک دەزانن کە ئەو کەسەی دڵخوازتان جێگای متمانەی خەڵک نییە (دۆئێلی خاتەمی، نووری، مووسەوی، ئەحمەدی نژاد، ڕووحانی و رەئیسی) خەڵک باوەری بە ئێوە نەماوە. با خەڵک بزانن و ئاگادار بن کە ئێوە لەوە ڕاشکاوتر ناتوانن بڵێن کە کۆمەڵانی خەڵک لای ئێوە هیچ بایەخێکیان نییە و ئەوەی کە گرینگە تەنیا و تەنیا مانەوەی خۆتە و لەم نێوە تەنیا کارێک کە دەتوانن بیکەن خوێ بە برینی خەڵک داکردنە ئەویش بە خۆڕاگری لەبەرامبەر ئەو هەمووە سەختی، کێشە و قەیرانەیە، با دەورووپشتەکانیشت باش بزانن ڕەنگبێ ئێستا لە بازنەی هاوڕێیانی تۆ دابن بەڵام ڕۆژێک دادێ دێنە ناو کۆمەڵگەی ئێمەی چەوساوە، یا هەر وەک ئەو هەواڵەی چەند ڕۆژ پێش یەکجێ لە لووتکەی قافا وێڕای ١٢٢ فەرماندەری تر بە تاوانی سیخوری لە سەر سێنی شانۆ لادەچن. ئەم چیرۆکەی سیخوری بۆخۆی ڕۆمانێکە! لەو وڵاتەی کە چارەڕەشی تان و پۆی تەنیوە و بەدبەختی لێی دەرژێ، جگە لە گەندەڵی و دزی و تاڵان و بڕۆ هیچ هەواڵێک نابیسی کە کەسێک بتوانێ ئەم زانیاریانە بدا و سیخوری بکا، جگە لە چالاکی و جمووجۆڵی کاروانی دزەکان! * شاڕوخ حەسەنزادە لە فارسی ڕا کردوویەتە کوردی