کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێناسە و دێموکراسی لە ڕەوتی مێژوودا

17:20 - 16 جۆزەردان 2719

دێموکراسی و چەشنەکانی (پێناسە و دێموکراسی لە ڕەوتی مێژوودا)

(٤-١)

یەکێک لەو چەمکانەی بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەدا دەبیسترێ، وشەی دێموکراسی و ئازادییە. تەنانەت دیکتاتۆرەکانیش کاتێک باسی دەسەڵات و شێوەی فەرمانڕەواییان دەکەن، هەوڵ دەدەن خۆیان بە دێموکرات و خاوەنی دێموکراسی بناسێنن. بۆ وێنە لەکاتێکدا لە ئێران چوار دەیەیە ئیزنی هەناسەکێشانێکی ئازاد بە هیچ تاکێکی ئازادیخواز نادرێ و لە دوایین بڕیاری کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەم دەوڵەتە وەکوو پێشێلکەری مافی مرۆڤ، ئازادیی دەربڕینی بیروڕا، کۆبوونەوە و خۆپێشاندانی ئاشتیخوازانە، سانسۆڕی چاپەمەنی و ڕاگەیاندن، هەروەها پێشێلکردنی مافی کەمینە نەتەوەیی وئایینییەکان وەکووو عەرەب، بەلووچ، کورد، ئازەری، بەهایی، تازە مەسیحییەکان (ئەوانەی بە تازەیی هاتوونە سەر ئایینی مەسیحییەت)، سوننە و یارسانەکان و هتد مەحکووم کراوە(1) و، ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی لێخۆشبوون ساڵی ٢٠١٨ی سەبارەت بە گیرانی پتر لە ٧ هەزار خۆپێشاندەر، خوێندکار، ڕۆژنامەوان، کرێکار، چالاکانی بواری ژینگە و مافی ژنان و هتد بە ساڵی شەرم و سەرشۆڕی بۆ ئێران لە مێژوودا ناو بردوە(2) و، بەپێی ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٧ زیاتر لە ١٣٠٠ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامییەوە ڕووی داوە و، لە ماوەی ئەم ساڵەدا ٢٤٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و بریندار بوون، لانیکەم ٦٤١ کەس بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی گیراون و لانیکەم ٤٩ زیندانی لە کوردستان ئێعدام کراون کە شەش کەس لەوان زیندانیی سیاسی بوون(3). هەروەها لە کاتێکدا کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بنکەی سەربەخۆی "بێرتلیزمەن"ی(4) ئاڵمان، ئێران لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٥ هەتا ٢٠١٧، لە باری چۆنیەتیی دێموکراسییەوە لە نێو ١٢٩ وڵاتی جیهاندا پلەی ١١٨ی هەیە(5) و، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی گۆڤاری ئێکۆنۆمیست لە نێو ١٦٧ وڵاتدا پلەی ١٥٠ی هەیە،(6) یان بەپێی ڕاپۆرتی "کۆڕی جیهانیی ئابووری" لە ساڵی ٢٠١٨ لە بواری کەلێنی ڕەگەزیدا لە نێوان ١٤٩ وڵاتدا لە پلەی ١٤٢دایە،(7) ڕواڵەتێکی دێموکراتیک بە خۆیەوە دەگرێ، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و پارلمانی بەڕێوە دەبا! بەڵام هەڵبژاردن لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆرینەی خەڵک یەخسیری کەمینەیەکی تۆتالیتێر و سەرەڕۆن و، مافی بڕیاردانی ڕاستەقینەیان بۆ بەربژێر بوون و هەڵبژاردنی کەسێک، بێجگە لە دەستنیشانکراوەکانی ویلایەتی فەقیهـ نییە، گاڵتەکردنە بە دێموکراسی. بەو حاڵەش بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی ئەو وڵاتە خۆیان وەکوو نموونەیەک لە دێموکراسیی ڕاستەقینە واتە "دێموکراسیی ئیسلامی"! ڕادەنێن و، تەنانەت وڵاتانی ئورووپایی لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە خەوشدارکردنی دێموکراسی و مافی مرۆڤ تاوانبار دەکرێن! دێموکراسی چییە و بۆچی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، بەبێ دێموکراسی ناتوانێ مانای هەبێ؟ بڵێی هەر کەس خۆی بە دێموکرات و هەر سیستمێک خۆی بە خاوەنی دێموکراسی ناساند، لە باری نێوەرۆکیشەوە شایانی ئەم ئاوڵناوە بێ؟ بڵێی دێموکراسی بتوانێ وڵامدەری هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە بۆ وێنە نابەرامبەریی کۆمەڵایەتی، ئابووری و مسۆگەرکردنی دادپەروەری و کەمکردنەوەی کەلێنی چینایەتی بێ، هەروەها کێشەی نەتەوەیی بۆ چارەسەر بکرێ؟ بڵێی بۆ ئێمەی کورد و بە گشتی بۆ کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی هەبوونی دێموکراسی بۆ بەرەوپێش بردنی خەباتی نەتەوەیی خاڵێکی گرینگ و پێویست بێ؟ یان تەنیا هەبوونی هێزی چەکدار و هاوسەنگیی هێزە دژبەرەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕەوتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەنددا قسەی ئاخر دەکات؟ بڵێی کەسێک یان حیزب و ڕێکخراوەیەک کاتێک بۆخۆی پێشێلکەری دێموکراسیی نێوخۆییە، بتوانێ ئاڵاهەڵگری ڕاستەقینەی خەباتی نەتەوەیی_ ڕزگاریخوازانە بێ و وەکوو هێزێکی دێموکرات و دێموکراسیخواز پێناسە بکرێ؟ و هتد. ئەم بابەتە، تێدەکۆشێ بەکورتی تیشک بخاتە سەر پێناسە، مێژوو، چەشن و پێداویستیی دێموکراسییەکی ڕاستەقینە بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و ئەمڕۆیی.

پێناسەی دێموکراسی دێموکراسی تێکەڵاوێکە لە دوو وشەی یوونانیی "دێموس"(8) بە مانای خەڵک یان گەل و، "کراتۆس"(9) بە مانای حکوومەت یان فەرمانڕەوایی کردنی خەڵک. مەبەست لە خەڵک زۆرتر کۆی شارۆمەندانە. بە گشتی، دێموکراسی لە ڕۆژی سەرهەڵدانی ئەم چەمکەوە هەتا ئێستا مانا و پێناسەیەکی هاوبەشی نەبووە و زۆربەی فیلسووف و سیاسەتوانەکان لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە دێموکراسییان پێناسە کردوە و لەوە دەچێ نیزیک بە ٢٠٠ پێناسەی جۆراوجۆری هەبێ. دێموکراسی یان بە وتەیەکی دیکە خەڵک سالاری ٢٤٠٠ ساڵ لەمەو پێش لە یوونانی کۆنەوە دەستی پێکرد. زۆربەی خەڵک، دێموکراسی وەکوو حکوومەتی گەل یان خەڵک پێناسە دەکەن و لەم نێوەدا سەرەکیترین مەبەست و ئامانجی خەڵک بۆ دروستکردنی حکوومەتێکی دێموکرات واتە پارێزگاری و پاراستنی "ماف"، "بەرژوەندی" و "خۆشبژیوی" لەبیر دەچێتەوە. ئەفلاتوون، دێموکراسی وەکوو فۆڕمێک لە حکوومەتێکی"دڵڕفێن، بێسەروبەرە و ڕەنگاوڕەنگ کە یەکسانی هەم لە نێوان ئەوانەی بەرامبەرن و هەم ئەوانەی نابەرامبەرن دابین دەکا، دەناسێنێ. لە ڕوانگەی ئەرەستۆوە دێموکراسی، دەسەڵاتی هەمووان لەسەر هەر کەس و، هەر کەسیش بە چەشنێکی بگۆڕ لە سەر هەموو کەسە. "ئەسپینۆزا"ش وەکوو یەکەمین بیرمەندی دێموکراسیی ئازادیخوازانە (لیبڕاڵ)، پێی وایە دێموکراسی باشترین شکڵی حکوومەت بۆ بەرەوپێشبردنی ئازادیی بیروهزر، فەلسەفە، چاکی و باشیی(10) ڕاستەقینەیە. ژان ژاک ڕۆسۆ، دێموکراسی وەکوو هێمای ئیرادەی زۆرینە پێناسە دەکا و بە باوەڕی ئابراهام لێنکۆڵن دێموکراسی "دەسەڵاتی خەڵک بۆ خەڵک و بە دەستی خەڵکە". لە ڕوانگەی لێنینەوە دێموکراسی شتێک نییە بێجگە لە فۆڕمێک لە دەوڵەت و، دەوڵەتی پاش شۆڕشی سۆسیالیستی، کامڵترین چەشنی دێموکراسییە! لە ڕوانگەی "ئیزایا بێرلین"یش دێموکراسی سیستمێکە دەرفەتی هەڵبژاردن لە نێو بەدیلە جۆراوجۆرەکان بە خەڵک دەدا. لەوە دەچێ دێموکراسی وەکوو سیستمێکی حکوومەتی پێناسە بکرێ کە بۆ ڕێکخستنی پێوەندیی نێوان دەستەڵاتداران و خەڵک پێک هاتووە. جین شارپ حکوومەتی خەڵک سالار یان دێموکراتیک بە حکوومەتێک دەزانێ کە تەواوی شارۆمەندان، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ (لە ڕێگای نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی خۆیان) وێڕای بەشداریی لە دەسەڵات چاودێری لە چۆنیەتیی کارەکانی دەوڵەت دەکەن و لە ڕاستیدا لەم چەشنە حکوومەتانەدا ئەوە خەڵکن کە حکوومەت بەسەر یاسادانەر و دەوڵەتدا دەکەن. خەڵک سالاری یان دێموکراسیش کۆی ئەو بنەواشە (پرەنسیپ) و مێتۆدانەیە، بەرگری لە ئازادیی مرۆڤ دەکا. خەڵک سالاری جێگیرکردنی ئازادی لەسەر بنەمای حکوومەتی زۆرینە و پاراستنی مافی تاک و کەمینەیە، هەروەها وێڕای ڕێزگرتن لە ویستی زۆرینە، سەرسەختانە بەرگری لە مافە بنەڕەتییەکانی تاک و گرووپە کەمینەکان دەکا. دێموکراسی، پێش ئەوەی چەشنە شێوەیەکی حکوومەت بێ، چەشنە شێوەیەکی ژیانە. واتە مانای دێموکراسی ڕیشەی لە باوەڕ و بۆچوونی خەڵکی کۆمەڵگەدا هەیە و لە کۆمەڵگەیەکدا شکڵ دەگرێ کە خەڵک لە بواری کۆمەڵایەتیدا خاوەنی فەرهەنگی "قبووڵکردنی بوونی یەکێکی دیکە" و لە بواری سیاسیدا ئامادەی قبووڵی بیروڕا و بۆچوونی جۆراوجۆر بن. بنەمای ئەخلاقیی ئەم کۆمەڵگەیە لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی ئازادیی تاک و پێشگیری لە پێشێلکردنی ئازادی و مافی کەسانی دیکەدایە. خەڵکی ئەم چەشنە کۆمەلگەیە بەختەوەری و پێشکەوتنی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ پێشکەوتن و چاکسازیی کۆمەلگەدا دەبینن.

دێموکراسی لە ڕەوتی مێژوودا یەکەمین شکڵی ناسراوی دێموکراسی لە یوونانی کەوناردا دیتراوە. سەرهەڵدانی هەوەڵین ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی دەوڵەت-شارەکانی یوونان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ٥٠٨-٥٠٧ هەتا ٣٣٨ی پێش زایین. ئاتێن، دەوڵەت-شاری هەرە گەورەی یوونانی، خاوەنی بەهێزترین حکوومەتی دێموکراتیکی سەردەمی خۆی بووە و تەنیا سیستمێک بووە کە گەلێک کتێب و نووسراوەی باشی لە دوای خۆی لەمەڕ شێوەی دەسەڵاتداری و بیروڕای جۆراوجۆر، هەروەها لە بارەی دێموکراسی بەجێ هێشتوە. گۆڕانکاریی سیاسیی ئاتێن لە ئاریستۆکراسیی خاوەن زەوییەوە بۆ دێموکراسی، لە سەرەتاکانی سەدەی شەشی پێش زایین لە پێوەندی لەگەڵ چاکسازییەکانی سۆلۆن ڕێبەری هەڵبژێردراوی ئاتێن لە ساڵی ٥٩٤ی پێش زایین دەستی پێکردوە. لە یوونان بێجگە لە ئاریستۆکراتەکان، بە دانیشتووانی ئازادی ناوچەی "ئاتیکا"شیان دەگوت "دێموس". زۆربەی دێموسەکان لە جووتیار، کاسبکار، دەریاوان و کرێکارە مزبەرەکان پێکهاتبوون، بەڵام، لە نێو ئەواندا جەماعەتێکی دەوڵەمەندیش وەکوو بازرگانان، خاوەن کەشتییەکان و خاوەن کۆیلەکانیش هەبوون. تەواوی دێموسەکان بە هەژار و دەوڵەمەندەوە مافی بەشداری لە کار و باری حکوومەتی ئاتێنیان نەبوو و ئەم مافە تەنیا بۆ نەجیبزادەکان پارێزراو بوو. لە سەرەتای سەدەی شەشی پێش زایین، شەڕ و کێشەی خوێناوی لە نێوان دێموس و نەجیبزادەکان سەری هەڵدا. لە سالی ٥٩٤ پێش زایین سۆلۆن لە دایکبووی بنەماڵەیەکی ئاریستۆکرات – دێموس، بوو بە دەسەڵاتداری ئاتێن. سۆلۆن تەواوی قەرزەکانی هەڵوەشاندەوە و، وێڕای ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە بەهۆی قەرزداربوونیان تووشی کۆیلەتی ببوون، ئەم کارەی بۆ هەمیشە قەدەغە کرد ، پاشان بەپێی ئەو یاسا بنەڕەتییەی کە پەسەند کرا، شارۆمەندەکانی ئاتێن بەپێی پانتایی زەوی یا داهاتیان، بە چوار چین دابەش دەکران و ئیتر مەرجی ئەندامبوون لە نێو چینی بژاردە، نەک نەجیبزادە بوون، بەڵکوو هەبوونی مڵک و سەروەت بوو. لە کاتی سۆلۆندا شووڕایەکی هەڵبژاردە لە ٤٠٠ کەس، بە ناوی "ئەنجومەنی گەل" ڕۆڵێکی تایبەتی لە کاروباری دەوڵەتدا دەگێڕا. چاکسازییەکانی سۆلۆن بوو بە هۆی دابەشبوونی دانیشتووانی ئاتێن بە دوو دەستە: خەڵکی ئاتێن و کۆیلەکان. خەڵکی ئاتێن، خەڵکێکی ئازاد بوون، مافی ڕاگرتنی کۆیلە، سەروەت و سامانیان هەبوو و بەشدارییان لە ئەنجومەنی گەل دەکرد و هەرە دەوڵەمەندەکانیان دەبوون بە خاوەنی پلە و پایەی بەرزی دەوڵەتی، بەڵام کۆیلەکان هیچ مافێکیان نەبوو و بە بەشێک لە دارایی خاوەندارەکانیان دادەنران. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی لویس هێنری مۆڕگان "لەبەرامبەر ٩٠ هەزار شارۆمەندی ئاتێنیدا، ٣٦٥ هەزار کۆیلە دانیشتووی ئەم شارە بوون.(11) چاکسازییەکانی سۆلۆن، دەوڵەتی ئاتێنی کردە دەوڵەتێکی دێموکراتیکی گشتی و پاش ئەو کلیستن (٥١٠- ٥٠٩ پێش زایین) وێڕای درێژە پێدان بە چاکسازییەکانی سۆلۆن، بوو بە هۆی هەرچی زۆرتر دێموکراتیک بوونی دەوڵەتی ئاتێن. لووتکەی دێموکراسیی ئاتێن دەگەڕێتەوە کاتی دەسەڵاتداریی پریکلێس. بەپێی چاکسازییەکانی پریکلێس مافی خەڵک لە هەڵبژاردندا زۆرتر کرا و هەڵبژاردنی قورعەیی(12) کرا بە باو. پێدانی پارە بە هەژاران لەم سەردەمەدا دەرفەتی بۆ بەشداریی ئەوان لە کاروباری کۆمەڵگەدا پێکهێنا. ئەنجومەنی گەل وەکوو بەرزترین شوێنی بڕیاردان لە سیاسەتی نێوخۆیی و بیانی، چاودێری بەسەر تەواوی کارەکانی دەوڵەتدا دەکرد. ئەم ئەنجومەنە هەر ١٠ ڕۆژ جارێک کۆبوونەوەی هەبوو و هەر شارومەندێکی ئاتێنی خاوەن مافی قسەکردن و پێشنیاردەربڕین یان گەڵاڵەکردنی یاسای هەبوو. چاکسازییەکانی پریکلێس سەرچاوەی ئازادیی مافی دەنگدانی گشتی و بەشداریی تەواوی خەڵك لە تەواوی کاروباری دەوڵەتدا بوو. توێژینەوەکانی فرێدریش ئەنگڵس لە کتێبی "سەرچاوەی بنەماڵە و دەوڵەت" بەپێی لێکۆڵینەوەکانی لویس هێنری مۆڕگان، خەڵکناس و دێرینناسی ئەمریکایی لە کتێبی "کۆمەڵگەی دێرین" باسی شۆڕایەکی سەرەتایی لە نێوان سوورپێستەکانی باکووری ئەمریکا دەکا کە دەکرێ وەکوو دێموکراسیی خانەدانی پێناسە بکرێ. شووڕای ڕیش سپییەکان و سەردارەکانی سپا بەڕێوەبەری خێڵ یاخود یەکیەتیی خێڵەکان بوون. نموونەی ئەم حاڵەتە لە نێوان تیرەی ئێیرۆکی سوورپێستەکانی ئەمریکایی لە ڕۆژئاوای چۆمی میسیسیپی دیتراوە. تەواوی ئەندامەکانی ئەم تایفەیە ئازاد بوون و دەبوو بەرگری لە ئازادیی یەکتری بکەن. لە ڕوانگەی ئیمتیاز و مافە کەسییەکان یەکسان بووە و سەرۆکەکانی کاتی ئاشتی(13) و سەرۆکەکانی دیکەی ئەم تایفەیە سەرتر لەوانی دیکە نەبوون.(14) ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە مافی زەوتکردنی پلە و پایەی سەرۆکی کاتی ئاشتی و شەڕیان هەبووە و کۆبوونەوەکانی شۆڕا لە نێو کۆی گشتیی خەڵكدا بەڕێوە چووە. هەر ئەندامێکی کۆمەڵگە خاوەن مافی بەشداری و قسە و باس بووە، تەنانەت ژنانیش لە ڕێگای نۆێنەرانی خۆیان بیروڕای خۆیان ڕاگەیاندوە و بڕیاری کۆتایی، بەپێی دەنگدانی گشتی بووە.(15) "تێکچوونی سیستمی فیۆدالی و سەرهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی دێموکراسیی بۆرژوازیی. "دێموکراسیی بۆرژوازیی لە ئورووپا لە حاڵەتی سەرەتایی خۆیدا لە نێو شارە ئازادەکان کە سیستمی هاوپیشەیی و شۆڕای شارەدارییەکان هەتا ڕادەیەک دەستەڵاتی فیۆداڵەکانیان بەرتەسک کردبوو سەری هەڵدا. بۆرژوازی توانی پێوەندیی خۆی لەگەڵ خەڵک بەهێز بکا و ئەوان بە شوێن خۆیەوە ڕابکێشێ، هەتا لە ئاکامدا بتوانێ دەسەڵات لە دەستی فیۆداڵەکان دەربێنێ".(16) شۆڕشەکانی دژ بە سیستمی فیۆدالی، ئاڵاهەڵگری دروشمی ئازادی، بەرابەری و مافی خاوەنداریەتی بوون. یاسا بنەڕەتییەکانی ئەم شۆڕشانە بەپێی پێداویستیی خەباتی دژ بە سیستمی فیۆدالی و هاوئاهەنگی لە کار و خەباتی تەواوی شارۆمەندان، نێوەرۆکێکی دێموکراتیکیان هەبوو. بەڵام ئەو یاسایانەی لە کردەوەدا بەڕێوە دەچوون و، لە ڕاستیدا بەتەواوی جیاواز بوون و چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە و ژنان مافی دەنگدانیان لێ زەوت کرابوو. بەم پێیە لە درێژایی سەدەی نۆزدەدا وەدەستهێنانی دێموکراسیی سیاسی، ئامانج و بەرنامەی سیاسیی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە بوو. بەرە بەرە خەباتی بەردەوامی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمەڵگە توانی دێموکراسیی سیاسی بەسەر بۆرژوازیدا بسەپێنێ و مافی کۆمەڵایەتی وەدەست بێنێ و ببێتە هۆی پەسەندکرانی مافی دەنگدانی تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگە و بەربژێر بوونیان بۆ پارلمان و هتد. لە سەدەی بیستەمدا خەباتی بێوچانی هێزە چەپ و کرێکارییەکان لە ئورووپا بوو بە هۆی پاشەکشەی سەرمایەداری و مسۆگەرکردنی گەلێک مافی بەرچاو بۆ تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وەکوو مافی بێکاری، بەرگری لە ژینگە، ئاسایش و سڵامەتیی پیشەیی، سڵامەتیی ژنانی دووگیان، پاراستنی مافی بەکارهێنەر، پێکهاتنی یەکیەتیی پیشەیی و هتد. دێموکراسیی بۆرژوایی دەستکەوتێکی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتییە کە توانی "مافی بەرامبەر" و ئازادیی تاکەکەسی دابین بکا، بەڵام نەیتوانی بەرامبەری (یەکسانی) پێک بێنێ، بە واتایەک "مافی یەکسان" بەبێ یەکسانی. لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە هەتا ئێستا دێموکراسیی بۆرژوایی لە بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهان، لە قاڵبی نیولیبڕالی و لە چوارچێوەی پێوەندییەکانی سیستمی سەرمایەداریدا گەڵاڵە و تیۆریزە کراوە. دێموکراسی لەسەر بنەمای بیروهزری نیولیبڕالی یان ڕاستی نوێ، لە ڕێبازی سیاسیی ڕابێرت نۆزیک(17) و فرێدریک ڤۆن هایک(18) سەرچاوەی گرتوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ژیانی سیاسی وەکوو ژیانی ئابووری لەسەر بنەمای ئازادی یان توانایی تاک بۆ داهێنانی شتی نوێ دابین کراوە. هایک دێموکراسی وەکوو بیرۆکەیەک لە پێوەندی لەگەڵ شێوەی دیاریکردنی ئەو شتانەی پێناسە دەکا کە دەبێ قانوونی بن و لەم ڕەوتەدا دێموکراسی وەکوو ئامانج نابینێ. بە باوەڕی هایک دێموکراسی ئامرازێکی قازانجخوازانە بۆ یاریدەدان بە مسۆگەرکردنی هەرە بەرزترین ئامانجی سیاسی، واتە ئازادییە. دێموکراسیی قانوونی دەبێ ئازادی بکاتە تەوەری کاری خۆی و یاسادانەران نابێ دەست لە دەسەڵاتداریی قانوون وەردەن. هایک دێموکراسیی جەماوەری وەکوو مەترسییەک بۆ ڕووتێکردن لە سەرەڕۆیی و ڕاگوێزتنی دەسەڵاتی زۆرینە بۆ دەسەڵاتی کارگێڕانی دەوڵەت لە قەڵەم دەدا. دێموکراسیی نیولیبڕال، دێموکراسییەکی ڕواڵەتی و لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی و هەڵبژاردنی دەورەییە و مانایەکی بەرتەسک و فەرمی لە ئەزموونی دێموکراتیک پێشکەش دەکا. بازاڕی ئازاد و دەستێوەرنەدانی دەوڵەت لە کاروباری ئەوان وەکوو "پاژنەی ئاشیل" و پێوەری هەڵسەنگاندنی دێموکراسی لە لایەن نیولیبڕالەکانەوەیە. بە باوەڕی میلتۆن فریدمەن(19) ئابووریناس، ئامارزان و نووسەری ئەمریکایی لە کتێبی "سەرمایەداری و ئازادی"دا، بەو پێیە کە قازانجخوازی، نێوەرۆکی دێموکراسییە، کاتێک دەوڵەتێک سیاسەتەکەی دژ بە بازاڕ بێ، نادێموکراتیکە و پشتیوانیی خەڵکی ئاگاش لەو دەوڵەتە بێبایخە. لە ڕوانگەی دێموکراسیی نیولیبڕالی، بازاڕ سەرتر لە هەموو شتێکە و نیولیبڕالەکان دێموکراسی، وەک هاوتەرازی بازاڕی ئازاد پێناسە دەکەن و لە کاتی لێکدانەوەی بارودۆخی وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵات و ڕووسیە وێڕای زاڵبوونی دەسەڵاتی مافیا و گەنگێستەرە ئابوورییەکان بەسەر ژیانی خەڵک، ئەو کۆمەڵگەیانە وەکوو کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک پێناسە دەکەن و تەنانەت دیکتاتۆرێکی وەکوو ژێنڕاڵ پینۆشەش لە سالوادۆر ئالێندەیەک زۆر بە دێموکراتیکتر دەزانن کە بەپێی ڕێفراندۆمیکی ئازاد هەڵبژێردرابوو و لە لایەن کوودەتاچییە پاشکەوتووخوازەکان کوژرا و وڵاتی شیلی کرا بە گۆمی خوێن. نیولیبڕالەکان، ئازادی و دێموکراسی تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ بازاڕدا پێناسە دەکەن و بایەخی پێ دەدەن. بە باوەڕی فریدمەن"بە پێی ئازادیی بەکارهێنەر لە بازاڕی ئازاددا، هەر کەس دەتوانێ دەنگ بەو شتە بدات کە دەیەوێ، بەڵێ! دەکرێ ئاوا بێژی، تاک دەتوانێ دەنگ بە ڕەنگی ئەو کراواتەی بدا کە گەرەکیەتی." ئەم چەشنە دێموکراسییە لە کردەوەدا دێموکراسیی بەکارهێنەرە و بە وتەی دەیوید کۆرتێن(20) ئابووریناسی ئەمریکایی، دێموکراسیی بەکارهێنەر یانی "لە ڕەواڵی ئاسایی بازاڕدا ئێوە بە دۆلاری خۆتانەوە دەنگبدەن" و لەگەڵ "برسی ڕاگرتنی ئابووریی سەرمایەداری" بتوانن "بازاڕێک بە فیکر و بە ئاوەز پەروەردە بکەن". لەم چەشنە دێموکراسییەدا لۆژیکی "یەک دۆلار، یەک دەنگ" زاڵە و ئەو کەسانەی کە خاوەنی زۆرترین سەرمایەی ئابوورین، مەیل و پاڵنەرێکی کەمتریان بۆ چاکسازیی یاخود گۆڕانکاریی لەو سیستمی ئابوورییە هەیە کە کارەکەی لە بەرژوەندیی ئەواندایە، نیولیبڕالەکان پەرەسەندنی بیرو هزری دادخوازانە بە سەرچاوە و هۆی تەواوی چاڕەڕەشی و شەرمەزاییەکانی کۆمەڵگە لەقەڵەم دەدەن.(21) بەڵام ئەمڕۆ فۆکایاما پاش تێپەڕینی ئەم ساڵانە بە تەواوی باوەڕی خۆی بە داهاتووی سەرمایەداری لەدەست داوە و لە بابەتێک لە نیوستەیتمەن(22) لە ١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ دەبێژێ: "ئەو شتەی من ئەو کات (١٩٩٢) گوتم، ئەوەبوو کە یەکێک لە کێشەکانی دێموکراسیی مودێڕن ئەوەیە کە ئاشتی و کامەرانی دابین دەکا بەڵام خەڵک شتێکی لەمە زیاتریان دەوێ. دێموکراسییە لیبڕالییەکان تەنانەت هەوڵ نادەن پێناسەیەک بۆ ژیانێکی باش بخەنە ڕوو. قورسایی ئەم ئەرکە کەوتۆتە سەر شانی کەسانێک کە هەست بە نامۆبوون لە گەڵ خۆیان و بێئامانجی دەکەن و هەر لەبەر ئەوەشە کە پەیوەستبوونیان بە گرووپە شوناسخوازەکان، هەستی کۆمەڵ بوونیان دەداتێ." ڕووداوەکانی چەند دەیەی ڕابردوو تەنانەت لە نێو لێکۆڵەرە ڕاستەکان (سەر بەدەست ڕاستییەکان) بۆتە هۆی ڕەتکردنەوەی هەتاهەتایی بوونی لیبڕال_دێموکراسیی و بەشێکی زۆریان پێیان وایە لیبڕال_دێموکراسی لە سەروبەندی هەرەسهێنان و لەنێوچوون دایە. لایەنگرانی سەرمایەداری پێشبینییان دەکرد، سەرکەوتنی لیبڕالیزم دەبێتە هۆی مسۆگەر کردنی ئاشتی و سەرکەوتن لە داهاتوودا. ئابووریناسەکان باسیان لە قازانجی ئاشتی دەکرد و پێیان وابوو پاش تەواوبوونی شەڕی سارد لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤییەتی، دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان دەتوانن بودجەیەکی زۆر بۆ دروستکردنی قوتابخانە، نەخۆشخانە، ماڵ و تەواوی پێداویستییەکانی دیکەی ژیانێکی ئەمڕۆیی تەرخان بکەن و، لەم ڕەوتەدا زەوییە شۆرەکاتەکان دەژێنەوە، ڕادەی بەرهەمهێنان بەرز دەبێتەوە و مرۆڤ لێرە بەدواوە هەتا کۆتایی ژیانی، بەختەوەرانە دەژی. هەرچەند ٢٦ ساڵ لە ژیانی پیاو یان ژنێکدا ماوەیەکی زۆرە، بەڵام لە پێوەری مێژوودا تەنیا کاتێکی تیژتێپەڕە. وەک دەبینین لەم ماوە کورتەی مێژوودا، هەموو شتێک گۆڕاوە و بەو چەشنەی هێگڵ پێشبینیی کردبوو، هەموو شتێک بووە بە دژی خۆی و، ئەمڕۆ ئیتر پێشبینییە گەنیوەکانی ئەو کاتی نیولیبڕالەکان داریان لەسەر بەردیان نەماوە. فۆکۆیاما لە وڵامی پرسیارێکدا لەمەڕ سەرلەنوێ بووژانەوەی چەپی سۆسیالیستی لە ئەمریکا و ئینگلستان دەڵێ: "هەموو شتێک پێوەندی بەوە هەیە کە مەبەستی ئێوە لە سۆسیالیزم چ بێ؟ پێم وانییە خاوەنداریەتی ئامرازی بەرهەمهێنان بێجگە لە بوارگەلێکی وەکوو خزمەتگوزاریی گشتیدا، بمێنێ، بەڵام ئەگەر مەبەستتان بەرنامەکانی سەرلەنوێ دابەشکردنەوە لە پێناوی قەرەبوو کردنەوەی لاسەنگیی گەورە لە داهات و سەروەتدا بێ، بەڵێ، پێم وایە سوسیاڵیزم نەک تەنیا دەتوانێ، بەڵکوو دەبێ بگەڕێتەوە." بە باوەڕی فۆکۆیاما ئاکامی ئەو سەردەمە درێژخایەنەی لەگەڵ هاتنی ڕیگان و تاچێر دەستی پێکرد لەگەڵ سەرجەمی ئەو ئایدیا تایبەتییانەی سەبارەت بە قازانجەکانی بازاڕی ڕێکوپێککراو سەریان هەڵدا، لە زۆربەی بوارەکاندا کارەسات خوڵقێن بووە".(23) پاش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کرێکاری لە سەدەی هەژدەی زایینی و بە تایبەتی شۆڕشی کۆمۆنی پاریس لە مارسی ١٨٧١، هەروەها دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ لە ڕووسیەی تزاری و بە دەسەڵاتگەیشتنی باڵشویکەکان، چەمکی دێموکراسیی سۆسیالیستی وەکوو بەدیلێک بەرامبەر بە دێموکراسیی بۆرژوایی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن خۆی دەنواند. لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکان دێموکراسیی سۆسیالیستی بریتییە لە دیکتاتۆریی پرۆلتاریا، واتە دێموکراسی بۆ زۆرینەی خەڵک و ئامادەکردنی بارودۆخی پێویست بۆ حکوومەتی ڕاستەقینەی خەڵک بەسەر خەڵکدا و بەڕێوەبردنی دێموکراسی بە چەشنێکی بەرفراوان لە قازانج و بەرژوەندیی خەڵکدا. بەم پێیە دێموکراتیکترین شکڵی کۆماری بۆرژوازی شتێک نییە جگە لە دیکتاتۆریی کەمینەی چەوسێنەر بەسەر زۆرینەی زەحمەتکێش و هەژاردا. دەوڵەتی بۆرژوازی هەرچەند دێموکراتیکیش بێ، دیسان شایانی ڕووخاندنە و "دەوڵەتی سۆسیالیستی، چەشنی هەرەکامڵی دێموکراسییە".(24) نێوەرۆکی دێموکراسیی سۆسیالیستی بەپێی نووسراوەکانی مارکس لە بارەی کۆمۆنی پاریس بریتییە لە لەنێوبردنی دەوڵەتی بۆرژوازی، دەزگای بۆرۆکراتیک و سەرکوتکەر، ڕێکخراوە سەرەڕۆ و ستەمگەرەکان، هەروەها گۆڕانی ئەوان، بە چەشنە دەسەڵاتێکی نوێ کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ویستی خەڵکی زەحمەتکێش و نوێنەری ڕەوتە جۆراوجۆرە سیاسییەکان واتە ژاکوبێنەکان، بلانکیستەکان، پرۆدۆنیستەکان و گرووپە جۆراوجۆرە سیاسییەکان بێ.(25) ئەنگڵس لە پێشەکی بۆ کتێبی"شەڕی نێوخۆیی لە فەڕانسە - مارکس" لە پێوەندی لەگەڵ حکوومەتی ٧٢ ڕۆژەی کۆمۆنی پاریسدا "هەڵبژاردنی تەواوی کاربەدەستانی دەزگا ئیداری، دادوەری و پەروەردەییەکان بەپێی دەنگی گشتی و وەرگرتنەوەی ئەم بەرپرسایەتیانە لە هەر کاتێکی دڵخوازدا، بە یەکێک لە دوو ئامرازی کارامەی دەوڵەتی کۆمۆن پاریس بۆ پێشگیری لە گۆڕانی دەوڵەت و ئەندامەکانی لە خزمەتگوزارییەوە بە خوداکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا"(26) پێناسە دەکا و ڕوو بەو سۆسیال دێموکراتانەی کە بە بیستنی وشەی دیکتاتۆریی پرۆلتاریا تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبن دەڵێ: "ئەگەر بەڕێزان پێیان خۆشە بزانن ئەم دیکتاتۆرییە چییە؟ باشترە سەیرێکی کۆمۆنی پاریس بکەن، ئەو کات دەبینن کە ئەمە هەمان دیکتاتۆریی پرۆلتاریایە". دیکتاتۆریی پرۆلتاریا لە ڕوانگەی مارکس و ئەنگڵسەوە بە مانای دەستەڵاتداریی سیاسیی چینی کرێکار واتە دێموکراسیی ڕاستەقینەیە. بە گشتیی بە باوەڕی مارکس و ئەنگڵس و لێنین دێموکراسیی ڕاستەقینە واتە ئازادی و بەرابەری، تەنیا پاش لەنێو بردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی و لە ڕێگای شۆڕا یان دێموکراسیی کرێکارییەوە مسۆگەر دەبێ. لەم ڕەوتەدا ئەرکی دەوڵەتی کرێکاری، تێکشکاندنی خۆڕاگریی سەرمایەدارەکان و خاوەن زەوییەکان، هەروەها پیلانی دوژمنە دەرەکی و نێوخۆییەکانە. بە باوەڕی لێنین "دیکتاتۆریی پرۆلتاریا لێبڕاوترین و کۆڵنەدەرترین خەباتی چینی نوێ دژ بە دوژمنێکی بەهێزتر واتە بۆرژوازی و(27) " خەباتێکی سەخت، خوێناوی و بێ خوێنڕێژی، تێکەڵ بە توندوتیژی یان ئاشتیخوازانە، نیزامی و ئابووری، هەروەها ڕاهێنەرانە و بەڕێوەبەرانە دژ بە هێز و داب و نەریتەکانی کۆمەڵگەی کۆنە." مارکس گوتەنی ئەم دیکتاتۆرییە تێپەڕینێکە بۆ لەنێوچوونی چینەکان و گەیشتن بەکۆمەڵگەیەکی بێ چین.(28) بەڕێوەبردنی دیکتاتۆریی پرۆلتاریا بۆ ماوەی پتر لە ٧ دەیە لە یەکیەتیی سۆڤییەتی و پتر لە ٤ دەیە لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپا، بە هۆی نەبوونی پلۆرالیزمی سیاسی و میکانیزمێک بۆ پاراستنی مافی کەمینە، پێشێلکردنی دێموکراسی و خنکاندنی دەنگی ئازاد و بیروهزری جیاواز، ڕووخانی سۆسیالیزمی بەڕاستیی ئارایی لێ کەوتەوە. "زۆربەی ئەم وڵاتانە تێکۆشاون تا لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە دیکتاتۆریی پرۆلتاریا دابین بکەن. ئەم ڕەوتە بە تایبەت بە هۆی تێڕوانینی ڕێبەرانی کۆمۆنیست لە دیکتاتۆریی پرۆلتاریا، نەک هەر لە توندوتیژی و کوشتن و گرتنی نەیارانی سۆسیالیزم بە دوور نەبووە بەڵکوو خودی کۆمۆنیستەکانیشی نەبواردوە. تێرۆری سوور لە سەردەمی لێنین، کوشتاری بەکۆمەڵ لە سەردەمی ستالین، سەرکوتکردنی بیرجیاوازن و تەنانەت کۆمۆنیستان لە شۆڕشی فەرهەنگیی چین، کۆمەڵکوژی لە کامبۆچیا بە ڕێبەریی پۆلپۆت و هتد، نموونەگەلێک لە شێوەی دابینکردنی دەسەڵاتی کرێکاری بوون و ئەمانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە سۆسیالیزم بەبێ دێموکراسیی ڕاستەقینە، بەبێ ئازادیی بیروڕای جیاواز، بەبێ هاوبەشیی خەڵک و کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتداران لە خوارەوە و لە ڕێگای یەکیەتی و شۆڕاکانەوە ئاکامێکی باشتری نابێ. لە لایەکی دیکەشەوە کاتێک بەرنامەدانان لە چەشنی ئابووریی دێموکراتیکی بەشداریکەرانە نەبێ و ژیانی ئابووریی ئینسان واتە بەرهەمهێنان، بەشینەوە (دابەشکردن) و بەکارهێنان و هتد لە ڕێگای ئیرادەی سەربەخۆی مرۆڤەکانەوە ڕێکوپێک نەکرێ، ئەم کۆمەڵگەیە ئاکامێکی باشتر لە سۆڤیەتی ڕابردووی نابێ. بەپێی وتەکانی مارکس، لە ئابووریی سۆسیالیستیدا بەرنامە دانان دەبێ لە ڕێگای بەشدارکردن و ئاوەزمەندیی کۆیی مرۆڤەکان و ڕەوتی بەرهەمهێنان لەژێر کۆنتڕۆڵی هاوبەشدا بێ. سۆسیالیزم کاتێک مانای دەبێ کە خەڵکی کۆنتڕۆڵیان لەسەر ژیانی خۆیان هەبێ و بتوانن بە شێوەیەکی ئاگایانە بڕیار لەسەر شێوەی ژیان و بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگە بدەن."(29)

سەرچاوەکان:

1) http://www.bbc.com/persian/iran-46602255 2) عفو بین‌الملل: ۲۰۱۸ سال شرم برای ایران در تاریخ، https://womww.dw.c/fa-ir/عفو-بین‌الملل-۲۰۱۸-سال-شرم-برای-ایران-در-تاریخ/a-47210856 3) ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، "کوردستان" ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ژمارەی ٧٤٧، لاپەڕەی ٤، ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٨، ٤ی ئاوریلی ٢٠١٩ 4) Bertelsmann SE & Co. KgaA 5) https://www.radiozamaneh.com/387527 6) https://fa.euronews.com/2018/02/01/economist-intelligence-unit-published-the-democracy-index-2017-iran-afghanistan-low-place 7) https://www.radiozamaneh.com/425018 8) Demos 9) Kratos 10) Virtue 11) فردریک انگلس، منشاء خانوادە، مالکیت خصوصی و دولت، ترجمە مسعود احمدزادە، ص ١٦٦، اسفندماە ١٣٥٠ 12) تیروپشکی 13) Sachem 14) فردریک انگلس، منشاء خانوادە، مالکیت خصوصی و دولت، ترجمە مسعود احمدزادە، ص ١٢٥، اسفندماە ١٣٥٠ 15) سەرچاوەی سەرێ، لاپەڕەی ١٣٠ 16) ا. طبری، دمکراسی و سیر تاریخی آن، نوشتەهای فلسفی و اجتماعی، جلد دوم، انتشارات حزب تودە ایران ١٣٨٦، صص ٢٠١- ١٩٢ 17) Robert Nozik 18) Friedrich Von Hayek 19) Milton Friedman 20) David Korten 21) خسرو صادقی بروجنی، نولیبرال‌ها دروغ می‌گویند؛ نولیبرالیسم و دموکراسی. http://www.khosrosadeghy.com/?p=153 22) New Statesman 23) اَلن وودز،نگرش جديد فوکوياما: «سوسياليسم بايد بازگردد»ترجمه‌ی نيکزاد زنگنه" اخبار روز: www.akhbar-rooz.com سه‌شنبه ۲۷ آذر ۱٣۹۷ - ۱٨ دسامبر ۲۰۱٨ 24) و ای. لنین، دولت و انقلاب، ترجمە محمد پورهرمزان و علی بیات، چاپ سوم، ١٣٨٧، انتشارات حزب تودە ایران، ص ٢٤ 25) میشل لووی، انسان‌گرایی مارکسیستی و دموکراسی سوسیالیستی، ترجمەی آرمان پایدار، دسامبر ٢٠١٨ 26) مارکس، جنگ داخلی در فرانسە، ١٨٧١، مقدمە فردریش انگلس بر چاپ آلمانی ١٨٩١، ص ٤٥، ترجمە باقر پرهام، نشر مرکز، چاپ اول ١٣٨٠ 27) لنين، بيماری کودکی"چپ‌گرايی" در کمونيسم، ترجمه محمد پورهرمزان، ص ١٤چاپ ششم ١٣٨٧، انتشارات حزب تودە ايران 28) نامەی مارکس بە ويدمير مارسی ١٨٥٢، در بارە ديکتاتوری پرولتاريا، مارکس، انگلس و لنين. منبع روزنامە ژن‌مين ژيبائو، ٢٢ فوريەی ١٩٧٥، و مجلەی خون‌چی شمارە ٣ سال ١٩٧٥، انتشارات سازمان چريکهای فدائی خلق ايران 29) کامران ئەمین‌ئاوە، گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم، بەشی ٧ هەڵسەنگاندنی سۆسیالیزم، "کوردستان" ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ژمارەی ٧٤٧، لاپەرەی ٩، ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٨، ٤ی ئاوریلی ٢٠١٩