کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرکی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری شەڕ یا وتووێژدا

23:20 - 17 جۆزەردان 2719

بەردەوامیی هەڕەشەکانی ئەمریکا و درێژەی تەحریمەکان و فشاری دیپلۆماسیی زیاتر بۆ سەر ئێران، هەتا ئیستاش تۆپی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی لە مەیدانی ئێراندا ڕاگرتوە. بەمجۆرە کۆماری ئیسلامی لە سەر دووڕێیانی شەڕ یا وتووێژدا ماوەتەوە و چاوەڕوانی هەر گۆڕانکارییەکە لە ئەمریکا یا لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کە لەو دۆخە ڕزگاری بکا. گۆڕانکارییەکانی مانگەکانی ڕابردوو بۆ کۆماری ئیسلامی دڵخۆشکەر نەبوون. ئەگەرچی دۆناڵد تڕامپ لە ژێستێکی دیپلۆماسیدا نەرمییەکی بەرامبەر بە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی نواند، بەڵام سیاسەتی کۆشکی سپی بۆ بەکارهێنانی هەرچی زیاتری فشار بۆ سەر ئێران لە قسە و کارەکانی وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتوە. هەرچەند ئەمە وەک جیاوازیی بۆچوونی ئەوان لەگەڵ سەرۆککۆمار باس دەکرێ، بەڵام دەکرێ تاکتیکێک بێ لە سیاسەتی ئاشکرایاندا. هەوڵەکانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ ڕازیکردنی هاوبەشە ئورووپاییەکانیان بۆ فشار خستنەسەر ئێران، چەند کۆبوونەوەی ڕێبەرانی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە عەرەبستانی سعوودی و داواکارییان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ فشارخستنە سەر ئێران بو کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە دەستێوەردان و بڵاوکردنەوەی نائەمنی لە وڵاتانی ناوچە و زۆر هەنگاوی دیکە کۆماری ئیسلامی ئێرانی تووشی تەنگەژەیەکی زۆر گەورە کردۆتەوە. لەو لاشەوە کۆماری ئیسلامی بۆ خۆدەربازکردن لەو هەلومەرجە سەختەی تووشی هاتوە لە پاڵ هەڕەشەی بەرەنگاربوونەوە، لە هەموو دەرگەیەک دەدا هەتا جارێ لە ئاگری شەڕ بەدوور بێ. ئەوەی دیارە ڕەنگبێ شەڕ بژاردەیەک بێ و هەر سەرشێتییەک بتوانێ ئاگرەکەی هەڵایسێنێ بەڵام هەتا ئێستاش نەبووەتە تەنیا بژاردەی بەردەم هەر دوو لای کێشەکە. جگە لە شەڕ کە نیگەرانییەکی زۆری لای دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندەکانیان لە ناوچەدا دروست کردوە، وتووێژ باسی سەرەکی بە یەک گەیشتنی ئەم دوو جەمسەرەی کێشەکەیە. کارێک کە لەگەڵ نەرمی نواندنەکانی ئەم چەند ڕۆژەی بەرپرسانی ئەمریکا، بە هۆی قسە دژ بە یەکەکانی دەمڕاستەکانی ڕێژیمی ئێران، هەموو لایەکی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە بە هۆی پێبەندنەبوونی کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنەکانی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی جیهانی و بەردەوامی لە پەرەپێدانی پیشەسازی نیزامی و پاڵپشتی گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵات و وڵاتانی دووردەست و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە و نائەمن کردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ملنەدانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە داواکاری و چاوەڕوانی وڵاتانی دیکە کەمێک ئەستەمە. لەگەڵ ئەوەش زیادبوونی فشارەکانی سەر ئێران بە تایبەت بە هۆی تەحریمەکانی ئەمریکا لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە، هیوایەکی بۆ سەربەردانەوەی کۆماری ئیسلامی و قبووڵ کردنی هەلومەرجی پێکهێنانی وتووێژ هێشتۆتەوە. هەرچۆنێک بێ قۆناغی شەڕ یا ئاشتی لەنێوان سیاسەتی ئەم دوولایەنە و هاتنە نێو کایەی وڵاتانی دۆست و هاوپیمانی هەردوولا بە لایەکدا دەکەوێ. قۆناغێک کە ئەگەر بەرەو هەڵایسانی شەڕ بڕوا خەڵک دەبێتە سووتمانی کاولکارییەکانی و ئەگەر نا دەتوانێ بەبێ بەشداری خەڵکی زوڵم لێکراوی ئێران و بە بێ لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان تێپەڕێندرێ. لێرەدا ئەوەی گرینگە ئەوە نییە کە داخۆ کۆماری ئیسلامی چۆن دەتوانی دیسانیش دنیا فریو بدا و بە قبووڵکردنی ڕێککەوتنێکی داسەپێندراوی دیکەی وەک بەرجام هەلومەرجی درێژەپێدانی تەمەنی پڕ لە جینایەتی خۆی بە دەست بێنێتەوە، بەڵکوو خەڵک و چارەنووسی ئەوان لە نێو مامڵەیەکی ئاوا گەورەی نێودەوڵەتیدایە کە دەبێ گرینگیی پێ بدرێ. خەڵکێک کە چل ساڵە بە هەموو شێوەیەک لەلایەن ڕێژیمێکەوە دەچەوسێندرێتەوە کە تەنانەت خەڵکی ناوچە و دنیایشی وە زاڵە هێناوە. لە هەموو ساڵانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا سەرەڕای گوینەدان بە داواکارییەکانی خەڵک و بێبەشکردنیان لە هەرچەشنە مافێکی ئینسانی و سەرکوتی بێبەزەییانەی ئازادیخوازان و گەلانی بندەست لە ئێراندا، ڕۆژبەڕۆژ ناڕەزایەتیی لە دژی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە پەرەی سەندوە و بە بەردەوامی ڕووبەڕووی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بۆتەوە. خەڵکی ئێران هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبوون لە دەرەوەڕا لە جیاتی ئەوان دژایەتیی حکوومەت بکرێ، بۆ خۆیان و بەدەستی بەتاڵ بەڵام بە وزە و ئیرادەی بەهێزەوە لە مەیدانی جۆراوجۆردا ڕێژیمیان بە چالش کێشاوە و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان گەیاندۆتە گوێی هەموو جیهان. ئەو ڕاستییەی کە تەنیا خەڵکی ئێرانە کە دەتوانێ بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدا و ئەوانن کە دەیانەوێ و دەتوانن کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکارییەکان بە قازانجی داهاتوویان هەبێ هەر لە جێی خۆیەتی. هەرچەند پاڵپشتی و هاوخەمیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئیستا بە تەواوی ڕاستییەکانی شێوەی دەسەڵاتداری و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ دەرکەوتوە دەتوانی یارمەتیدەر بێ بۆ گۆڕانکارییەکان بە قازانجی خەڵک و ناوچە. لێرەدایە کە ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی وەک هۆکاریی پێوەندی نێوان خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو وڵاتانەی کە کاریگەرییان لەسەر شێوەی گۆڕانکارییەکان لە ئێراندا هەیە، ئەرکەکانی بەرجەستە دەبنەوە و چاوەڕوانیی خەڵک لە هەوڵدان بۆ ڕێکخستن و بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانییە بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکان زیاتر دەبێ. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەم هەلومەرجەدا بە دوور لە چۆنیەتیی ڕوانینی تاک لایەنە و بیرکردنەوەیان لە گەیشتن بە دەسەڵات، بۆ ئەوەی پشتیوانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بەدەست بێنن دەبێ هەوڵ بدەن لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپی گشتی و پێش هەموو شتێک ماف و ئازادییەکانی هەموو دانیشتووانی ئێران بە کەمینە نەتەوەییەکانیشەوە ساغ ببنەوە و بە پێی بەرنامەیەکی تەوافوقی پێشوەخت هەنگاوی یەکگرتووانەیان بکەنە هەوێنی یەکبوونیان بۆ ڕووبەڕووبوونەیەکی گشتی لە دژی کۆماری ئیسلامی. هەروەها لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە ژێر فشاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئۆپۆزیسیۆن دەبێ هەوڵ بدا لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا دنیا بێنێتە سەر خەت کە بە دوور لە شەڕ و لە ئەگەری هەر مامڵەیەک کە یارمەتی بە درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتداری کاربەدەستانی ئیستای ئێران بدا، نە تەنیا خزمەت بە خەڵکی ئیران ناکەن بەڵکوو فرسەت پێدانێکی دیکەیە بە زیندووبوونەوەی ڕێژیمێکی لاواز و بەرەو لە نێوچوو کە لە داهاتوودا هەمان سیاسەتی تێرۆریست پەروەری و نائەمن کردنی ناوچە و جیهان بگرێتەوە بەر. لەو نێوەدا حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەرکی گرینگیان لە بەر دەستە. بێگومان یەکبوون و یەکڕیزی ئەوان و گرینگیدان بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی لە مێژینەی خەڵکی کوردستان کە دابینکردنی مافی نەتەوەییانە دەتوانێ یارمەتیدەربێ بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە تایبەتە لە خەباتمان.